8/27/2012 12:00:00 AM
سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان:ھەرچەندە سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان لە پێش ڕاپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی و خۆرھەلاتی ناوەڕاست لەتەك ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان و گروپ و تاكە ئەناركیستەكانی ئەو وڵاتانەدا بەردەوام لە پەیوەندی و ھاوپشتی نێونەتەوەیی توندوتۊڵدا بووە و لە ئێستاشدا ئەو پەیوەندییە بە ئاستێكی خوازراو و پڕبایەخ گەیشتووە. ھاوكاتیش نووسەرانی سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان چ ناڕاستەوخۆ بە نووسین و چ ڕاستەوخۆ بە بەشداریكردن لە خۆپیشاندان و كۆڕەكانی ئەوروپادا دژە بە دیكتاتۆرەكان و پشتیوانی لە ئازادیخوازانی ئەو وڵاتانە، بەشدارییان ھەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی كە ڕاپەڕینەكان بە ئاقارێكی دیكەدا شكانەوە و بەدەستتێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەكە و زلھێزە جیھانییەكان، ئاقاری كۆمەڵایەتی ڕاپەڕینەكان بەرەو ئاقاری سەربازی و كورتكردنەوەی داخوازییەكانی خەڵك لە ھەڵبژاردنی پارلەمانی كراوە، برا، ھەر بۆیە لێرەدا وەك تەواوكاریی پشتیوانی و ئەركی نێونەتەوەییمان دێیینەوە سەر ھەمان بابەت و درێژە بە بۆچوونەكانمان دەدەینەوە و فراوانكردنی قسەوباس لەو بارەوە بەپێویست دەزانین..
*****
ئێمه هه‌میشه لەو باوه‌ڕەدا بووین، که قه‌یرانه‌کانی سه‌رمایه‌داری ڕۆژ به ڕۆژ له قوڵبونه‌وه‌دان و ڕامیاریی لیبراڵ چ له شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه و چ له شێوەی ڕێكخستننی ئابوری‌دا، شکستی هێناوه و چیدیكە ناتوانێت بره‌و به ته‌مه‌ندرێژی خۆی بدات و بەر قوڵبوونه‌وه‌ی ناکۆکییه چینایه‌تییه‌کان و برسیکردن و بێكارکردنی ژماره‌یه‌کی زۆری خه‌ڵکی که له گه‌لێک شوێنی ئه‌م جیهانه‌دا [ھەر بەپێی دانپێدانانی سه‌رۆکی بانكی جیهانی ، Jim Young Kim كە له دیمانه‌یه‌کیدا لەتەك ڕۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانی له ته‌موزی 2012 ، وتی "ئه‌مڕۆكە له جیهاندا 1.3 ملیارد له دانیشتوانه‌که‌ی داهاتی ڕۆژانه‌یان ته‌نها 1.25 دۆلاری ئه‌مه‌ریکییه."] بگرێت، چونكە بوونی سیستەمەكە بەخۆی ئافەرێنەرییەتی.
هه‌ر به ته‌نها له وڵاتێکی نه‌وتداری ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌کو نایجیریا له %70 دانیشتوانەكەی داهاتی ڕۆژانه‌یان له 2 دۆلاری ئه‌مه‌ریکی تێپه‌ڕناکات، ئەمە له کاتێکدا كە ڕۆژانه 2 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت ده‌رده‌هێنێت. زۆرربه‌ی زۆری وڵاتانی ئه‌فه‌ریكی و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاسیای ناوه‌ڕاست خوارووی خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا، دانیشتوانیان له خواردنه‌وه‌ی ئاوی پاکژ بێبه‌شن و به‌هۆی ئه‌مه و نه‌بوونی خواردنی بەكەڵك و که‌می خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و کێشه‌ی چاره‌سه‌رکردنیان و جه‌نگی نێوخۆیی له هه‌ندێکیاندا، دووچاری نه‌خۆشی کوشنده ده‌بن و بڕی ته‌مه‌ندرێژی ته‌مه‌نیان به به‌راورد لەتەك وڵاتانی خۆرئاوا و ئه‌مریکا و ئوسترالیا و که‌نه‌دا، زۆر لە خوارەوەیە. له‌ولاشه‌وه گیروگرفتی ده‌ستبه‌ڕانه‌گه‌یشتنی کاره‌با له‌لایه‌ن ھەژمارێکی زۆری دانیشتوانی ئه‌و وڵاتانه‌ی که لەسەرەوە ناویان ھاتووە، گیروگرفتێکی گه‌وره‌ی چاره‌سه‌رنه‌کراوه. بۆ نموونه وڵاتی باشووری ئه‌فه‌ریكا گه‌رچی له‌ساڵی 1994وه سیستمی ئاپارتاید (ھەڵاوێریی مرۆڤەكان لەسەر بنەمای ڕەنگی پێست)یان هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه ، که‌چی له %25 دانیشتوانه‌که‌ی لە بوونی کاره‌با بەھرەمەند نین، ئه‌مه بێ له‌وه‌ی له هه‌ندێك ڕووی دیكەشه‌وه ژیانیان له‌بری به‌ره‌و باشتربوون، به‌ره‌وخراپتر ڕۆیشتووه. له (هیندستان)یش که له ڕووی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه، له دوای چین، دووه‌م وڵاتی جیهانه، وڵاتێکه لە بواری ئابووریدا له پێشبڕكێی خۆسەپادنی ده‌سه‌ڵاتی جیهانیدایە و له پاش ئه‌مه‌ریکا و یابان و چین و ڕوسیا، پێنجه‌م ده‌وڵه‌ته له به‌رهه‌مهێنانی کاره‌بادا، که‌چی 289 ملیۆن که‌س که به‌ڕێژه‌ی سه‌دی ده‌کاته له %25ی دانیشتوانه‌که‌ی تا ساڵی 2011، به‌پێی ڕاپۆرتی حکومه‌ته‌که‌ی خۆیان ده‌ستیان به کاره‌با ڕانه‌گه‌یشتووه و ئه‌م ڕێژه‌یه له لادێکاندا ده‌گاته %33.
ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌موویان ڕاستی حاشاهه‌ڵنه‌گرن و ئێستا ئه‌و که‌لێنه‌ی نێوان ئێمه (بەرھەمھێنەران و ژێردەستان) و ئه‌وان (سەرمایەداران و دەسەلاتداران) فراوانتر بووه و لەچاو جاران باشتر ده‌رکه‌وتووه و که له %1 خه‌ڵکانێك که توێژاڵه هه‌رە باڵاده‌سته‌که‌ی ناو کۆمه‌ڵگه‌ن کۆنترۆڵی ژیانی له %99 که‌ی دیكەی كۆمەڵگەیان کردووه.
کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی له‌سایەی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری؛ سیسته‌می برسێتی، بێ‌کاری جه‌نگ، نایه‌کسانی و نادادپه‌روه‌رێتی کۆمه‌ڵایه‌تییدا، په‌ڵه هه‌وری ڕه‌شی نه‌گریسی خۆی، به جۆرێک تارمایی شومی به‌سه‌ر جیهاندا شۆڕکردۆته‌وه، که ته‌نانه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی که سەردەمانێك بوو خه‌ڵکی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان خه‌ویان به ژیانیانه‌وه ده‌بینی، وه‌کو کۆمهڵگهكانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و که‌نه‌دا و یابان و ئۆسترالیا و هتد، له سه‌ره‌تای ڕوودانی ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستاوه که له له ساڵی 2008وه ده‌ستیپێکردووه، ورده ورده باری ژیانی یا ستانده‌ری ژیانی خه‌ڵکه‌کانیان ڕۆژ به‌ڕۆژ له هاتنه‌خواره‌وه‌دایه و ئاماره‌کان نیشانیده‌ده‌ن، که له هه‌ندێك لەو وڵاتانەدا لهوانەیە جیاوازییه‌کی ئەوتۆ له‌نێوان ئه‌م کۆمه‌لگه‌یانەی که جێی خه‌ون و خه‌یاڵی كۆچەران بوون و كۆمەڵگەگەلێك كە لێوەی ھاتوون، نه‌مابێته‌وه
ڕوداوه‌کانی ئه‌م دواییه و گۆڕانکارییه‌کان که له بەڕێوەبەرایەتی ده‌وڵه‌ته‌کاندا کراون و به‌رده‌وامن، گه‌لێك ڕاستیان ئاشکرا کرد، له‌وانه: قه‌یرانه‌کان له قوڵبوونه‌وە‌ی زیاتردان وه‌ك له‌وه‌ی له ڕه‌وینه‌وه‌دا بن، پارته‌کان به‌هه‌موو چه‌شنه‌کانیانه‌وه له چه‌په‌وه بۆ ڕاست و بۆ سۆشیال دیمۆکرات و بۆ سۆشیالیست و کۆمۆنیست، چ له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و چ له ده‌سه‌ڵاتدا بن، ئامانجیان چارەسەری بنەڕەتی و كۆمەڵایەتییانەی ئه‌و کێشانە نییە، که ھەنووكە مرۆڤایەتی لەتەكیاندا ڕووبەڕووە، هه‌ر بۆیه ڕۆژ به ڕۆژ له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه متمانه‌یان لێ ده‌سه‌نرێته‌وه و په‌راوێز ده‌خرێن، توێژ و چینە نارازییەكانی خه‌ڵکی، خەریكن خۆیان ڕێكده‌خه‌ن و بزوتنه‌وه‌ی كۆمەڵایەتی (ناڕامیاریی) و جیا له پارتەكان، دروست ده‌که‌ن.
لای زۆرێكمان ئاشكرایە، كە سه‌رجه‌می گۆڕانە ڕواڵەتییەکان له ناو بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگەكاندا که له سنوور و نێوانی تاكەكاندا کراوون، هه‌روه‌ها له هاتن و ڕۆیشتنی پارتەکاندا، سه‌باره‌ت به‌گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، شکستیان هێنا. هه‌ر ئه‌م شکستانه بوونه زاده‌ی دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی، بزوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری، بزوتنه‌وه‌یه‌ك که خه‌ڵکانی ده‌سته‌بژێر (نوخبه) و سه‌رکرده و ڕۆشنبیری لیبراڵی که‌نار خستووه و متمانه‌ی ته‌واوی بۆ دیمۆکراتی ڕاسته‌وخۆ گێڕاوه‌ته‌وه و چه‌قی کارکردنیشی چالاکییه ڕاسته‌وخۆیه‌کانن.
له‌ولاشه‌وه، قه‌یرانه‌کان، ئه‌وه‌یان سه‌لماند، که یه‌کێتی ئه‌وروپا و سیسته‌می یه‌کدراوی یورۆ ڕۆژ به ڕؤژ له هه‌ره‌سهێنان نزیك ده‌بێته‌وه و بووه‌ته هۆی لاوازبوونی نرخ و به‌های سه‌رجه‌می دراوه سه‌ره‌کییه‌کانی دیكەی جیهان و سستکردنی زیاتری گەشە و پەرسەندنی ئابووری جیهانی. لە درێژەیدا قه‌یرانه‌که گه‌یشتۆته ناو جه‌رگه‌ی ئه‌ڵمانیا، که له ڕوی ئابوورییه‌وه به‌هێزترین وڵاتی ئه‌وروپییه. ئیتالیا و ئیساپانیا و یۆنان و پورتوگال له‌بری خۆگرتنەوەیان، که‌چی بەرەو شكستی زیاتر دەڕۆن. بریتانیا به‌پێی قسه‌ی سه‌رۆ‌ك‌شالیاره‌که‌ی دایڤید کامیرۆن، ئه‌م قه‌یرانه تا ساڵی 2020 له وڵاته‌که‌یدا، هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام ئابووریناسه‌کان و ده‌سگه ئابوورییه‌کانی نێوخۆی بریتانی ھەنووكە به ئاشکرا ده‌ڵێن : له ڕاستیدا له‌وه ناکات، که بریتانیا هه‌رگیز له‌م قه‌یرانه ڕزگاری ببێت، چونکه ئه‌وان ئه‌وه ده‌زانن، که بریتانیا له‌ڕووی خراپی باری ئابوورییه‌وە، له ئاستی ئه‌وروپادا ته‌نها ئیرله‌نده و ئایسله‌ند، له دوای ئه‌مه‌وه‌ن. ئابووریناسه‌کان و ڕامیارەکان، پارساڵ ئاوایان پێشبینی ده‌کرد، که ئابووری بریتانیا به به‌راورد لەتەك داهاتی نه‌ته‌وه‌ییدا، به‌ڕێژه‌ی له %1.8 تا له %2 له ساڵی 2012دا په‌ره ده‌سێنێت. له سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵدا هه‌ر هه‌مان کۆمه‌ڵ لە ئابووریناان وتیان : ئه‌و هه‌ڵسه‌نگه‌ندنانه‌ی ساڵی ڕابوردوو ڕاست نین و ڕێژه‌ی گەشە و پەرەسەندنی ئابووری بریتانیا ته‌نها له %0.8 ده‌بێت. که‌چی له سه‌ره‌تای مانگی ئۆگه‌ستدا سه‌رۆکی بانكی ناوه‌ندی بریتانی له دیمانه‌یه‌کی ته‌له‌فزوێنیدا هه‌موو ئه‌و پێشبینیانه‌ی که کرابوون ، ڕەتكردەوە و وتی ڕێژه‌ی گەشە و پەرەسەندنی ئابووری بریتانی له %0 ده‌بێت، واته (سفر). ھەورەھا که‌لێنی جیاوازی نێوان ھەناردە (ناردنه ده‌ره‌وه) و ھاوردە (هێنانه‌ناوه‌وە)ی کاڵا و پێداویستی زۆر گه‌وره‌یه و له نێوان 2.7 ملیارد تا 4.4 ملیارده. لەولاشەوە وڵاتی چین، که دووه‌م ده‌وڵه‌تی به‌هێزی ئابوورییه له جیهاندا و جێگەی هیوا و ئومێدی لیبراڵه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی دیكەیە و له‌م قه‌یرانه ئابورییه‌ی ئێستادا به ڕزگارکه‌ری ئه‌وروپا و جیهانی ده‌زانن. داتا و ئاماره‌کانی ئه‌م دواییه نیشانی ده‌ده‌ن، که بڕی گەشە و پەرەسەندنی داهاتی چین له بری ئه‌وه‌ی له سه‌رکه‌وتندا بێت، له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییه‌دا بۆ ڕێژه‌ی %6.8 داکشاوه. مامه‌ڵه‌ی بازرگانیشی لەتەك ئه‌وروپادا به‌ڕێژه‌ی له %40 هاتۆته خواره‌وه، که به ھەژماری پاره 10 ملیارد دۆلاری ئه‌مه‌ریکی ده‌کات. ھەروەھا چاوه‌ڕوانی ئەوە ده‌کرێت، كە ڕێژه‌ی گەشە و پەرەسەندنی ئابووری چین له ساڵی ئاینده‌دا له دابه‌زینی زیاتردا بێت. به‌پێی ئه‌م داتایانه و ڕاستییه‌کان، نه‌ک هه‌ر چین نابێته ڕزگاركەری ئابووریی جیهانی به‌گشتی و ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی، به‌ڵکو خۆشی که‌وتۆته قه‌یرانه‌وه و به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕاده‌ی بێكاری و داخستنی کارگه و کارخانه‌کان و خراپی ئابووری ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکاوه قه‌یرانه‌که‌شی قوڵتر ده‌بێته‌وه و به‌رده‌وامیش ده‌بێت. بێگومان ئه‌مه‌ش چاوه‌ڕوانکراوه و تێگه‌یشتنی ئاسانه. له کاتێکدا که وڵاتی چین له %60 کاڵاكانی خۆی لە بازاڕه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکای ساخ دەکاته‌وه و له‌و وڵاتانه‌شدا باری ئابووری ئه‌وه‌نده خراپ بێت، چاره‌نوسی ئه‌و به‌رهه‌م و کاڵایانه‌ی که نێرراون بۆ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا که‌ڵه‌که‌بوون و ساخ نەبوونەوەیەتی. ھەر ئه‌م پرۆسه‌یه چین ناچار ده‌کات، که چیدیكە توانای ھناردنی به‌رهه‌م و کاڵای بۆ ئەو وڵاتانە نەمێنێت و دیسانەوە هه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش به ڕۆڵی خۆی ده‌بێته ھۆی داخستنی کارگه و کارخانه‌ی زیاتر و بێكارکردنی کرێکاری زیاتر و که‌مبووننه‌وه‌ی باج و خه‌راجی ده‌وڵه‌ت و دواتریش ده‌ستگرتنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تیش له خەرجکردن له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا، ئه‌مه‌ش بە واتای ده‌ستپێکردنی سوڕێکی تەمەڵیی ئابووری به‌رده‌وام و بێ‌کۆتایی له چین. ئیدی كە ئه‌مه‌ش ڕێڕه‌وی چین بێت له ئێستا و ئاینده‌دا، ھەر بۆیە چاوه‌ڕوانی ڕزگاركەرئی لێناکرێت.
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و لێکدانه‌وه کورت و ساده و ساکاره‌ی سه‌ره‌وه، له‌لای ئێمه‌ی ئه‌نارکستانی کوردستان، چ ھاتنەدەرەوەی بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل و شوێنه‌کانی دیكە و چ ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکیش له وڵاتانی عه‌ره‌بی که له میدیای لیبراڵدا به "به‌هاری عه‌ره‌بی" ناسراون، دیاردەیەك یا ڕوداوێکی کوتوپڕی و بێبناخه و بێ هۆکار و چاوه‌ڕواننەکراو نه‌بوون و نین.
به‌بۆچوونی ئێمه هه‌ندێك خاڵی ناوکۆیی له ناو ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی ئه‌و وڵاتانه که به "به‌هاری عه‌ره‌بی "دا تێپه‌ڕیون یا ئێستا له‌و ورووژانە‌دان لەتەك "به‌هاری کوردستان" و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، هه‌ن؛ له‌وانه دژایه‌تیکردنی گه‌نده‌ڵی، داوای هه‌بوونی ئاشكرایی (شيفافیەت) له کاره‌کانی ده‌وڵه‌تدا و بوجه‌ی میری و كارەكانی ده‌وڵه‌ت و په‌ڕله‌مان که ئه‌نجامیان ده‌ده‌ن، ئازادی ڕامیاریی و سه‌روه‌ری یاسا و داوای هه‌بوونی میرایەتییەکی لیبراڵ له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژزاردنێکی كراوە و ئاشكراوە، دانانی ته‌کنۆکراته‌کان لە شوێن دەسەڵاتدارانی ھەنووكەیی، داوای ڕه‌خساندنی بواری ئیش و هه‌لی دروستکردنی بازرگانی (بزنسی) بچوك و به‌ستنی په‌یوه‌ندیه‌کی دۆستانه‌ی توندوتۆڵ له‌تەك میرییەكانی ئەوروپا و ئه‌مه‌ریکا، هاندان و خولقاندنی که‌رتی تایبه‌تی و بره‌وپێدانیان، ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی که‌سانێك و توێژاڵێکی سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه و...گه‌ڵیکی دیكە له‌مانه.
له هه‌مان کاتیش‌دا خاڵێکی دیكەی هاوبه‌شیشمان له نێوانی هه‌موویاندا ڕه‌چاو کردووه، که له هه‌ر هه‌موویاندا به کوردستانیشه‌وه ھەبووە، ئەویش سەرھەڵدانی ڕەوتێکی ڕادیکاڵە (ڕەوتی دژەتەوژم)، كە داخوازییه‌کانی خۆی له‌نێو داخوازییه‌کانی ڕەوتە باوه‌که‌دا قه‌تیس نه‌کردووه و سه‌باره‌ت به داخوازییه‌کانیان له ملاملانێیه‌کی سه‌ختیشدایە لەتەك ئه‌و لایه‌نانه‌دا و لە ھوڵی پاراستنی ئەو داخوازیانه‌یە وەك داخوازی كۆمەڵایەتی و پێداگرانە بەر بە ھەوڵی پارتەكان و دەستەبژێرە دەسەلاتخوازەكان دەگڕێت، تاوەكو داخوازییە كۆمەڵایەتییەكان نەكرێنە داخوازی ڕامیاریی و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کان لەلایەن پارتە ڕامیارەكانەوە دەستەمۆ نەكرێن و نەبنە سەكۆی پاگەندەی فریودەڕانەی سەروەریخوازەكان.
خاڵێکی دیكەی ناوکۆیی سه‌رانسه‌ری ئه‌و بزووتنه‌وانه [جگه له‌وه‌ی کوردستان که به‌و زه‌قییه به‌رچاو نه‌ده‌که‌وت، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ته‌مه‌نکورتی ڕوداوی شه‌قام بوو]، پشتگیریکردنی و دەستێوەردانی ئه‌مه‌ریکا و ده‌وڵه‌ته‌کانی خۆرئاوایه لەو بزووتنەوانەدا. گه‌رچی هه‌مویان له بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریانه‌ی میسردا هه‌ڵوێسته‌یه‌کیان بۆ کرد، تاکو بزانن لێشاو و خرۆشانی خه‌ڵکی به‌ره‌و چ ئاقارێک ده‌ڕوات، ئەوسا ڕامیاریی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ساخ بکه‌نه‌وه ، به‌ڵام هه‌ر زۆری پێنه‌چوو، ئه‌و ڕامیارییە‌یان له ئاستیدا گرته‌به‌ر، که له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری تایبه‌تی خۆیان و کۆمپانیاکانیان و بزنسمانه گه‌وره‌کان و سه‌رمایه‌داری جیهانی به‌گشتییدا بێت. ئیدی وه‌کو هه‌موو سەردەمەكان خۆیان كردە ده‌مچه‌رمووی خه‌ڵکانی ڕاپه‌ڕیوو و پارێزه‌ری مافە مرۆییەكانی خه‌ڵکی نارازی، بنیاتنانی دیمۆکراتی دێمۆكراتی پارلەمانی و ئازادی هه‌ڵبژاردن و دروستکردنی پارت و ڕێکخراوی ڕامیاریی و سەپاندنی بازاڕی ئازاد و هتد، تاوەكو ئەوە لەبیری خەڵكی نارازی بەرنەوە، كە به‌درێژایی تەمەنی ڕژێمە دیكتاتۆرییەكان و سەرۆكەكان، ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپی و كەنەدا و ئوسترالیا پشتگیری و کۆمه‌کیان كردوون و دەستیان بەباڵیانەوە گرتووە، تاوەكو لەبەردەم شەپۆڵی ئازادیخوازی خەڵكدا نەكەون.
پشتیوانیکردنی ئه‌مه‌ریکا و خۆراوا لەو بزوتنه‌وانه، گه‌یشته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که یا خۆیان به ڕاسته‌وخۆ ده‌ستیان له گۆڕینی ڕژێمەكاندا وه‌ردا، وەك ئەوەی به‌ریتانیا كە بانگه‌شه‌ی پێدانی 5 ملیۆن پاوه‌ند دەكات، بێجگە له یارمه‌تیدانی دیكە له ڕوی سه‌ته‌ڵلایت و زانیاری سیخوڕییانه له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی سوری. یا له ڕێگەی نوێنەرەكانییەوەیە لەوانە شانشینی سعودیه و قه‌ته‌ر، کۆمه‌ك و یارمه‌تی به لایەنگرانیان لەنێو بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی به‌تایبه‌ت لیبیا و سوریادا ، بدرێت.
ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێت، که خاڵێکی ئاشکرای دیكە له ڕامیاری ئه‌مه‌ریکا و خۆراوا و کلکه‌کانیان له ناوچه‌که‌دا، ئه‌مجاره‌ش ده‌رکه‌وت، ئه‌ویش ده‌رکه‌وتنی ڕامیاریی دووفاقه‌یی و هیپۆکراتیانەیانەیە. بۆ نموونه یارمه‌تی و کۆمه‌کی ئەو وڵاتانه بۆ ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵك له لیبیا و سوریا، به‌ڵام بێده‌نگی و هه‌بوونی هه‌ڵوێستی نێگه‌تیڤانه بۆ ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی دژی میرنشینی سعودییه و به‌حره‌ین، ئه‌مه جگه ڕامیاریی پێچەوانەیان به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی له فه‌له‌ستیندا دژی ئیسرائیل. که پتر له نیوسه‌ده‌یه، ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه له شێوه و فۆرمی جیاجیادا به‌رهه‌ڵستی سەركوتگەریی و داگیركاریی ئیسرائیل ده‌کات.
له‌ولاشه‌وه بێدەنگەكردنیان بەرامبەر سەركوت و چەوسانەوەی دۆستێکی دیكەیان له ناوچه‌که‌دا، که حکومه‌تی تورکیایه به‌رامبه‌ر کورد و نه‌ته‌وه‌ی کورد له تورکیا، كە له‌هه‌مان کاتدا ھاوشانی دەوڵەتانی جیھانخۆر سەرمایەگوزارییەكی ڕامیاریی و جێپێخۆشكردنی ئابووریی و بازرگانییه‌کی ڕه‌ش سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستینی و خه‌ڵکانی ڕاپه‌ڕی و له سوریادا، ده‌کات.
ئه‌مه دیوی شاراوەی دێوجامەی پشتیوانی و فریادڕەسی ئەمەریكا وھاوپەیمانانی و پاشرەوانییەتی لەمەڕ بزووتنەوە و راپەڕینە كۆمەلایەتییەكانی باكووری ئەفەریكا و خۆرھەلاتی ناوین و وڵاتانی دیكە، ئەمەیە ھاندەری به‌کاربردنی دیبلۆماسی و ڕاوێژکردن، باسکردن و داکۆکیکردن له مافی مرۆڤ و سه‌ربه‌ستی و ئازادی، فرۆشتنه‌وه‌ی ئه‌و دیمۆکراتییه‌ته‌ی که ته‌نها ده‌بێت له سوود و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریکا و خۆراوا و بازاڕی ئازاد و سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا، بێت.
ئێمه لەتەك هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو وریاكارییانە‌ی که له سه‌ر ته‌واوی هه‌موو بزوتنه‌وه‌کان به هه‌موو چه‌شنه‌کانیانه‌وه، ھەمانن، له هه‌مان کاتیش‌دا لایه‌نگری و کۆمه‌کی خۆمان له ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵك و ڕژانه سه‌رشەقامەكان لەپێناو داخوازییه‌کانیان و سەپاندنی ئازادی، به‌رهه‌ڵستیکردنی چه‌وساندنه‌وه و هه‌موو شێوەکانی هه‌ڵاوردانی نێو کۆمه‌ڵگە و هێنانه‌دی دادپه‌روه‌رێتی کۆمه‌ڵایه‌تی و ..تد، ده‌که‌ین. هاوکاتیش ئه‌وه‌مان لەلا ڕۆشنه، که گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی و له ڕه‌گهه‌ڵکێشانی ستەمی چینایه‌تی، ھەلاواردنی ئایینی و ڕەگەزی و نەژادی و نەتەوەیی و نایەكسانی کۆمه‌ڵایه‌تی له سایەی ئه‌و حکوموتانه‌دا که ئه‌م لێشاوه جه‌ماوه‌رییانه لە ناھوشیارییەوە ده‌یانهێننه سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات، شتێکی ئەستەمە و قەد نایه‌نه دی.
ئه‌و شێوازە خه‌باته سەرووخوارییەی که به پشتگیری و کۆمه‌کی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی خۆراوا و میرنشینه کۆنه‌په‌رسته‌کان، له سه‌رجه‌می ئه‌و وڵاتانه‌دا گیراوه‌ته‌به‌ر و ده‌گیرێته‌به‌ر، سەرەنجامی سه‌رفرازی یەكجاری جه‌ماوه‌ری به‌شخوراو و زۆرلێکراو نییه، چونکه گۆڕانکارییه‌کان بنه‌ڕه‌تی نین و ڕوکهشین و له سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌وه و تەنیا لە ڕوخساری ڕێكخستنی سەروەریدا ڕووده‌دەن و ھیچ ڕەھەندێكی كۆمەڵایەتییان نیی و له گۆڕینی ده‌موچاوه‌کان و نێوی پارتەکان، بەڕێوەبەراكان زیاتر، ھیچ ڕوونادات و سەرەنجام هه‌ر هه‌موویان ده‌بنه‌وه بە خزمه‌تکارێکی ملهوڕی سه‌رمایه‌داری و سیسته‌مه‌که چینایەتییەكەی و پاراستنی سەروەری دەولەت و یاسا دژەمرۆییەكەی.
به‌ڵام سەرەڕای ھەموو ئەوانەش كە له‌سه‌ره‌وه خستنمانە ڕوو، بەبێ هیچ دوودڵییه‌ك و گومانێك، لایه‌نگری و پشتگیری خۆمان بۆ ته‌واوی ئه‌و بزووتنه‌وانه، ده‌رده‌بڕین، تا ئەو كاتەی كە بە بەرژەوەندی خەڵكە نارازیی و ستەملێكراوەكەیان دەگرێتەوە. ئێمه گۆڕانکارییه‌کان به حه‌تمیه‌تی مێژوویی ده‌بینین و به قوڵیش له چەمك و كڕۆكی ئه‌و میرایەتییه دیمۆکراتیانه‌ش تێده‌گه‌ین، که له سه‌ره‌نجامی ئه‌م ڕاپه‌ڕینانه‌وه قوتده‌بنه‌وه، دیسانه‌وه ده‌رك ئه‌و ڕاستی و زه‌مینه‌یه‌ش ده‌که‌ین، كە بەداخەوە ئەوە خواستی هاووڵاتانیانی ئه‌و وڵاتانه‌یه به کوردستانیشه‌وه، که له‌ژێر کاریگه‌ری میدیا و ڕۆشنبیریی لیبراڵ و توانای پارتەكاندا بۆ دەستەمۆكردنیان لە پرۆسه‌ی گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردان و حکومه‌تی تەكنۆكرات و مه‌ده‌نی هاندەدرێن و ھەڵدەخڕێن.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه، كە هه‌وڵی ته‌واوی ئێمه له نوسینه‌کانماندا و لە دیمانە و وتووێژه‌کانمادا، بۆ ده‌رخستنی ڕواڵه‌ت و ناوه‌رۆکی دڕاندنهی سیسته‌می سەرمایەدارییه، که پارێزه‌ر و ده‌سته‌به‌ركەری مانه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌ش، میدیای لیبراڵ و ڕۆشنبیری لیبراڵ و هه‌موو پارته‌کانن، ئیدی له‌ژێر هه‌ر ناو و ناوه‌رۆکێکدا بن، ئامانجیان تەنیا زیاتر دەستەمۆكردنی خەڵكی ناڕازییە لە گەمەی ڕزگاركردنی سەروەری چینایەتیدا بە دێوجامەی جۆراوجۆر، كە دیوە شاراوەكەیان تەنیا نایەكسانی ئابووریی و كۆمەلایەتییە، تاوەكو كەمایەتی ٠١% سەروەری ٩٩% كۆمەڵگەكان بێت و پاشایانە لەسەر ڕەنج و بەرھەمی زۆینە مشەخۆری بكەن.
ئۆگه‌ستی 2012