Title |
عێراق لە مانگی سپتێمبەری ساڵی داهاتوودا بەشێک لە ٣٦ فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦ وەردەگرێت
8/21/2012 12:00:00 AM کوردستانپۆست ئینفۆ:چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی ئێرانی بڵاویانکردەوە کە لە سەفەرەکەی جەنراڵ مارتین دمپێسی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا بۆ عێراق، بەڵێنی ئەوەی بە نوری مالیکیداوە کە لەمانگی سپتەمبەری ساڵی داهاتوودا بەشێک لە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ئێف ١٦ تەسلیم بە عێراق بکات. ساڵی ڕابردوو حکومەتی عێراق مامەڵەیەکی ١٢ ملیار دۆلاری لەگەڵ ئەمریکادا ئیمزاکردووە و بڕیارە ٣٦ فڕۆکەی جۆری ئێف ١٦ تا ساڵی ٢٠١٤ تەسلیم بە عێراق بکات، بەڵام ئەمڕۆ سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران، ئەوەیان لە زمانی بەرپرسێکی ناونەهێنراوی ئەمریکی بڵاوکردەوە کە لەسەردانەکەی جەنراڵ دمپێسیدا بۆ عێراق، بەڵێنی ئەوەیداوە کە لە مانگی سپتەمبەری ساڵی داهاتوودا بەشێک لەو فڕۆکانە تەسلیم بە حکومەتی بەغدا بکرێت. شایانی ئاماژە پێکردنە کە هیچ سەرچاوەیەکی هەواڵی جیهانی ئەو هەواڵەی میدیاکانی ئێرانیان پشتڕاستنەکردۆتەوە. |