هه‌واڵ
ڕاپۆرتی تایبه‌ت
سیاسه‌ت
‌‌‌ئابووری
‌فه‌لسه‌فه‌
تیۆری‌
‌ته‌نز‌
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
‌‌‌زانست و ته‌کنه‌ڵۆژیا‌
ده‌سه‌ڵات ‌‌
ئۆپۆزسیۆن
ئه‌نتی کاپیتاڵیزم ‌
‌مقالات عربیة
‌مقالات فارسی‌‌
‌ ‌English articles
‌وه‌رگێڕان ‌
‌کتێبخانه‌
‌‌
<October 2018>
SuMoTuWeThFrSa
30123456
78910111213
14151617181920
21222324252627
28293031123
45678910


دوو کوردستانپۆست             



ئەو ڕابەرە گەنجەی جیهانی سەرمایەداری لیبراڵی هێنایە لەرزە !


دوایین فێڵی مێژوویی جه‌لال تاڵه‌بانی – نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ کورد " لیستی گۆڕان "ه‌!


ژنی دیکتاتۆرە عەرەبەکان خەریکی چین؟

داڕمانی یۆرۆ، داڕمانی یەکێتی ئەوروپا


Title
فەرهاد فەرج کێ بوو، بۆچی تیرۆرکرا؟


img12/31/2012 12:00:00 AM
تاهیر ساڵح شەریف:

فەرهاد فەرەج ئەمین، نووسەر و ئەکتیڤیستی سیاسیی لە شەوی ١٧-١٠-١٩٩٩  لە بەردەمی ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن دوو تیرۆریستی ئیسلامییەوە بە دەمانچەی بێدەنگ تیرۆرکرا.

فەرهاد فەرەج ئەمین٤-٩-١٩٦٦لە ناو خێزانێکی دەستکورت و هەژاردا چاوی بەژیان هەڵهێنا. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لەشاری سلێمانی تەواوکرد. فەرهاد لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە تێکەڵ بە دنیای خوێندنەوە و سیاسەت بوو. چەوسانەوە و هەژاری، ئەو دیاریدانە بوون کە فەرهادیان ڕاکێشایە ناو دنیای پڕ لە جەنجاڵی سیاسەت و خوێندنەوەوە. فەرهاد لەناو کتێبەکاندا بەدوای دۆزینەوەی هۆکان و ڕێگاکانی چارەسەرکردن و بنەبڕکردنی هەژاری و چەوسانەوەدا دەگەڕا. لە ساڵی ١٩٨١دا بە  ئەدەبیاتی  گروپە چەپە نهێنییەکانی  کوردستانی ئەوسەردەمە ئاشنا دەبێت وپەیوەندییەکی دۆستانەیان لەگەڵدا دروستدەکات و لە خەباتی دژی ڕژێمی بەعس ئەوگروپانەدا بەشداری دەکات. لە خۆپیشاندان و مانگرتنە جەماوەری و خوێندکارییەکانی ساڵانی ١٩٨٢-١٩٨٣ و ١٩٨٤دا چالاکانە بەشداری دەکات. بەشداری چالاکانەی فەرهاد لە کاری سیاسیی و خۆپیشاندانەکاندا، بەزوویی لەلایەن دام و دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی  بەعسەوە دەخرێتە ژێر چاوەدێرییەوە و لە ١٥-١٠-١٩٨٦دا لەلایەن مدیریەتی ئەمنی سلێمانییەوە دەستگیر دەکرێت و دەخرێتە ژێر ئەشکەنجەو ئازارێکی دڕندانەوە، بەڵام فەرهاد خۆڕاگرانە لەبەر ئەشکەنجەو ئازاری جەلادەکانی ڕژێمی بەعسدا خۆی ڕادەگرێت و هیچ نهێنییەک لەسەر کاروچالاکییە سیاسییەکانی هاوڕێکانی نادرکێنێت. بەم هۆیەشەوە شەش جار فەرمانی ئازارو ئەشکەنجەی بۆ نوێ دەکەنەوە و سەرئەنجام لەژێر ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆردا ناچاری دەکەن ددان بەوەدا بنێت کە لەدژی دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەی بەعس خەبات دەکات و بەو هۆیەشەوە بە ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت.

ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر، پاشانیش سەپاندنی ١٥ ساڵ زیندان بەسەر گەنجێکی بیست ساڵەدا، کە پێش لە دەستگیرکردنەکەی، تەنها ١٥ ڕۆژ بوو چووبووە ژیانی هاوسەرییەوە، کە ئەمە یەکێک لە تراژیدترین چیرۆکەکانی ژیانی ئەو گەنجە شۆڕشگێڕ و یەکسانیخوازەیە، بەڵام ئەو ڕووداوە تراژیدییە لە ژیانی فەرهادی گەنجدا نەیتوانی ئاسۆکانی خەبات و تێکۆشان لەبەرچاویدا ون وتاریک بکات و کۆڵی لەخەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی پێبدات. بەوحاڵەوە، فەرهاد لە زینداندا نەک هەر بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەوەوە نەگۆڕی کە زیندانەکان و ئەشکەنجەخانەکان، پێویستییەکانی کۆمەڵگە نین و دەبێت ڕۆژێک  جەماوەری چەوساوە و مافپێشێلکراو بەسەر دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرو جەلادەکانیاندا وێرانی بکەن، بەڵکو بڕوای تەواوی بەوە هێنا کە هەتا زیندانەکان و ئەشکەنجەخانەکان هەبن مرۆڤ لە کۆیلایەتی دەسەڵاتدارە خوێنمژەکان ڕزگاری نابێت. ئەو تێگەیشتنەش بووە هۆی ئەوە کە تا دوایین ساتەکانی ژیانی خەبات لە پێناوی ئازادی و ڕزگاری مرۆڤی چەوساوە لە کۆت وزنجیری کۆیلایەتی دەسەڵاتدارە چەوسێنەرەکان درێژە پێبدات.

پاش زیاتر لە ٢ ساڵ زیندانی و ئەشکەنجەدان، سەرئەنجام لە لێبووردنێکی گشتی سەدامدا بۆ زیندانییە کوردەکان، فەرهاد فەرەج لە ١٤-٩-١٩٨٨ دا حوکمی ١٥ ساڵ  زیندانەکەی لەسەر هەڵگیراو ئازادکرا. ئازادبوونی فەرهاد، هاوڕابوو لەگەڵ تاریکترین ڕۆژەکانی مێژووی کوردستاندا؛ لەلایەک هەڵبجە کیمابارانکرابوو، لەلایەکی دیکەشەوە پرۆسەی عەمەلیاتی ئەنفالی بەعس، ئاشبەتاڵی بزووتنەوەی چەکداری کوردایەتی، ڕەشبگیر، ئیعداماتی بەکۆمەڵ، میلتاریزەکردنی کوچەو کۆڵانەکانی شارەکانی کوردستان، وێرانکردنی گوندو شارۆچکەکان دەستیپێکردبوو. ئەو دیمەنە دڕندەو ترسناکانە کە ڕژێمی بەعس لەوڕۆژگارەدا لە مێژووی کۆمەڵگەی کوردستاندا وێنای کردبوون، نەک هەر پاشکەشەیان بە فەرهاد نەکرد لەخەبات و تێکۆشان، بەڵکو زیاتر هاندەرێک بوون بۆ ئەوە کە فەرهاد بە شێوازێکی نوێ و لەهەلومەرجێکی ترسناکتردا درێژە بە دژایەتیکردنی ڕژێمی دڕندەی بەعس بدات.

پاش ئازاد بوونی فەرهاد لەزینداندا، ناچار بوو کە زۆر بە نهێنی کارە سیاسییەکانی درێژە پێبدات؛ پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوڕێکانی نهێنی بکاتەوە، ماڵەکەی لەم گەڕەک بۆ ئەو گەڕەک و لەم کۆڵان بۆ ئەو کۆڵان بگوازێتەوە. کتێب و نووسراوە نهێنی و یاساغەکانی ئەوڕۆژگارە لە  شوێنە تایبەتەکاندا بشارێتەوە. لە دۆخێکی دژواری لەوجۆرەدا، فەرهاد کۆڵی لە خوێندنەوەی ئەو سەرچاوانە نەدا کە ئەگەر دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێم لە هەرماڵێکدا بەردەستیان بکەوتبیا، خانووەکەیان بە شۆفڵ دەڕوخاند و خاوەن ماڵەکەشیان بۆ هەتەهەتایە بێسەروشوێن دەکرد.  فەرهاد پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ گروپە  کۆمۆنیستی و چەپە نهێنییەکانی ئەو ساڵانەدا درێژە پێدا.

بەشداری چالاکانەی لەڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا کرد و یەکێک لە دامەزرێنەرەکانی شورای گەڕکی سەرشەقامی سلێمانی بوو. چالاکانە لەکاروبارە سیاسیی و ئیدارییەکانی ئەوشورایەدا بەشداری دەکرد. لەخۆپیشاندانی بزووتنەوەی شوراکان لەدژی دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەی پارتی و یەکێتی و بەرەی کوردستانی لە ڕۆژەکانی ١٨ و ١٩ مارچی ١٩٩١دا بەشداریکرد.

 

پاش ڕۆژانی ئاوارەیی و تێکشکانی بزووتنەوەی شوراکان، سەرسەختانە دژی ئەو مەیلە سیاسییە شکستخواردووە چەپگەرایی وەستایەوە کە بزووتنەوەی شورایی و شوراکانی بە بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرست و ناشناڵیزم تۆمەتبار دەکرد. پاش ئەوەی  فەرهاد نائومێد بوو لەوە کە زۆربەی هەرەزۆری کۆمۆنیستەکان و چەپەکان پشتیان لە بزووتنەوەی شوراکانکردووە و بزووتنەوەی شوراکان ناتوانێت جارێکی دیکە هەستێتەوە، لە ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا گەڕا بە دوای هاوبیروبۆچوونەکانی خۆی و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا شانەیەکی بجووکیان لەژێر ناوی " کرێکارانی کۆمۆنیست "دا پێکهێناو چەند بەیاننامەو ڕاگەیاندنێکیان بڵاوکردەوە. پاشان لە ڕۆژی ٨ی مارسی ساڵی ١٩٩٢دا دوو بەیاننامەی هاوبەشیان لەگەڵ " ئەڵقەی پێشڕەوانی کۆمۆنیست "دا بڵاوکردەوە و لە بەیاننامەی دووەمیاندا بە تووندی  ئیدانەی " بزووتنەوەی ئیسلامی "یانکرد لەسەر دڕاندنی پۆستەرەکانی ئەو مەراسیمەو هەڕەشەکردنی چەکدارەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەڵسوڕێنەرانی مەراسیمەکە لە هەڵبجەدا.

 پاشان  هەردوو شانەکە [ کرێکارانی کۆمۆنیست و پێشڕەوانی کۆمۆنیست ] یەکیانگرت و گروپی " یەکێتی کرێکارانی کۆمۆنیست "یان لە ٥ی نیسانی ١٩٩٢دا ڕاگەیاند. ئەم گروپە، سەرەڕای بچووکی و کەمی ئەندامەکانی، بەڵام یەکێک بوو لە گروپە چالاکەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستانی دوای ڕاپەڕین و بەتووندی دژایەتی دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەی پارتی و یەکێتی و ڕەوتە هەلپەرستەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی دەکرد. لەسەر پێشنیاری فەرهاد و دوو ئەندامی دیکەی ئەم گروپە، گۆڤارێکی مانگانە وەک زمانحاڵی ئەم گروپە بە ناوی " شۆڕشی کرێکاری " بڵاوکرایەوە. فەرهاد یەکێک بوو لە دەستەی نووسەرانی ئەم گۆڤارە.

فەرهاد تەنها نووسەرێک نەبوو کە بیروبۆچوونەکانی خۆی بنووسێتەوە، ئەو بڕوای بە نووسینی بێ کردار نەبوو، بەڵکو ئەو کەسێکی پراکتیکیش بوو. ئەوەی کە دەینووسی و ئەوەی کە قەناعەتی سیاسیی پێی هەبوو، بە کردەوەش جێبەجیی دەکرد. ئەو لە ژمارە ١ و ٢ی گۆڤاری شۆڕشی کرێکاریدا  دوو وتاری بە ناوی خوازیاری " بڕیار جەمال "ەوە نووسی وپاشان بیروبۆچوونەکانی خۆی خستە قاڵبی پراکتیکییەوە. لە وتاری دووەمدا باس لە ڕیشەو هۆیەکانی بێکاری لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا دەکات و دروستکردنی ڕێکخراوەو یەکێتییەکانی بێکاران دەکاتە میکانیزمێک بەدەستی جەماوەری بیکارەوە بۆ ڕووبوونەوە لەگەڵ گیروگرفتی بێکاری لە کۆمەڵگەدا. بەدوای ئەم وتارەدا، فەرهاد لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چالاکانە بۆ دروستکردنی "یەکێتی بێکاران " لە کوردستاندا دستبەکار بوو.  پاش دەستێوەردانی ڕێکخراوە  چەپەکانی سەر بە کۆمۆنیزمی کرێکاری لە کارەکانی ئەو ڕێکراوە جەماوەری و پیشەییە، فەرهاد و چەند هاوڕایەکی جیا بوونەوە و " ڕێکخراوی  بێکارانی کوردستان"یان دروستکرد.

 

فەرهاد چالاکانە لە ڕێکخراوی بێکارانی کوردستاندا دەستبەکار بوو. لەکاتێکدا کە دوو گەمارۆی ئابوریی ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕژێمی بەعس ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیان هێنابووە خوارەوە بۆ ژێر هێڵی هەژاری و شەڕ و گەمارۆی خواردەمەنی پارتی و یەکێتیشی بۆ زیاد بوو، فەرهاد هەوڵی دەدا لە ڕێگای ڕێکخراوی بێکارانەوە، جەماوەری بێکار و هەژاری ناوچەی سلێمانی  بە داخوازییە هەرەسەرەتاییەکانیان کە بریتی بوو لە دابینکردنی خواردەمەنی و سوتەمەنی، ئاشنا بکات و بۆ خەباتێکی ئابوریی ڕێکیان بخات.

 

فەرهاد بڕوای وا بوو کە جەماوەری هەژار و بێکار لە کوردستاندا تەنها  لەڕێگای ڕێکخراوبوون و هاتنە سەرشەقامەوە  دەتوانن داخوازییە ئابورییەکانیان بە سەر پارتی و یەکێتیدا بسەپێنن و ژیانێکی مرۆڤانە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن. لەو تێگەیشتنەوە بوو کە بەردەوام بە نووسین و بە لێدوان و بە ڕێکخستنی کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی بێکاران، هەوڵی هوشیارکردنەوەی ئەو بەشە لە کرێکارانی کوردستانی دەدا.

فەرهاد تەنها هەڵسوڕاوێکی بواری خەباتی دژی بێکاری و دامەزرێنەری ڕێکخراوە جەماوەرییەکان نەبوو، بەڵکو بە تەنیشت ئەوانەوە، بەردەوام خەریکی کارو چالاکی سیاسیی و بردنە سەرەوەی ئاستی هوشیاری سیاسیی و تیۆری خۆیشی بوو. لە گۆشەیەکی ژورە هەژارانەکەیدا شێڵفێکی پڕ کردبوو لە کتێبەکانی مارکس، ئەنگلس، لێنین و نووسەرانی مارکسیستی دیکە.

فەرهاد بە هەردوو زمانی عەرەبی و فارسی دەیخوێندەوە. بن هەنگڵی هەمیشە پڕ لە ڕۆژنامەکانی کوردستان بوو. هەمیشە کتێبێک لە دەستیدا بوو. ئەو تامەزرۆی خوێندنەوە و گفتوگۆی سیاسیی و فیکری بەردەوام بوو. ڕۆژانە بە ووردی بە دوای ڕووداوە سیاسییە ناوخۆیی و ناوچەییەکاندا دەچوو. پاشان گفتوگۆی لەسەر دەکردن، یان بۆچوونەکانی خۆی لەسەریان لە وتارێکدا دەنووسییەوە.

کێشەی نەبوونی ئازادی بیروڕا دەربڕین، ئازادی سیاسیی و چاپەمەنی لە کوردستانی دوای ڕاپەڕینی ئازار، ئەو کێشانە بوون کە هەمیشە بیرو هۆشی فەرهادیان بەخۆیەوە خەریک کردبوو. فەرهاد بۆچوونی وابوو کە پارتی و یەکێتی، بەرەی کوردستانی و حیزبە ئیسلامییەکان، لەهەڵوێست و مامەڵەیاندا لەگەڵ ئازادییە سیاسییەکان، ئازادی چاپەمەنی و ئازادی بیروڕادا،جیاوازییەکیان لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا نییە. لەو سۆنگەیەوە، لەهەموو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکی سیاسیی دژی پارتی و یەکێتی بەشداری دەکرد، یان بە نووسینی وتارێک دژیان دەوەستایەوە.  ساڵی ١٩٩٣ لە وتارێکدا، کە بە ناوی خوازراوی [ بڕیار جەمال ] لە گۆڤاری " شۆڕشی کرێکاری "دا بڵاویکردەوە، بە ڕاشکاوانە دەڵێت :" ئەم حیزبانە لە هیچ کاتێکدا دەستیان لە گرتن و کوشتن و ڕاونانی نەیارانی سیاسی خۆیان بەرنەداوە، جائیتر ئەو نەیارانە لەدەرەوەی حیزبەکان و لایەنەکانی خۆیان بووبن، یان لەناو خۆیاندا بووبێت. مێژووی ئەمانە پڕە لەو نمونانەی کە چەندەهاجار تاوانی سەرکوتکردنی ئازادی سیاسییان لە خۆیان پیشانداوە.... میژووی بۆرژوازی ناسیۆنالیزمی کورد، لەدژی ئازادی سیاسی و لەدژی مافەسەرەتاییەکانی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان چەندە کۆنە و چ ڕابردوویەکی درێژی هەیە. وە ئێستاش درێژەی پێدەدرێت. ئەمانە هەموویان ئەوە دەردەخەن کە هات و هاواری بەرە و پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئازادی و دیموکراتی و مافی مرۆڤ و فرەحیزبی، چەند درۆ و ڕیاکارانەیەکی ڕووت و بێ پەردەیە و تەنها بۆ بەلاڕێدا بردنی بیری کۆمەڵانی زەحمەتکێش و بۆ مراندنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و خەڵکی دەستتەنگی کوردستانە... بەڕاستی ئەمە جگە لە وەفاداربوون بە کردەوەکان ڕژێمی بەعس و دەستورەکەی ئەو هیچی تر نییە - بەرەو حکومەتی هەرێم و هێرش بۆ سەر ئازادییە سیاسییەکان - بڕیار جەمال؛ گۆڤاری شۆڕسی کرێکاری ژمارە چوار، نیسانی ١٩٩٣* ".

 جگە لە ڕەخنە سیاسییەکانی لە بەرەی کوردستانی و حکومەتی هەرێم، فەرهاد بڕوای تەواوی بەوە هەبوو کە کێشەی کورد، کێشەیەکە دەبێت کۆمۆنیستەکان و بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە کوردستاندا هەڵوێستی ڕاشکاوانەی لەسەر وەربگرێت. ئەو بڕوای وابوو کە کێشەی کورد، کێشەیەکی سیاسیی و بابەتییە لە هەر چوار وڵاتی عێراق، ئێران، تورکیا و  سوریادا و دەبێت لە ڕوانگەیەکی سۆشیاڵیستییەوە چارەسەر بکرێت. ئەو هەمیشە پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی دیکەی بزووتنەوەی کوردایەتی لەوێوە دەدایە بەر ڕەخنە کە دەیانەوێت لەسەر کێشەی کورد سات و سەودا و مامەڵە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا بکەن، یان کیشەکە بۆ بوونە شەریکە ئابوریی و بازرگانی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی، یان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەردا بەکار بهێنن. لەو ڕووەوە بە تووندی هەم دژایەتی ئەوانیدەکرد و هەم بڕوایش وابوو کە بەکردەوە دەبێت دژایەتی دەستێوەردانەکانی هەر چوار ڕژێمی عێراق، ئێران، سوریا و تورکیا لە دۆخی سیاسیی کوردستاندا بکرێت. لەو تێگەیشتنەیەوە بوو کە لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکی سیاسیی دیکەدا لە  ٢٢- ٣- ١٩٩٥دا **لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری سلێمانی خێمەیان هەڵداو دەستیانکرد بە مانگرتنێکی یەک هەفتەیی و داوای کشانەوەی سوپای تورکیایان لە هەرێمی کوردستاندا کرد.

ماویەتی........................

* بەداخەوە لاپەڕی ٣١  و ٣٢ی هەمان گۆڤارم لا نەماوە کە هەموو وتارەکەی فەرهادی لە خۆ گرتووە و تەنها سێ بەشی وتاری ناوبراوم لەبەردەستدایە.

** بە تەواوی دڵنیا نیم کە ئایا مانگرتنەکە لە ٢٢-٣-١٩٩٥ دا بوو یان زووتر، ئەو ڕۆژەشم لە ڕووی یادەوەری مێشکمەوە تۆمارمکردووە، بەڵام ئەو بەڕێزانەی کە لەو مانگرتنەدا بەشدار بوون، ڕەنگە سەعات و ڕۆژی مانگرتنەکەیان بە تەواوی لە یاد مابێت، بە تایبەتی بەڕێز ڕەحمان غەریب کە خۆی یەکێک بووە لە مانگرەکان و بەردەوام کاری ڕۆژنامەگەریش دەکات. هیوادارم ئەگەر لە نووسینەوەی ڕۆژی دەستپێکردنی مانگرتنەکەیاندا هەڵەمکردووە بۆم ڕاست بکەنەوە.