هه‌واڵ
ڕاپۆرتی تایبه‌ت
سیاسه‌ت
‌‌‌ئابووری
‌فه‌لسه‌فه‌
تیۆری‌
‌ته‌نز‌
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
‌‌‌زانست و ته‌کنه‌ڵۆژیا‌
ده‌سه‌ڵات ‌‌
ئۆپۆزسیۆن
ئه‌نتی کاپیتاڵیزم ‌
‌مقالات عربیة
‌مقالات فارسی‌‌
‌ ‌English articles
‌وه‌رگێڕان ‌
‌کتێبخانه‌
‌‌
<June 2018>
SuMoTuWeThFrSa
272829303112
3456789
10111213141516
17181920212223
24252627282930
1234567


دوو کوردستانپۆست             



ئەو ڕابەرە گەنجەی جیهانی سەرمایەداری لیبراڵی هێنایە لەرزە !


دوایین فێڵی مێژوویی جه‌لال تاڵه‌بانی – نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ کورد " لیستی گۆڕان "ه‌!


ژنی دیکتاتۆرە عەرەبەکان خەریکی چین؟

داڕمانی یۆرۆ، داڕمانی یەکێتی ئەوروپا


Title
فەرهاد فەرەج : هەتا سەرمایەداری هەبێت بێکاری دەبێت


img11/5/2012 12:00:00 AM
فەرهاد فەرەج ئەمین:

بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەکانی ئابوریناسان، فەیلەسوفەکان و سیاسەتمەداران و گش موبەلیغانی بۆرژوازییەوە، بێکاری سەرچاوەی لە لە دواکەوتوویی ئابوریی و پیشەسازی  وڵاتانی سەرمایەداری دواکەوتووەوە نەگرتووە، چونکە ئەمڕۆ لە پێشکەوتووترین وڵاتانی پیشەسازی دنیادا ئەم گیروگرفتە ئابوریی و کۆمەڵایەتییە بەربینی بە چینی کرێکار و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش گرتووە.  گیروگرفتی بێکاری تایبەت نییە بەم وڵات ئەو وڵات لە دنیادا، بەڵکو مەسەلەیەکی جیهانییەو تایبەتە بە گشت وڵاتانی سەرمایەداری لە دنیادا، جا ئەو وڵاتانە پێشکەوتوو بن یاخواد دواکەوتووبن. گیروگرفتی بێکاری سیفەتێکی دەرونی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەو لێی جیانابێتەوە و ئەمڕۆش لەسەرانسەری دنیادا سەرمایەداری ڕژێمێکی بەرهەمهێنانی زاڵە. وە تا ئەو کاتەش کە ئەم ڕژێمە بەسەر دنیادا حوکم بکات، بێکاریش هەردەمێنێت و لێی جیا نابێتەوە. با ئەم مەسەلەیە هەندێک زیاتر ڕوون بکەینەوە.

لەچوارچیوەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا هێزی کار وەک هەر کاڵاو کەلوپەلێکی دیکە کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت. کرێکاران بۆ ئەوەی بژین ناچارن کە هێزی کاریان بەسەرمایەداران بفرۆشن.  سەرمایەدارانیش بۆ ئەوەی درێژەە بە قازانج و کەڵەکەی سەرمایەکانیان بدەن پێویستیان بە هێزی کاری کرێکارانە و ئەم هێزی کارە لە کرێکاران دەکڕن. کرێکاران و سەرمایەداران لە بازاڕدا یەک قانون دەناسن، ئەویش قانونی گۆڕینەوەیە. گۆڕینەوەی هێزی کار بە پارە. کڕیار و فرۆشیار ( کرێکار و سەرمایەدار )، هەریەکەیان تێدەکۆشن کە کاڵای کرێکار ( هێزی کار ) هەرزانتر بکڕێت، وەیان گرانتر بیفرۆشێت. کرێکار کە لە ڕۆژدا کاڵاکەی خۆی بەسەرمایەدار دەفرۆشێت، ئیتر لەو چەند سەعاتەدا  خۆی خاوەنی نییە و هێزی کاری کرێکار موڵکی سەرمایەدارە. سەرمایەداران چەند قازانج ببەن لە هێزی کاری کرێکاران، کرێکاران جگە لەو نرخەی کە سەرمایەداران لەسەر هێزی کارەکەیان دایانناوە، هیچ قازانجێک نادەن بە کرێکاران و لە قازانجی سەرمایەداراندا بەشدار نین، بەڵام لەزەرەری سەرمایەداراندا بەشدارن ( ئەم مەسەلەیە لە خوارەوەتر ڕوون ئەکەینەوە  ).

کرێکاران هەرچەندە بیانەوێت  کەخەرجی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن، دەبێت کاتی خۆیان زیاتر بکەنە قوربانی کارکردن و کاری زیاتر بکەن، کە ئەنجامدانی کاری زیاتریش تەمەنی کرێکاران کورت دەکاتەوە و سەرئەنجام بەشێک لە گشت چینی کرێکار دەبێتە قوربانی قازانجپەرستی سەرمایەداران.

لە هەلومەرجێکدا کە هێزی کار لە بازاڕدا زۆر بێت، کڕیاریشی کەمدەبێتەوە، بەڵام لە کاتێکدا کەهێزی کار لە بازاڕدا کەم بێت کڕیاریشی زۆر دەبێت. لە هەردوو حاڵەتەکەدا نرخی هێزی کار بەرزو نزمی دەکات. لە چ کاتێکدا هێزی کار لە بازاڕدا زۆر دەبێت؟  زۆربوونی هێزی کار لە بازاڕدا مانا واقعیەکەی لە کۆمەڵگەدا چییە؟

لەکاتێکدا کە سەروەت ڕووی لە زیادبوون دەبێت و ئابوریی کۆمەڵگەگەشە دەکات، هێزی کاریش کڕیاری زیاتر دەبێت.  لەم حاڵەتەدا لە نێوان سەرمایەداراندا منافسەیەک لەسەر کڕینی کاڵای کرێکاران ( هێزی کار ) دەستپێدەکات و سەرئەنجام ئەم منافسەیە دەبێتە هۆی چوونە سەرەوەی نرخی هێزی کاری کرێکاران و مەیلی زیادکردنی کرێ لە ناو کرێکارانیشدا دەچێتە سەرەوە، بەڵام ئەو وەزعە کاتییەو  سەرئەنجام بەخاڵی کۆتایی خۆی دەگات، چونکە گەشەی ئابوریی لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی  بەرهەمهێنای سەرمایەداریدا مەسەلەیەکی کاتییە. بۆچی ؟ لەبەرئەوە کە بەرەوپێشچوون و کەڵەکەی سەرمایە دەبێتە هۆی گەشەکردنی پیشەسازی. گەشەکردنی پیشەسازیش لە ئاکامدا دەبێتە هۆی زیادبوونی داهاتەکانی بەرهەمهێنان و زیاد بوونی کاڵاکان لە بازاڕدا کە ئەمەش بۆ خۆی هاوڕا دەبێت لەگەڵ هاتنەخوارەوەی نرخەکەیان لە بازاڕدا. لەکاتی هاتنەخوارەوەی نرخی کاڵاکاندا قازانجی سەرمایەدارانیش کەمدەبێتەوە و تەنانەت زۆرێک لەسەرمایەدارەکان لەگەڵ ئیفلاسی و تێکشکاندا بەرەو ڕوو دەکات و کارگەو کارخانەکانیشیان دەست بە ڕاوەستان دەکەن. ڕاوەستانی کاری کارگەکان و ئیفلاسی زۆرێک لە ووردە بەرهەمهێنەران ( سەرمایەدارانی بچووک ) هاوکات دەبێت لەگەڵ بێکارییەکی بەرین لە کۆمەڵدا، چونکە لەلایەک ووردە بەرهەمهێنەران بەرەوڕیزەکانی چینی کرێکار ڕەوانە دەکرێن و  لەلایەکی تریشەوە کرێکارانی ئەو کارگەو کۆمپانیا لەکارکەوتووانە بێکار دەبن. ئەم حاڵەتی گەشەنەکردن و ڕاوەستانی ئابورییە بە ئەزمەی ئابوریی سەرمایەداری ناسراوە. ئەزمە ئابورییەکانی کۆمەڵی سەرمایەداریش حەتمییەو بەری پێناگیرێت، چونکە لە چوارچێوەی ڕژێمی سەرمایەداریدا بەرهەمهێنان و داهاتی کاری ئینسانی نەک بۆ خۆشگوزەرانی ئینسان  و کۆمەڵگە، بەڵکو بۆ قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە لە نیوان سەرمایەداراندا. کەواتە هەتا ئەو کاتەی کە بەرهەمهێنان و کاری ئینسانی بۆ قازانجپەرستی فەردی بێت گیروگرفتی بێکاریش وەک گیروگرفتێکی کۆمەڵایەتی دەمێنێتەوە و لێی جیانابێتەوە. تەنها وەڵامی ڕاست و یەکجاری بەم دەردە کۆمەڵایەتییە لە بناغەوە گۆڕینی ڕژێمی سەرمایەداری و گشت پەیوەندییەکانییەتی بە گۆڕینی پەیوەندییەکی ئینسانی و کۆمەڵایەتی، یانی کۆمەڵگە و پەیوەندییەکی سۆسیالیستی، بەڵام ئەی لەکاتێکدا کە نیزامی بەرهەمهێنانی سۆسیالیستی دانەمەزراوە لەبەرامبەر ئەم گرفتەدا دەبێت چی بکرێت؟ وەڵامی ئێمە بەم پرسیارە خەباتکردنی چینی کرێکارە لەدژی ئەم دەردە کۆمەڵایەتییە وداسەپاندنی هەقی بێکاربوونە بەسەر سەرمایەداران و حکومەتەکانیاندا، کە ئەمڕۆ زۆرێک لە کرێکارانی وڵاتانی دنیا ئەم داخوازییەی خۆیان بە خەباتی یەکگرتووانەیان سەپاندووە بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیاندا. کەواتە دەکرێت کە کرێکارانی عێراقیش وەک هاوچینەکانمان لە زۆرێک لەوڵاتانی دنیادا دەست بۆ ئەم خەباتە ببەن ئەم داخوازییە بەسەر سەرمایەداران و حکومەتەکانیاندا بسەپێنن.

لایەنێکی دیکە کە دەکرێت لە گیروگرفتی بێکاریدا سەرنجی بدرێتێ ئەوەیە کەسەرمایەداران بۆ دووبەرەکایەتی نێوان کرێکاران کەڵک لە بێکاری وەردەگرن. هەروەک لە پێشەوە باسمانکرد لەکاتێکدا کە هێزی کار لە بازاڕدا زۆر دەبێت، لە هەمانکاتدا نرخەکەیشی، واتە کرێ دێتە خوارەوە . لە حاڵەتێکی ئەوهادا سەرمایەداران لە چەندڕووەوە کەڵک لە بێکاری وەردەگرن. یەکەم:  سەرمایەداران دەتوانن بە کەمترین کرێ کرێکاران بهێننە سەرکار و مەیدانی بەرهەمهێنانەوە. دووەم: لە مەترست ڕاگرتنی کرێکاران لەبەرامبەر بێکاری و ملپێدانی کرێکاران بە زێدەکاری و قەبوڵکردنی هەلومەرجی تاقەتپڕوکێنی کار. سێیەم:  دووبەرەکایەتینانەوە لە ناوڕیزەکانی چینی کرێکاردالەسەر فرۆشتنی هێزی کار و دیاریکردنی کرێی ڕۆژانە. ئەو سێ خاڵە بەگشتی دەبێتە هۆی ئەوە کە ڕیزێکی پەرژو بڵاو لەبەرامبەر ئەم گرفتەدا هەبێت. کەواتە بەکورتی دەکرێت بڵێین بێکاری نووکی تیژی ڕمێکی ژەهراوییە کەسەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان لەدژی کرێکاران بەکاری دەهێنن. بۆیە دەبێت کرێکارانی بێکارو لەسەر کار خەبات لەدژی بێکاری بکەنە مەیدانی خەباتێکی یەکگرتووانە لەدژی نیزامی سەرمایەداری و سەرمایەداران و بۆ دیفاع لە ئاستی ژیان و گوزەرانیان.

خەباتی دژی بێکاری مەیدانێکی جەنگی چینایەتی کرێکارانە لە دژی سەرمایەداری

بێکاری نەک هەر هەڕەشە لە ئاستی ژیانی کرێکاران، بەڵکو هەڕەشەش لە زیندوومانەوەی چینی کرێکار وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی دەکات. کرێکاران دەبێت بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و بۆ زیندوومانەوەی هاوسەو منداڵاکانیان لەدەست ئەم نەخۆشی و دەردە کۆمەڵایەتییە ڕیزی خۆیان یەکگرتوو بکەن و بە ڕیزێکی یەکگرتوو بێنە مەیدان. خەبات لەدژی بێکاری تایبەت نییە بە بێکارانەوە، بەڵکو ئەوە مەسەلەیەکە تایبەتە بە کرێکارانی لەسەرکاریشەوە و قورسایی زیاتر لەسەر کرێکارانی لەسەرکار دادەنێت.  هەموو کرێکارێک دەبیت ئەوەی لاڕوون بێت کە خەبات بۆ چارەسەری بێکاری خۆی خەباتە بۆ ژیانێکی ئینسانی و بۆ سۆسیالیزم. کرێکاران دەبێت ئەمڕۆ بە هێنانە گۆڕێی شیعاری کاری گونجاو بۆ کرێی گونجاو، یان دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ هەموو کەسێکی ئامادە بەکار، ژیان و هەست و گوزەرانیان لەچنگ هێرش و پەلاماری وەحشیانەی سەرمایەداران بپارێزن، بێگومان بەرەوپێشبردنی ئەم خەباتە بەشێوەیەکی میکانیکی و لە خۆڕا ناچێتە پێشەوە، بەڵکو ئامڕازی خۆی دەوێت، خەبات لەدژی بێکاری خەباتێکی یەکپارچەو یەکگرتووی دەوێت و دەبێت خەباتێکی جەماوەری و بەربڵاو بێت.  ئەم خەباتە ئەرکی پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەری و کۆمەڵایەتییەکانی کرێکار دەخاتە دەستوری کاری هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی دژی بێکارییەوە. لەم خەباتەدا کرێکاران دەبێت لە هەر شێوەیەکی مەحاڵ کەڵک وەربگرن و بەدەوری یەکتردا کۆبنەوە. پێکهێنانی سندوقی هاوپشتی مالی، پێکهێنانی یەکێتییەکانی بێکاران و لە باقی شێوەکانیتری ڕێکخراوبوون دەکرێت بۆ بردنە پێشەوەی ئەم خەباتە کەڵک وەربگیرێت.

بڕیار جەمال ( فەرهاد فەرەج ئەمین )

١٧/١١/١٩٩٢

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە ٢ی گۆڤاری شۆڕشی کرێکاری ، ئۆرگانی گروپی ( یەکێتی کرێکارانی کۆمۆنیست )ی مانگی کانوونی دووەمی ١٩٩٣ بڵاوکراوەتە. هاوڕێ فەرهاد فەرج یەکێک لە دامەزرێنەرەکانی ئەم گروپە و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ناوبرابوو. لە تایپکردنەوەی ئەم وتارەدا، تەنها هەڵە ئیملاییەکانی دەقەکەم ڕاستکردوونەتەوە و هیچ لە دەقی وتارەکە نەگۆڕاوە. لە ڕۆژانی داهاتوویشدا هەوڵدەدەم کە دەقی  وتارەکە بکەم بە پی دی ئێف و هاوکاتیش ژیاننامە و چەند وێنەیەکی  بڵاو بکەمەوە.   

تاهیر ساڵح شەریف