هه‌واڵ
ڕاپۆرتی تایبه‌ت
سیاسه‌ت
‌‌‌ئابووری
‌فه‌لسه‌فه‌
تیۆری‌
‌ته‌نز‌
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
‌‌‌زانست و ته‌کنه‌ڵۆژیا‌
ده‌سه‌ڵات ‌‌
ئۆپۆزسیۆن
ئه‌نتی کاپیتاڵیزم ‌
‌مقالات عربیة
‌مقالات فارسی‌‌
‌ ‌English articles
‌وه‌رگێڕان ‌
‌کتێبخانه‌
‌‌
<August 2018>
SuMoTuWeThFrSa
2930311234
567891011
12131415161718
19202122232425
2627282930311
2345678


دوو کوردستانپۆست             



ئەو ڕابەرە گەنجەی جیهانی سەرمایەداری لیبراڵی هێنایە لەرزە !


دوایین فێڵی مێژوویی جه‌لال تاڵه‌بانی – نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ کورد " لیستی گۆڕان "ه‌!


ژنی دیکتاتۆرە عەرەبەکان خەریکی چین؟

داڕمانی یۆرۆ، داڕمانی یەکێتی ئەوروپا


Title
ڕۆڵی چەواشەکارانەی میدیای "نائەهلی" و "نا ئۆپۆزسیۆن" لە دروستکردنی فەزای جەنگی خەیاڵی نێوان مالیکی و بارزانیدا


img11/22/2012 12:00:00 AM
کوردستانپۆست ئینفۆ:

بە دوای ڕووداوەکەی دوزخورماتوودا، بارزانی هەوڵی ئەوە دەدات فەزایەکی سیاسیی جەنگی لە کوردستاندا دروستبکات و خەڵکی کوردستان لە دڵەخورپێ و نیگەرانیدا ڕابگرێت. ئەم هاش و هوشی جەنگ و بە ناو بەرگریکردنەی بارزانی لە بەرامبەر جوڵەی هێزەکانی دیجلەی مالیکیدا، تەنها بەو مەبەستەیە کە جارێکی دیکە لە سەر ئاستی کوردستاندا  خۆی وەک بەرپرسی یەکەمی کێشەی کورد لە عێراقدا بە خەڵک بناسێنێتەوە.

 بۆ ماوەی  چوار ساڵە کە ناڕەزایەتییەکی گشی لەسەر ئاستی کوردستاندا لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەو گەندەڵی بنەماڵەی بارزانی ڕووی هەڵکشانکردووە. بۆ داپۆشین و خەفەکردنی ئەو ناڕەزایەتییە، مەسعود بارزانی هەر بە چەند مانگ جارێک کێشەیەک لەسەر ئاستی عێراق یان دەرەوەدا دروستدەکات و سەرنجی گشتی لە کوردستاندا بەرەو ئەو کیشەیە ڕادەکێشێت تا لەو ڕێگایەوە هەم خۆی بکاتە قارەمانی بەرگریکردن لە کێشەی کورد و هەم ناڕەزایەتییە گشتییەکانیش دژ بە دەسەڵاتە گەندەڵ و دیکتاتۆرەکەی لەناو تەپ و تۆزی ئەو کێشەیەدا کە سازیکردووە نوقم بکات. دوایین کێشە کە مەسعود بارزانی دروستیکردووە، کێشەیە لەگەڵ مالیکیدا. کێشەی بارزانی لەگەڵ مالیکدا، کێشە نییە لەسەر بە ناو ناوچە جێ ناکۆکەکان، بەڵکو کێشەیە لەسەر نۆکەرایەتتیکردن بۆ ئەو دەوڵەت و هێزانەی کە لەپشتی بارزانی و مالیکییەوە وەستاون.

 مالیکی سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێران لە عێراقدا جێبەجێدەکات و بارزانیش سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک، سعودیە، قەتەر و ئەمریکا دژ بە مالیکی جێبەجێ دەکات. ناکۆکی نێوان مالیکی و بارزانی هیچ پەیوەندییەکی بە کێشەی کوردەوە نییە و " کێشەی کورد و پابەند بوون و نەبوون بە دەستوری عێراق " تەنها هۆکارێکە بە دەست مالیکی و بارزانییەوە بۆ یەکاڵاکردنەوەی کێشە و سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان لە عێراقدا. ئەوەی کە نابێت خۆی بخاتە ناو ئەو کێشەیەوە و ببێتە قوربانی سیاسەت و کێشە نێودەوڵەتییەکان و ناکۆکی نێوان مالیکی و بارزانی، خەڵکی کوردستانە. خەڵکی کوردستان دەبێت لەو کێشەیەدا لە پشتی هیچ یەک لە بارزانی و مالیکییەوە ڕانەوەستێت و پێویستە دژی ئەو فەزا جەنگییە خەیاڵییە، کە بارزانی و مالیکی دروستیانکردووە و دەیانەوێت خەڵکی کوردستان و عێراقی پێوە سەرگەرم بکەن، بووەستێتەوە. پێویستەخەڵکی عێراق و کوردستان یەخەی بارزانی و مالیکی بگرن لە سەر ئەوەی کە داهاتی نەوت و سەرچاوە ئابورییەکانی دیکە بۆ خوشگوزەرانی خەڵکی کوردستان و عێراق بەکار بهێنن و دەست لە دزی، گەندەڵی و بەهەدەردانی سەرمایەو داهاتی عێراق هەڵبگرن. ئەرکی هەر میدیایەکی سەربەخۆ و ئەهلی ئەوەیە ئەو ڕاستییە ئاشکرا بکات و بۆ خەڵکی ڕوونبکاتەوە، نەک وەک میدیاکانی بارزانی و مالیکی سەرنجی خەڵک لەسەر کێشە سەرەکییەکانی وەک گەندەڵی و دیکتاتۆری لەعێراقدا بەرەو شانۆگەرییەکی خەیاڵی و لابەلا ڕابکێشن، کە ئەمەش هیچ شتێک نییە جگە لە خزمەتکردن بە بەهێزکردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و گەندەڵی بارزانی و مالیکی. ئەوەی کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەسەر کار و هەڵوێستی میدیای بە ناو ئۆپۆزسیۆن و ئەهلی بینیمان، وەک پیشەی هەمیشەییان، تەنها بریتی بوو لە ئاوکردن بە ئاشی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و نەوت دزەکەی بارزانیدا و بەگشتی چەواشەکردنی جەماوەر بوو بۆ ئەو دەسەڵاتە.

ئایا جەنگێک لە نێوان ملیشیاکانی بارزانی و مالیکیدا ڕوو دەدات؟

بارزانی لە ڕاگەیاندنەکەی ١٧-١١-٢٠١٢ یدا، وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی، بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە  جەخت لەوە دەکات کە گوایە خەڵکی کوردستان ئامادەی هەموو ڕووبەڕوو بوونەوەیەکە لەگەڵ میلشیاکانی مالیکی ناسراو بە هێزەکانی دیجلەدا!. بارزانی بەو راگەیاندنە فەزایەکی جەنگی خوڵقاند. میدیای ئۆپۆزسیۆن و ئەهلیش، لەباتی ئەوەی ئەو کەش و هەوایەی بارزانی خوڵقاندی  بگۆڕن بۆ کەش و هەوایەکی دژ بە شانۆگەرییەکانی بارزانی، کەچی ئەوانیش سوک و ئاسان چوونە ژێر ساباتە شڕەکەی بارزانییەوە و زیاتر فویان بە زوڕناکەداکرد بۆ ئەم خۆگیڤکردنەوەیەی بارزانی بەرامبەر بە مالیکی. ئەوان فەزای ترساندن و دڵەڕاوکێی خەڵکی کوردستانیان لە هەڵگیرسانی جەنگدا زیاتر فراوانکردەوە، جەنگێک کە بەرپاکردنی لە ئێستادا نە لە توانای بارزانیدایەو نە لە توانای مالیکیدایە. مالیکی لە بارودۆخێکی ئەو تۆدا نییە کە بتوانێت جەنگ لە دژی بارزانی ڕابگەیەنێت، بە هەمان شێوە بارزانیش لە تونایدا نییە شەڕێک لەدژی  مالیکی ڕابگەیەنێت. کەواتە ئەم فەزای جەنگ دروستکردنە بۆچی ؟ ئامانجەکە بۆ بارزانی تەنها لە سێ خاڵدا بەرجەستە دەبێتەوە: یەکەم/ جوڵاندنی هەستی نەتەوەپەرستی کوێرانەی خەڵکی کوردستان و دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە کوردستاندا دژ بە دەسەڵاتەکەی لە کەش و هەوایەکی جەنگی و ترس و تۆقاندندا. دووەم/ هێز نواندن بەرامبەر بە مالیکی بەوەی گوایە خەڵکی کوردستان هەمووی لە پشت سەرۆکەوە ڕاوەستاون و  لەململانێی ئێستای لەگەڵ مالیکیدا بەرگری لێدەکەن!. سێیەم/  دووبارە هێزنواندنەوەی سیاسیی بارزانی بەرامبەر بە حیزب و لایەنەکانیتر بەوەی کە کێشەی کورد لە عێراقدا تەنها بارزانی قسەکەر و نوێنەریەتی و هەموو لایەنەکانی دیکە [ بە تایبەتی یەکێتی ] لەپەراوێزی کێشەکەدایە.

میدیای بە ناو ئۆپۆزسیۆن و ئەهلیش تەنها خزمەتیان بەو ئامانجەی بارزانیکرد و بوونە زوڕناژەنی ئەو سیاسەتە چەواشەکارانەی بارزانی.