هه‌واڵ
ڕاپۆرتی تایبه‌ت
سیاسه‌ت
‌‌‌ئابووری
‌فه‌لسه‌فه‌
تیۆری‌
‌ته‌نز‌
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
‌‌‌زانست و ته‌کنه‌ڵۆژیا‌
ده‌سه‌ڵات ‌‌
ئۆپۆزسیۆن
ئه‌نتی کاپیتاڵیزم ‌
‌مقالات عربیة
‌مقالات فارسی‌‌
‌ ‌English articles
‌وه‌رگێڕان ‌
‌کتێبخانه‌
‌‌
<December 2018>
SuMoTuWeThFrSa
2526272829301
2345678
9101112131415
16171819202122
23242526272829
303112345


دوو کوردستانپۆست             



ئەو ڕابەرە گەنجەی جیهانی سەرمایەداری لیبراڵی هێنایە لەرزە !


دوایین فێڵی مێژوویی جه‌لال تاڵه‌بانی – نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ کورد " لیستی گۆڕان "ه‌!


ژنی دیکتاتۆرە عەرەبەکان خەریکی چین؟

داڕمانی یۆرۆ، داڕمانی یەکێتی ئەوروپا


Title
لە وەڵامی نامەی هاوڕێیەکدا؛ ئۆپۆزسیۆن مرد .. بژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی نوێ !


img11/10/2012 12:00:00 AM
تاهیر ساڵح شەریف:

کورتە ڕوونکردنەوەیەک: ئەم بابەتە لە مانگی مارچی ئەم ساڵدا بڵاوکرایەوە، بەڵام بەهۆی هاککردنی چەندجارەی کوردستانپۆست ئینفۆوە لەلایەن جاش سایبرییەکانی نەوشیروانەوە، لە سایتەکەدا سڕایەوە. لەبەرگرنگی بابەتەکە، دووبارە بڵاوی دەکەینەوە. کۆمەڵێک بابەتی گرنگی دیکەی کوردستانپۆست ئینفۆ و هاوڕێیانی هاوکارمان سڕاونەتەوە، ئێمە هەوڵدەدەین بە پێی دەرفەت و کاتی گونجاو بۆ بابەتەکانیان، ئەوانە دووبارە بڵاو بکەینەوە.

کوردستانپۆست ئینفۆ

١٠-١١-٢٠١٢

بە داوای لێبوردن .. بەهۆی سەرقاڵبوونم  بە کارو ژیانمەوە، نەمتوانی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا وەڵامی سەرنج، تێبینی و پرسیارەکانی بەڕێزتان بدەمەوە . لێرەدا هەوڵدەدەم زۆر بە پەلەو بە گشتی وەڵام و سەرنجەکانی خۆم لەسەر پرسیارو تێبینییەکانی بەڕێزتان بنووسمەوە . بەو هیوایە کە بتوانین لە داهاتوودا بیروڕای زیاتر لەسەر کێشە گرنگەکانی کۆمەڵگە بگۆڕینەوە .

ئەو بزووتنەوە نوێیەی کە لە منداڵدانی کۆمەڵگەی کوردستاندایە چۆنە ؟

ئەو هێزە شۆڕشگێڕییە کە دەبێت ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەو مێژوویی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بە ئەنجام بگەیەنێت، لە قۆناغی کۆرپەڵەییدایە و هێشتا لە منداڵدانی کۆمەڵگەی نوێی کوردستاندا نەهاتۆتە دەرەوە. ئەم بزووتنەوەیە لە داهاتووییەکی نزیکدا لە منداڵدانی کۆمەڵگەی نوێی کوردستاندا دێتە دەرەوە و لە دایک دەبێت !... سەرجەم ئەو بزووتنەوە و هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کە لە سەد ساڵی ڕابردووی کۆمەڵگەی کوردستاندا بە دروشم و ئایدیۆڵۆژیای جیاوازەوە، بە داخوازی و ئامانجی جیاوازەوە، وەک فریاد ڕەسی کۆمەڵگەی کوردستان خۆیان نمایشکردووە و هاتوونەتە مەیدانی سیاسییەوە، لەبەردەمی ئەم بزووتنەوە نوێیەدا، کە ئێستا لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردستاندایە و لە قۆناغی لەدایکبووندایە،وەک بزووتنەوە هەرە کۆنەپەرستەکانی ناو کۆمەڵگەو مێژووییەکی دیاریکراو خۆیان دەنوێننەوە . ئەم بزووتنەوە نوێیە، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی جیاواز لەو بزووتنەوانە دەبێت کە زۆرترین دروشمی بریقەداریان بەرزکردۆتەوە و زۆرترین چەنەی سیاسییانداوە .

ئەم بزووتنەوە نوێیە، پشت بە زۆربڵەیی سیاسیی، بە دروشمبازی سیاسیی و بە فێڵکردن و چاوبەستکردنی سیاسیی و فیکری لە جەماوەر نابەستێت، بەڵکو بزووتنەوەیەکی عەمەلییە، بەکردەوە گۆڕان لە بارودۆخی کۆمەڵگەی کوردستاندا دەکات . ڕەخنەگرێکی عەمەلییە لە سیاسەت، لە کڵتور و ئاینی باو لە کوردستاندا. بزووتنەوەیەکی ڕاڕا، ترسەنۆک، هەلپەرست و سازشکار نییە لەگەڵ چینە دەسەڵاتدارەکانی کوردستاندا و بە کردەوە دێتە مەیدانی جەنگی دەسەڵاتەوە لەگەڵیاندا . ئەم بزووتنەوەیە عەدالەتی کۆمەڵایەتی، ئابوریی و سیاسیی نەکاتە دروشمێک بۆ فریودانی مرۆڤە بێبەش و چەوساوەکانی کۆمەڵگە، بەڵکو بەکردەوە دەست بۆ لەڕەگەوە هەڵتەکاندنی بناغەی ناعەدالەتییە ئابوریی، سیاسیی،کۆمەڵایەتیی و کڵتورییەکانی کۆمەڵگەی دەبات .

 لەم بزووتنەوەیەدا، جێگایەک بۆ ڕۆشنبیر و سیاسییە بێ کەسایەتی، چەنەباز، هەلپەرست، خۆپەرست،  ڕاڕا و گیرفانبڕو گیرفانپڕکەرەکان نییە، بەڵکو ئەم بزووتنەوەیە لەو مرۆڤانە پێکدێت کە خاوەنی سەرمایەیەکی گەورەی مەعریفی، تیۆرییەکی ڕەخنەگری دەوڵەمەند، هوشیارییەکی بەرزی سیاسیین و لەجەنگی داهاتووشیاندا دژ بەدەسەڵاتداران پشت بەو تیۆری و مەعریفەیە دەبەستن . لەم  بزووتنەوەیەدا، فەلسەفەو فەلسەبازی، تەمەڵی تیۆری و فیکری، کۆپییەکردنی فیکری ڕۆشنبیرانە جێگای نابێتەوە، بەڵکو فەلسەفە، تیۆری و مەعریفە دەبێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکانی ناو ئەم بزووتنەوەیە و وەک میکانیزمێک بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی بارودۆخی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، ئابوریی و سیاسیی کۆمەڵگەی کوردستان بەکاری دەهێنن . لەڕوانگەی ئەم بزووتنەوەیەوە، فەلسەفە، زانست و تیۆری نابێت بۆ ئەحمەقکردنی مرۆڤەکانی کۆمەڵگە و ڕاگرتن و هێشتنەوەی بارودۆخی پڕ لە ناعەدالەتی هەنوکە بەکارببرێت، بەڵکو دەبێت بۆ هوشیارکردنەوەی مرۆڤەکان دەربارەی ئەوەی کە هەن و ئەوەی کە دەبێت ببن بەکار ببرێت. لەبەرئەوە، ئەم بزووتنەوەیە ناچارە بە فەلسەفە، تیۆری و زانست  خۆی پەروەردە بکات. ئەم بزووتنەوەیە بە پەروەردەکردنی خۆی لە بواری، زانست، فەلسەفەو تیۆریدا، کەسایەتییەکی سالم و تەندروست بەخۆیی دەدات و نەوەکانی داهاتوویش دەکاتە مرۆڤە خاوەن کاراکتەرە بەرزە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکان ....

هاوڕێم ....

وەک وتم، ئەم بزووتنەوەیە ئێستا لە منداڵدانی کۆمەڵگەی کوردستانی ئەمڕۆدایەو لە قۆناغی کۆرپەیی خۆیدایە. ئایا ئێمە دەتوانین ببینە مامانی ئەو بزووتنەوە نوێیە؟!. بڕوام وایە کە ئێمە ئەگەر نەبینە مامانێکی لە دایکبوونی تەندروستی ئەو بزووتنەوە  کۆرپەیە، ئەوە ئیتر ئەو کۆرپەیە بە ئیفلیجی لە دایک دەبێت و بەدەستی نەوشیروان مستەفا و تاڵەبانییەکی دیکەوە ئەو کۆرپەیە زیندە بەچاڵ دەکرێت . کەواتە لە ئێستاوە دەبێت خۆمان بۆ ئەوە ئامادە بکەین تا نەیەڵین ئەم کۆرپەیە بکەوێتە دەست نەوشیروان مستەفاو تاڵەبانییەکانی دیکە.....

ئەوە کە پرسیوتانە دەستبەجێ چی بکرێت بۆ پێشوازی لە هاتنە دنیای ئەم بزووتنەوە نوێیە؟ .... حەزدەکەم پێتان ڕابگەیەنم کە ئێمە ناتوانین دەستکاری یاساکانی جوڵانەوەو گەشەکردنی مێژوو بکەین !. کۆمەڵگەو مێژوو، قانونمەندی دیاریکراوی خۆیان هەیە و هەندێک جار ئەو یاسایانە بەشێوەیەکی نا هوشیارانەو کوێرانە کاری خۆیان دەکەن! ..بەڵام کارو ئەرکی ئێمە لە قۆناغەدا ئەوەیە کە نەک تەنها چاودێر بین بەسەر پرۆسەی لەدایکبوونی ئەو بزووتنەوە نوێیەدا، بەڵکو ئەرکی پەروەردەکردن و پێگەیاندنی ئەویشمان تا قۆناغی باڵغبوونی لە ئەستۆدایە . دوای قۆناغی گەشەکردن و کامڵ بوونی ئەو بزووتنەوەیە، ئیتر ئەرکی ئێمە لەو بزووتنەوەیەدا کۆتایی دێت و ئەم بزووتنەوەی خانەنشینمان دەکات و پێویستی بە ئێمە مانان نامێنێت ....

باشترین هەڵوێستی ئێمە کە مێژوو تۆماری دەکات

سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆنی ئێستا .... هەروەک لە چەندین وتاریشدا ئاماژەم پێکردووە و لێرەیشدا دڵنیات دەکەمەوە، باشترین و ڕاسترین هەڵوێست کە مێژووی واقعی [ نەک ساختە ] ی سیاسەت لە کوردستاندا بۆ ئێمە تۆماری دەکات ئەوەیە کە ئێمە خۆمان نەخستە ناو کەشتی شکاوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، ئەو بزووتنەوەیەی کە نە پێناسەیەکی چینایەتی و مێژوویی دیاریکراوی هەیەو نە دەتوانێت بزووتنەوەیەکی درێژ نەفەسیش بێت . ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ ڕەوتی گەشەکردنی ئابووریی، سەرمایە و تەکنەلۆژی لە کوردستاندا تۆزی بە ئاسماندا دەڕوات !. ئەم بزووتنەوەیە، بزووتنەوەی توێژێکی کۆمەڵایەتی بێ ناسنامەی چینایەتییە. توێژێکی کۆمەڵایەتی کە ئەم بزووتنەوەیە نوێنەرایەتی سیاسیی دەکات، توێژێکی مشەخۆر، لۆمپن، هەلپەرست، ڕاڕا و ناپەیگیرە لە کارو تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆیدا . ئەو توێژە لەبەردەمی گەشەکردنی هەرڕۆژەی سەرمایەو جەمسەربەندییە چینایەتییە نوێیەکانی کوردستاندا بەرەو نابودبوون دەڕوات، بۆیە ناچارە دوایین پەلەقاژەی سیاسیی خۆی بکات بۆ پاراستنی جێگاوڕێگای ئابوریی و چینایەتی خۆی . بزووتنەوەی گۆڕان دوا سەنگەری سیاسیی ئەم توێژەیە لەبەرامبەر هێرشەکانی سەرمایەی گەورەدا بۆسەر بازاڕی کار لە کوردستاندا، بەڵام ئەم سەنگەرەش سەنگەرێکی داڕوخاوە و ووردە بۆرژوازی کورد ناگەیەنێتە ئامانجە ئابورییەکانی خۆی . بۆیە دەبێت لەگەڵ هەرهێرشێکی تازەی سەرمایەی مۆنۆپۆڵکەری بازاڕی کوردستاندا بۆسەر ئەو توێژە کۆمەڵایەتییە، چاوەڕێی داڕوخانی زیاتری بزووتنەوەی گۆڕان بکەین وەک دوا سەنگەری مقاوەمەی  وردەبۆرژوازی کورد .

ئەم بزووتنەوەیە بزووتنەوەی ئێمە نییە و ناسنامەی چینایەتی و فیکری ئێمە جیاواز لە ناسنامەی چینایەتی و فیکری ئەم ئۆپۆزسیۆنە ساختەیەیە . لەم بزووتنەوەیەدا جێگای کەسانی وەک ئێمە نابێتەوە . هۆکەشی ڕوون و ئاشکرایە؛ ئێمە ناتوانین لە ناو بزووتنەوەیەکدا بین کە ئامانجەکەی خۆ دەوڵەمەندکردنی توێژێکی مشەخۆری کۆمەڵایەتییە و لە دوائەنجامدا هەمان سیناریۆی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانییەکان دووبارە دەکاتەوە، واتە دەسەڵاتی سیاسیی بۆ گەیشتن بە ئامانجە ئابورییەکانی توێژێکی ئەرستۆکراتی سیاسیی بەدەستەوە دەگرێت، بەڵام ئێمە بڕوان وایە کە دەسەڵاتی سیاسیی دەبێت دەسەڵاتێکی گشتی بێت و کۆمەڵێک کەسی مشەخۆر خۆیان نەکەنە دەمڕاستی سیاسیی خەڵک، بەڵکو دەبێت خەڵک سیاسەت بکات و ئیدارەی سیاسیی وڵات لە دەست بگرێت، نەک نوخبەیەکی چاوچنۆکی سیاسیی و گیرفانپڕکەر . ئەوە ئەو کێشەیەیە کە بزووتنەوەی نوێ دەبێت یەکلایی بکاتەوە کە جەماوەر دەوڵەت و سیاسەت بەڕێوە ببات، نەک نوخبەیەکی فرتوفێڵکەری سیاسیی .

 بزووتنەوەی نوێ دەبێت ئەوە فێری هاوڵاتیان بکات کە هەرجۆرە لامبالاتییەک لە سیاسەتدا و هەرجۆرە خۆ دوورە پەرێزگرتن لە کێشە سیاسییەکانی کۆمەڵدا، کارەساتی ئابوریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتی بۆ وڵات لێدەکەوێتەوە .... بەهەرحاڵ، جەختی لەسەر دەکەمەوە کە باشترین و دروسترین هەڵوێستی مێژووییمان لەم قۆناغە مێژووییە دژوارەدا بەوە تۆمارکرد کە نەک هەر تەسلیمی شەپۆلی کۆێرانەی سیاسەتی باو نەبووین لە کوردستاندا، بەڵکو دژیشی وەستاینەوەو ڕەخنەی تووند و مەبدەئیشمان ئاڕاستەکرد.... لەو ڕووەوە کە ئێمە لە کەمایەتیداین، من هیچ نیگەرانییەکم نییە، چونکە هەمیشە بەرەی گەمژەکان و هەلپەرستەکانی کۆمەڵگە فراوانتر و گەورەتر بووە، بەڵام ئەم بەرەیە لە بەردەم شەپۆلی سیاسیی نوێدا تێکشکاون و کەوتوونەتەوە کەمایەتی . لەمڕووەوە پێویست ناکات لاپەڕەی مێژووی ئەو بزووتنەوە نوێیانە هەڵبدەینەوە کە لەسەرەتای کارکردندا بوون، بەڵکو ژیانی خۆمان باشترین نموونەیە؛ ئەو کاتەی ئێمە ڕەخنەی توندمان لە دەسەڵاتەکەی بارزانی و تاڵەبانی دەگرت، نەوشیروان و پێڕەکەی خەریکی جەنگی ناوخۆیی و بەزمانی خۆیان خەریکی شەڕی کورد کوشتن بوون، بەڵام مەهزەلەی مێژوو لەوەدایە کە ئێستا ئەوان بوونەتە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات و بە واتای بەڕێزیشتان ئێمە بە پەراوێز خراوین !... من دڵنیات دەکەم ئەم هەلومەرجە گوزەرو تیژپەڕە و ئەم ئۆپۆزسیۆنە مردووە.. بۆیە دەبێت ئێمە خۆمان بۆ پێشوازی لە دایکبوونی بزووتنەوەیەکی نوێ ئامادە بکەین کە لە پێشەوە وێنەیەکی گشتیم خستە بەرچاوتان . ئەو بزووتنەوەیە، بزووتنەوەی واقعی و عەمەلی ئێمە دەبێت .

گۆڕینی زمانی ڕەخنە و موخاتەبە

لەسەر ئەو خاڵە بە تەواوی هاوڕام کە بە ڕاشکاوانە نووسیوتانە " زمانی چەکوش و گوڵ بەسەر چووە و چیتر ئەو زمانە بەرامبەر بە دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی کڕیاری نییە ... " . هەروەک ئاگاداریشت ئەوە یەکێک بوو لە کێشەکانی من لە ناو سایتی کوردستانپۆستی پێشوودا، کە بەهەق گۆڕیومانە بۆ نەوشیروانپۆست . لە مێژبوو دەرکم بەو ڕاستییە کردبوو کە زمانی جنێو و موهاتەرات، فایلدروستکردن و دەستوەردان لە ژیانی تایبەتی تاکەکانی کۆمەڵگە، کاردانەوە و کڵتوری فاشیزمە بە فاشیزم . ئەمە هۆیەکی سەرەکی جیابوونەوەم بوو لەو سایتە و بنیاتنانی سایتی کوردستانپۆست ئینفۆ . زمانی گوڵ، یان زمانی بەڕێز و کاکیش ناتوانێت هیچ گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانە لە بارودۆخە زاڵەکەی کوردستاندا بکات و هیچ بگۆڕێت . کەواتە زمانی سێهەم بەرامبەر بە زمانی چەکوش و گوڵ چییە ؟ من بڕوام وایە بە ڕاشکاوانە قسەکردن لە سەر ناعەدالەتییە کۆمەڵایەتییەکان و خستنە ڕوویی ئاڵتەرناتیڤی ئەوانە، کردنەوەی گرێ کوێرە سیاسییەکان و ئاشکراکردنی نهێنییەکان و سکانداڵە سیاسییەکانی دەسەڵاتەکەی تاڵەبانی و بارزانی، گەڕان بەدوای ئاڵتەرناتیڤی نوێدا، داڕشتنی ستراتیژییەکی نوێ بۆ دەسەڵاتدارێتی لە کوردستاندا، ئەو زمانەیە کە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە ساختەکەیەوە لێیدەترسن . دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی بە سوکایەتی پێکردن بەهێزتر دەبن، بەڵام بە ڕەخنەی شۆڕشگێڕانە، بونیاتی دەسەڵاتی ئەوان لەرزۆک دەبێت . ئەگەر بە دیقەتێکی زیاترەوە سەرنجتاندابێتە سەر کوردستانپۆست ئینفۆ، بەم میتۆدە کاردەکات....

بۆچی ناوی کوردستانپۆست ئینفۆ ؟

لەوەدا هاوڕا نیم لەگەڵ بەڕێزتاندا کە نووسیوتانە " کۆپییە کردنی ناوی کوردستانپۆست جۆرێک لە دزیکردنی ئەدەبی و دەستدرێژیکردن بۆسەر مافی خاواندارێتییە ... ئایا ناوێکیترتان دەست نەدەکەوت ؟!" . لێرەدا با چەند ڕوونکردنەوەیەکی ڕاشکاوانەو بێ پێچ و پەناتان بۆ بدەم :

یەکەم / لە دنیای ئەنتەرنێت و لەو یاسایانەی کە بەرگری لە مافی خاوەندارێتی بزنس دەکەن، هەر کەس ئازادە لە بەکارهێنانی ناوێکی بازرگانیدا کە ئەگەر بە پاش و پێشگرێک، تەنانەت بە پیتێک لە ناوی کۆمپانیایەک، یان وێب سایتێکی دیکە [ کە ئەمەی دواییان مەبەستی ئێمەیە ] جودا بکرێتەوە . ئەمە مافی یاسایی خاوەندارێتییەو لە جیهاندا بەڕەسمی ناسراوە .

دووەم / خۆتان ئاگادارن کە بە هەزاران کاتژمێر کاتی خۆمم لە کوردستانپۆستی پێشتردا سەرفکردووە و کەسێک بووم کە ڕۆڵی سەرەکیم لە ناساندنی ئەو سایتەدا بە خوێنەری کورد هەبووە، بەڵام چ مانایەکی تێدایە کە خاوەنی ئەو سایتە بە فیتی نەوشیروان مستەفا و قادری حاجی عەلی بەرهەمی هەموو ماندبوون و شەونخونییەکانم لەدژی خۆم بەکار بهێنێت، سانسۆرم بکات، بوختان و فایلی خۆبەدەستەوەدان بە یەکێتیم  بۆ دروستبکات و تیرۆری شەخسی و سیاسییم بکات ؟ بە ڕاشکاوانە پێتانڕادەگەیەنم کە ئەوە بەمافێکی تایبەتی خۆم دەزانم بە هەمان ناوەوە فەزاحەتە سیاسییەکان و ئەخلاقی فاشیانەی ئەوان ئاشکرا بکەم و ئەمەش مافێکی سیاسیی و تەنانەت شەخسی خۆمە . 

سێیەم / بڕوام وایە کوردستانپۆست  بەپێی ئاڕاستەی فیکری من و لەسەر دەستی  مندا داهێنانێکی تازەی لە بواری ڕۆژنامەگەری ئازادی کوردیدا کرد . ئەو داهێنانەش ئەوە بوو کە زۆر جەریئانە چوارچێوەی سنوورە تەقلیدییەکانی کاری ڕۆژنامەگەری و کاری ڕەخنەگری لە دەسەڵاتی تاڵەبانی و بارزانی تێکو پێکدا، بەڵام دەستێکی خیانەتکارانە ئەم داهێنانەی وێرانکرد و ئەو سایتەی کردە مەزبەلەی سیاسەت . کاری سەرەکی کوردستانپۆست ئینفۆ، بنیاتنانەوەی ئەو داهێنانەیە کە لەسەر دەستی کەسانی هەلپەرستدا وێرانکراوە . لێرەوە، واتە بە کەڵک وەرگرتن لە ناوی " کوردستانپۆست " و بە زیادکردنی پاشگری " ئینفۆ "، هەم خۆمان لەو گەڕەلاوژە و زبڵدانەی کە ناوی کوردستانپۆستی لەسەر دانراوە جیا دەکەینەوە و هەم  ئەو پرۆسە ناتەواوە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەیە، کە ؛ە ساڵی ٢٠٠٢وە لەسەر تۆڕی ئەنتەرنێت، لە بواری ڕۆژنامەگەری کوردی و ڕەخنەگری سیاسیدا دەستمانپێکردبوو، درێژە پێدەدەین . ناوی کوردستانپۆست ئینفۆ، دەتوانێت هەم ڕەمزێک بێت بۆ تەعبیرکردن لەو داهێنانە نوێیە و هەم دەتوانێت ڕێگا لەوە بگرێت کە کەسانی هیچ لەباردا نەبووی بێ فیکرو بێ مەعریفە خۆی بە ماندووبوون و شەونخونییەکانی ڕابردووی ئێمەوە نەکاتە پاڵەوانی سیاسیی  لە نەوەیەک کە لەو ڕۆژگارەدا ئاگای لەوە نەبووە چی کراوە و چ کارێکی شۆڕشگێڕانە بە کیبۆردەکان ئەنجامدراوە!.

چوارەم / ئایا ئەوە ناو لێدەنێن چ جۆرە دزییەک کە کەسانی بودەڵە، هیچ لەباردانەبوو، بێ فیکر و بێ مەعریفە، نەفام و تەمەڵ لە سیاسەتدا بێن سوک و ئاسان فایلێکی سیاسیی ڕەشت بۆ دروست بکەن و بەرهەمی شەونخونی مێشک خواردنەکانی تۆ بە چەند هەزارا دۆلارێک بگۆڕنەوە بە قادری حاجی عەلی و نەوشیروان مستەفا ؟!.. بۆیە وتم هاوڕانیم لەگەڵتدا چونکە لەم لایەنەوە داوەرییەکی یەک لایەنەتانکردووە ....

لەگەڵ ڕێزو خۆشەویستیمدا

هەربژیت

هەربژیت

تاهیر ساڵح شەریف

١٨ی مارچی ٢٠١٢

تۆرۆنتۆ – کەنەدا

تێبینی: ئەمە دەقی وەڵامی نامەی هاوڕێیەکە کە نەیخواستووە ناوی ئاشکرا بکەم و دەقی نامەکەی ئەو لە کوردستانپۆست ئینفۆدا بڵاو بکەمەوە، بەڵام من ئەوەم بە مافی خۆمزانی وەڵامەکەی خۆم لێرەوە بڵاو بکەمەوە . هەڵبەت لەبڵاوکردنەوەیدا، هەندێک دەستکاریمکردووە، بەڵام هیچم لە ناوەرۆکەکەی نەگۆڕیوە .