هه‌واڵ
ڕاپۆرتی تایبه‌ت
سیاسه‌ت
‌‌‌ئابووری
‌فه‌لسه‌فه‌
تیۆری‌
‌ته‌نز‌
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
‌‌‌زانست و ته‌کنه‌ڵۆژیا‌
ده‌سه‌ڵات ‌‌
ئۆپۆزسیۆن
ئه‌نتی کاپیتاڵیزم ‌
‌مقالات عربیة
‌مقالات فارسی‌‌
‌ ‌English articles
‌وه‌رگێڕان ‌
‌کتێبخانه‌
‌‌
<December 2018>
SuMoTuWeThFrSa
2526272829301
2345678
9101112131415
16171819202122
23242526272829
303112345


دوو کوردستانپۆست             



ئەو ڕابەرە گەنجەی جیهانی سەرمایەداری لیبراڵی هێنایە لەرزە !


دوایین فێڵی مێژوویی جه‌لال تاڵه‌بانی – نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ کورد " لیستی گۆڕان "ه‌!


ژنی دیکتاتۆرە عەرەبەکان خەریکی چین؟

داڕمانی یۆرۆ، داڕمانی یەکێتی ئەوروپا


Title
١٣٠ساڵ بە دوای مەرگی کارڵ مارکسدا


img3/13/2013 12:00:00 AM
کوردستانپۆست ئینفۆ:

١٣٠ ساڵ لەمەوپێش و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، گەورەترین مێشکی زانایەکی  کۆمەڵناسی، فەیلەسوفێک، ئابوریزانێک، مێژوونووسێک، ڕەخنەگرێک، ڕۆژنامەنووسێک، زمانزان و شۆڕشگێڕێکی ماندوونەناس و کۆڵنەدەر لەکارکەوت؛ کات ژمێر ٢.٤٥ دەقیقەی ڕۆژی ١٤ مارسی ١٨٨٣ کارڵ مارکس لە تەمەنی ٦٥ ساڵی و لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا، لە لەندەن بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و مرد!...، بەڵام  ئەو گەنجینەیەکی پڕ لە زانست و مەعریفەی لە دوای خۆی بەجهێشت، کە تا ئەو ساتە وەختەی کۆمەڵگەی مرۆیی ئەمڕۆ لەسەر دابەشبوونی چینایەتی، ناعەدالەتی ئابوریی، کۆمەڵایەتی، سیاسیی، ڕەگەزی و کڵتوری بڕوات و درێژە بە بوونی خۆی بدات، ئەو گەنجینەیەش بەنرخ و بەنرختر دەمێنێتەوە.

کارڵ مارکس لە مانگی ئایاری ساڵی ١٨١٨ لە شاری تیری ئەڵمانیا لە خێزانێکی جولەکە لەدایک بوو، بەڵام بەهۆی ستەم و هەڵاواردنی ئاینی دەوڵەتی پروسیاوە، باوکی مارکس [ هاینریش مارکس ] بۆ ئەوەی کە کاری پارێزەرییەکەی لە دەستنەدات، ناچار بوو واز لە ئاینی جولەکە بهێنێت و ببێتە مەسیحی پرۆتستانی. کارڵ مارکس و  براکانیشی هەمان ئاینی پرۆتستانیان وەک بیروڕای خۆیان قەبوڵکرد، بەڵام لەساڵانی دواتردا کارڵ مارکس دەستی بەڕەخنەگرتن لە ئاینی مەسیح کرد و ئەو ئاینەی  ڕەتکردەوە و بەرەو ئەتایزم و بڕوانەبوون بە هێزێکی سەروسروشت هەنگاوی هەڵگرت. وەک لە نووسینەکانی سەردەمی لاوێتی مارکسدا دەردەکەوێت، ئەو دەگاتە ئەم ئەنجامە کە ئاینەکان وەهمی مرۆڤن لە بەرامبەرسروشت و کارەساتە سروشتییەکاندا و بڕوای وایە هەموو ئاینەکان دەستکردی خودی مرۆڤەکانن.

مارکس لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا قۆناغی خوێندنی ئامادەیی لە شاری تریری ئەڵمانیا تەواوکرد و چووە زانکۆی بۆن. لە قۆناغی ئامادەییدا بە باشی توانی زمانی فەڕەنسی، ئیسپانی، ئیتالی، هۆڵەندی، ڕوسی و ئینگلیزی فێر ببێت. مارکس لەژێر گوشاری باوکیدا ناچار بوو کە بچێتە کۆڵیجی یاساوە. مارکس ئارەزوی ئەوە بوو کە  لە  بەشی ئەدەب و فەلسەفەدا بخوێنێت و ببێتە شاعیر و شانۆنامەنووس، بەڵام باوکی ڕێگای پێنەدا. پاش تەواوکردنی کۆلیجی یاسا، لە ساڵی ١٨٣٦دا، دووبارە گەڕایەوە بۆ زانکۆی بەرلین و لە بەشی فەلسەفەدا دەستی بە خوێندنکردەوە. لە مانگی مارچی ١٨٤١دا بەشی فەلسەفەی تەواوکرد و بڕوانامەی دکتۆرای لەلایەن زانکۆی یەناوە پێبەخشرا. تێزی دکتۆرانامەکەی مارکس لەسەر ناکۆکی فەلسەفەی سروشتی دیموکریتس و ئەپیکۆربوو، کە بە ووردترین و ئاڵۆزترین بابەتی فەلسەفی خەمڵێنراوە.

کارل مارکس لە زانکۆی بەرلیندا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بیریارانی بەرجەستەی بواری سیاسەت، فەلسەفە، ئاین و ئەخلاقدا ئاشنا دەبێت و پاشان لەگەڵ هیگڵییە لاوەکاندا دەست بە چالاکی سیاسیی و فیکری دەکات. بەدوای ئەوەدا، دەبێتە ڕەخنەگر لە هیگڵییە لاوەکان و زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری تێڕوانینی ماتریالیستی لۆدفیگ فیورباخەوەو لەساڵانی دواتردا دەبێتە ڕەخنەگر لە تێڕوانیینە فەلسەفییە میتافیزیکییەکانی فیورباخ.

لە پایزی ساڵی ١٨٤٢دا مارکس بووە سەرنووسەری ڕۆژنامەی لیبراڵی "راینیشه تسایتونگ". بەهۆی ڕەخنەی تووندی مارکس و نووسەرانی دیکەی ئەم ڕۆژنامەیە لە دەوڵەتی پروسیا، چەندین جار خرایە ژێر سانسۆرەوە و پاشان بەفەرمانی ڕاستەخۆی سەرۆکی حکومەتی پروسیا، ئەم ڕۆژنامەیە داخراو مارکس بێکارکرا. بێکاربوونی مارکس، هاوڕابوو لەگەڵ هەژاریدا، بەڵام ئامادەی ئەوە نەبوو کە بە هیچ شێوەیەک سات و سەودا لەسەر بیروڕاکانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی پرۆسیادا بکات.

لەساڵی ١٨٤٣دا لە شاری کریوزناخ لەگەڵ جێنی ڤۆن وێستفاڵن Jenny von Westphalen، کە هەم هاوڕێی منداڵی مارکس و هەم دەستگیرانی قۆناغی زانکۆی بوو، چوونە ژیانی هاوسەرییەوە. جێنی لە خێزانێکی کۆنەپەرستی دەوڵەمەند بوو. برا گەورەکەی  جێنی، وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی پروسیا بوو.  

 پاشان مارکس بەهۆی گوشارەکانی دەوڵەت و بێکارییەوە،  چووە فەڕەنسا و لەوێ لەگەڵ ئارنۆڵد ڕوگەدا گۆڤاری " ساڵنامەی فەڕەنسی - ئەڵمانی "یان دەرکرد. ئەم گۆڤارە بەهۆی ناکۆکی فیکری نێوان مارکس و ڕوگە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی گرفتی بڵاوکردنەوەی نهێنیانە لە ئەڵمانیادا تەنها یەک ژمارەی لێچاپکرا. مارکس لەم گۆڤارەدا ڕەخنەی تووندی ئاڕاستەی هەموو شتێک دەکات و بڕوای وایە کە ڕەخنە چەکێکی کاریگەری بەرەوپێشبردنی خەباتی پرۆلیتاریایە دژ بە چەوسانەوەو ناعەدالەتی ڕژێمی سەرمایەداری.

مارکس لەساڵی ١٨٤٤دا لەگەڵ هاینریش هاینەی شاعیر و فەریدرەک ئەنگڵسدا یەکتریانناسی و بوون بە هاوڕێ. لەڕێگای  هاینریشەوە ئەندامانی بزووتنەوەی سۆشیالیستی فەرەنسای ناسی. مارکس دەستیکرد بە ڕەخنەگرتن لە بیروبۆچوونە فەلسەفی و ئابورییەکانی سۆشیالیستە فەڕەنسییەکان.

 لە ساڵی ١٨٤٥دا دەوڵەتی پروسیا هەستی بە مەترسی فیکری و جموجوڵە سیاسییەکانی مارکس کرد و بە ڕەسمی داوای لە  دەوڵەتی فەڕەنسا کرد تا لەو وڵاتە دەریبکات. پاشان مارکس ناچاربوو بەرەو برۆکسڵ بڕوات. لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش لە مانگی فێبروەری ١٨٤٨لە فەڕەنسا، مارکس لە بەلیجکا دەرکراو دووبارە گەڕایەوە بۆ پاریس. لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ئەڵمانیاش لە مانگی مارسی ساڵی ١٨٤٨دا، مارکس گەڕایەوە بۆ ئەڵمانیاو لە شاری کۆڵن نیشتەجێ بوو. لە کۆڵنیش ڕۆژنامەی " ڕاینی نوێ "ی دەرکرد. پاش بە دەسەڵاتگەیشتنی حکومەتی نوێ لە ساڵی ١٨٤٩دا، یەکەمین دادگاییکردنی لەدژی مارکس بوو. بە فەرمانی دادگا، دووبارە مارکس لە ئەڵمانیا دەرکراو جارێکی دیکەش گەڕایەوە بۆ پاریس، بەڵام پاش لە خۆپیشاندانەکانی مانگی تەموزی ١٨٤٩لە پاریس،  مارکس لە فەڕەنساش دەرکرا و بەرەو لەندەن بەڕێکەوت، تا مرد لە لەندەن مایەوە.

مارکس بە جیا لە دروستکردنی ٣ ڕێکخراوەی سیاسیی نێونەتەوەیی [ یەکێتی کۆمۆنیستەکان، ئەنتەرناسیۆناڵ یەکەم و دووەم ] بە هەزاران لاپەڕەی لەسەر ئابوریی، فەلسەفە، سیاسەت، ئەدەب و مێژوو نووسیوە و لە ماوەی ١٣٠ ساڵی ڕابردوویشدا، لەسەرتاسەری دنیادا بە سەدان هەزار لاپەڕە لە هاوڕایی، یان لە نەیاری لەگەڵ تیۆرییەکان و بیروڕاکانی مارکسدا نووسراون و بڵاوکراونەتەوە.  

ئەوەی کە لە بۆنەی تێپەڕینی ١٣٠ ساڵ بە سەر مەرگی کارڵ مارکسی بیرمەندی سەدەی نۆزدەهەمدا بە پێویستمانزانی بینووسینەوە، ژیاننامە و بایۆگرافی تەواوی مارکس نییە، بەڵکو نووسینی چەند دێڕێکە لەبارەی مارکسی دوای ١٣٠ ساڵ لە مەرگ.

بۆچی پاش ١٣٠ ساڵ تیۆری و جیهانبینی مارکس زیندووە؟

لە ساڵی ٢٠٠٨دا کە ئابوریی جیهانی سەرمایەداری دووچاری قەیرانی ئابوریی بوو، دووبارە مارکس و تیۆری " قەیرانی ئابوریی سەرمایەداری "یەکەی کەوتەوە ژێر سەرنجی ئابوریناسان، زانکۆکان  و ئەکادیمیستەکانی بۆرژوازی لە ڕۆئاوادا. ئەوانەی کە بە دوای ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەتدا تەپڵی " مایەپووچ بوونی فیکری و تیۆری مارکس و مارکسیزم"یان لێدەدا، گەڕانەوە بۆ تیۆرییەکانی مارکس تا دووبارە لە بەر ڕۆشنایی ئەودا ڕێگاچارەیەک بۆ قەیرانەکە بدۆزنەوە!. هەندێکیان زیاتریش لەوە ڕۆیشتن و هاتنە سەر ئەو ڕایە کە " ڕژێمی سەرمایەداری ناتوانێت دریژە بە ژیانی خۆی بدات و خۆی لە قەیرانە دەورەییەکانی ڕزگار بکات و پێویستە ئابوریی سەرمایەداری بە شێوەیەکی شێنەیی و پلە بە پلە بگۆڕێت بۆ سۆشیالیزم!". هەردوو بۆچوونە بۆرژواییەکە، لە خوێندنەوەی  دووبارەی تیۆری قەیرانی ئابورییەکەی مارکسدا، سەلماندیان کە " مارکس و تیۆرییە ئابورییەکانی " خواردنی ناوەندە ئەکادیمی و زانکۆییەکانی نییە، چونکە هیچ لایەکیان توانای دەرک و تێگەیشتنی قوڵ و هەمەلایەنەی ئەویان نییە. بە پێچەوانەی دەرک و تێگەیشتنی هەردوو ڕوانگە ئەکادیمییە بۆرژوازییەکەوە، کە یەکێکیان کارڵ مارکسی تا ڕادەی ئابوریزانێک دەهێنایە خوارەوە و پێی وابوو دەتوانێت لەبەر ڕوناکی ئەو تیۆرییەدا دەرمانێک بۆ دەردە چارنەکراوە ئابوریی و ژێرخانییەکانی ئەم ڕژێمە بدۆزێتەوە و ئەوی دیکەیشیان پێی وابوو کە تێڕوانینی ماتریالیستی مێژوویی مارکس بۆ گۆڕانی کۆمەڵگەو مێژووی مرۆڤ، تێڕوانینێکی میکانیکی و دیترمێنیستی ( جەبری - الحتمية )یە!. کارڵ مارکس نە ئابوریزانێکە بەچەمک و تێگەیشتنە ئەکادیمییە بۆرژوازییەکە و نە ڕاڤەکەرێکی پاسیفیستی چاودێر بەسەر گۆڕانی کۆمەڵگە و مێژووی مرۆڤدا. مارکس ڕەخنەگرێکی ئابوریی پرۆلیتاریایە لە ئابوریی و شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری. لێکۆڵینەوەو توێژینەوە ئابورییەکانی مارکس لەسەر شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، لێکۆڵینەوەو توێژینەوەیەکی ئەکادیمیستانە، ئابوریناسانە و دێترمینیستی نییە، بەڵکو لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە لە ڕوانگەی پرۆلیتاریاوە، واتە ئەو چینەی کە لە تێڕوانینی ماتریالیستی مارکسەوە بە پراکتیکی شۆڕشگێڕانەی و لەڕێگای بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمۆنیستییەوە کۆتایی بە خاوەندارێتی تایبەتی سەرمایەداری دەهێنێت بەسەر هۆیەکان و ئامڕازەکانی بەرهەمهێنانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا و کۆمەڵگەی جیهانی لە قۆناغێکی نزمەوە دەباتە قۆناغێکی بەرزتری مێژوویی.

زانستیبوونی شیکردنەوە ئابورییەکانی مارکس بە تەنها لەوەدا نییە کە بەشێوەیەکی دیالیکتیکی ناکۆکییەکان و ململانێ بنچینەییەکانی ئەم شێوە بەرهەمهێنانە ئاشکرا دەکات، بەڵکو لەوەدایە کە یاساکانی زاڵ بەسەر گۆڕانی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بۆ شێوەیەکی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و مێژوویی دیکە دەدۆزێتەوە، کە لەودا بەرهەمهێنان نەک بۆ قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایە لە دەستی چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتیدا، بەڵکو بۆ دابینکردنی پێداویستییە ماددییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکانە. مارکس ئەو کۆمەڵگەیە ناو لێدەنێت کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی. کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی خەون و خەیاڵێکی ڕۆمانسیانەی کارڵ مارکس نییە، بەڵکو پێداویستییەکی مێژوویی و ئابوریی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە. لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردووی مێژووی ڕژێمی سەرمایەداریدا، ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە ئەم سیستەمە ناتوانێت بە ئارامی و هێمنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەڕێوە ببات، چونکە بەردەوام تووشی قەیرانە کوشندەکان دەبێت و بۆ ڕزگاربوونیش لە هەر قەیرانێکی ئابوریی، ئاسایش و ئارامی مرۆڤایەتی لەسەرتاسەری دنیادا دەخاتە بەرمەترسییەوە؛ شەڕە ماڵوێنکەرەکان بەرپا دەکات، قات و قڕی، گرانی، هەژاری، بێکاری، برسێتی و چەوسانەوە تا بەرزتین ئاستی خۆی دەبات. بەم حاڵەوە، ڕژێمی سەرمایەداری هەم ناتوانێت ژیانی مرۆڤایەتی لە کەش و هەوایەکی هێمنانەدا بەڕێوەببات و هەم مرۆڤایەتیش توانای تەحەمولکردنی کارەساتە مەرگهێنەرەکانی ئەوی نەماوەو نامێنێت. لەبەرئەوە، درەنگ یان زوو ئەم ڕژێمە بە دەستی گۆڕهەڵەکانی خۆی، واتە پرۆلیتێرەکان، لەگۆڕ دەنرێت. ئەمە ئەو ئەنجامگیرییەیە کە مارکس لە گشت توێژینەوە ولێکۆڵینەوە ئابوریی، فەلسەفی و سیاسییەکانی لە سەرشێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری پێیدەگات. هەرئەو ئەنجامگیرییەشە کە بووەتە هۆی زیندوو ڕاگرتنی جیهانبینی وتوێژینەوەکانی مارکس  لەسەر کۆمەڵگەی سەرمایەداری، ئەنجامگیرییەک کە بە ئابوریناسان، ئەکادیمیستەکان و بیریارانی چەپ و ڕاستی بۆرژوازی قوت ناچێت!.