هه‌واڵ
ڕاپۆرتی تایبه‌ت
سیاسه‌ت
‌‌‌ئابووری
‌فه‌لسه‌فه‌
تیۆری‌
‌ته‌نز‌
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
‌‌‌زانست و ته‌کنه‌ڵۆژیا‌
ده‌سه‌ڵات ‌‌
ئۆپۆزسیۆن
ئه‌نتی کاپیتاڵیزم ‌
‌مقالات عربیة
‌مقالات فارسی‌‌
‌ ‌English articles
‌وه‌رگێڕان ‌
‌کتێبخانه‌
‌‌
<December 2018>
SuMoTuWeThFrSa
2526272829301
2345678
9101112131415
16171819202122
23242526272829
303112345


دوو کوردستانپۆست             



ئەو ڕابەرە گەنجەی جیهانی سەرمایەداری لیبراڵی هێنایە لەرزە !


دوایین فێڵی مێژوویی جه‌لال تاڵه‌بانی – نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ کورد " لیستی گۆڕان "ه‌!


ژنی دیکتاتۆرە عەرەبەکان خەریکی چین؟

داڕمانی یۆرۆ، داڕمانی یەکێتی ئەوروپا


Title
یادێک لە سیمایەکی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی "فەرهاد فەرەج"‎


img10/21/2013 12:00:00 AM
تاهیر ساڵح شەریف:

هاوپشتی- سوهام عەلی: "فەرهاد فەرەج ئەمین" نووسەر و ئەکتیڤیستی سیاسیی و چەپ لە شەوی ١٧-١٠-١٩٩٩ لە بەردەمی ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن دوو تیرۆریستەوە بە دەمانچەی بێدەنگ تیرۆرکرا. بەدوای ١٤ ساڵ دام و دەزگا ئەمنییەکانی "پاراستنی کوردستان" لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی جدیان لەسەر ئەو کارە تیرۆریستییە نەکرد و پێناسەی تیرۆرستان بە شاراوەیی ماوەتەوە. لەنێو خەرمانێک لە تاوانی دڕندانە و کوشتن و تیرۆر و گوللە بارانکردنی ڕۆژانامەنووسان و ئازادیخوازانی کوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا، بەشێوەیەک دۆسیەی تیرۆری فەرهاد فەرەج لە بیرکراوە و تۆزلێ نیشتووە.

بۆ یادێک لە فەرهاد فەرەجی ئازادیخواز و بەرزڕاگرتنی یاد و خستنەوە بەردەستی دۆسیەی تیرۆرەکەی پاش تێپەڕبوونی ١٤ ساڵ بەسەر تیرۆر کردنیدا، پێمان باش بوو لەگەڵ تاهیر ساڵح شەریف وەک هاوڕێ و دۆستێکی نزیکی "فەرهاد فەرەجی گیانبەختکردوو"  گفتووگۆیەک ساز بکەین.

هاوپشتی: هاوڕێ و دۆستانی فەرهاد فەرەج پێناسی جیا جیان لەسەر کارەکتەری ئەو دەدەن، وەک هەڵسوراوێکی بزووتنەوەی شورایی، هەڵسوڕاوی بواری خەباتی دژی بێکاری، هەڵسوراوی بزوتنەوەی کرێکاری، یا نوسەری مارکسیست و چەپ... هیتر. ئێوە کارەکتەری ئەوتان چۆن ناسیووە؟

تاهیر ساڵح شەریف: لە هەموو ئەو بوارانەی ئاماژەتان پێکرد، فەرهاد مرۆڤێکێکی چالاک بووە بە جیهانبینی و فیکری سیاسیی تایبەتی خۆیەوە.

فەرهاد وەک هەر سۆشیاڵیست ومارکسیستێک بڕوای بەوە هەبوو کە سیستەمی سەرمایەداری، سیستەمێکە لەسەر چەوسانەوەو ناعەدالەتی ئابوریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت کڵتوری زۆربەی هەرە زۆری مرۆڤەکان بیناکراوە.

ئەو بڕوای وابوو کە ئەم سیستەمە لەڕۆژی ئەزەلەوە بوونی نەبووە و بۆ هەتا هەتایەش ناتوانێت حوکمی مرۆڤایەتی بکات. لە ڕوانگەی فەرهادەوە، سیستەمی سەرمایەداری لە پریۆدێکی مێژووییدا سەریهەڵداوە و لە قۆناغێک لە گەشەکردن و پەرەسەندنی خۆیدا تووشی ناکۆکییە چارەسەرنەکراوە دەبێت و لەئەنجامی ئەمەشەوە، حوکمی فەوتانی خۆی دەردەکات.

دیسان ئەو بڕوای وابوو کە ئەم سیستەمە لەڕێگای ڕیفۆرمەوە چارەسەری دەردو بەڵاکانی وەک هەژاری، بێکاری، چەوسانەوە، جەستەفرۆشی، جەنگ و تاد... پێناکرێت و ڕێگای کۆتاییهێنانی بەوانەی لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی پرۆلیتاریادا دەبینییەوە. بەم جیهانبینی و تێڕوانیینە مێژووییەوە، فەرهاد دەستی بە خەباتی سیاسیی و شۆڕشگێڕانەی خۆی کرد.

 ئەو لەدژی دیکتاتۆریەت وئیستبدادی ڕژێمی بەعس دەستی بەخەباتی سیاسیی شۆڕشگێڕانەی خۆی کرد. هەڵبەت باجی ئەوەشیدا و حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی لەلایەن هەمان ڕژێمەوە بەسەردا سەپێنرا. بە دوای ئەوەدا کە ئازادیش بوو، ورەی شۆڕشگێڕانەو بڕوابوونی بە خەباتی سیاسیی لەناو ترس و دڵەڕاوکێ ئەو ڕۆژگارە تاریکەدا لەدەستنەدا و بە هوشیارییەکی زیاترەوە درێژەی بە چالاکییە سیاسیی و فیکرییەکانی دا.

کاتێکیش ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ دەستی پێکرد، فەرهاد چالاکانە بەشداری کرد. لەڕۆژانی ڕاپەڕینیشدا یەکێک بوو لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شورایی و لەدامەزراندنی شورای گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێیمانیدا بەشداری کرد. ئەو ڕۆژگارە، ماڵەکەی فەرهاد لە گەڕەکی سەرشەقام بوو. خۆیی و خێزانەکەی لە خانوویەکی هەژارانەدا دەژیان. دوای کاروبارەکانی شوراکە، زۆر شەوان پێکەوە دەچووینەوە بۆ ماڵی ئەوان و تا درەنگی شەو قسەوباسمان لەسەر بزووتنەوەی شورایی و چۆنییەتی سەرخستنی ئەزموونی شوراکان دەکرد.

لەو ماوەیەدا بوو کە من و فەرهاد زیاتر لە بیروبۆچوونی سیاسیی یەکتر تێگەیشتین و ئەمەش بووە هۆی ئەوە کە هەستێکی هاوڕێیانەی بەهێز لە نێوانماندا دروست ببێت. هەر لەو ڕۆژانەدا بوو کە چەند دەستنووسێکی خۆی خستە بەردەستم و ئەوەندەی کە ماوەم هەبوو، چەند وتارێکیانم خوێندەوە. جگە لە هەندێک تێبینی، لەسەر شێوەی داڕشتنی نووسینەکانی، هیچ جیاوازییەکم لەنێوانماندا لە ڕووی فیکری و سیاسییەوە نەدەبینییەوە. کارە عەمەلییەکانی بزووتنەوەی شورایی و زیاتر بیروڕا گۆڕینەوەمان لەسەر کێشە سیاسییەکانی ئەو ڕۆژگارە، بووە هۆی ئەوەکە پەیوەندییەکەی من و فەرهاد درێژە بکێشێت.

بە دوای شکستی ڕاپەڕین و بزووتنەوەی شوراکانیشدا، هەردووکمان لەسەر ئەوە ساخ بووینەوە کە دەبێت ڕیزبەندییەک لە ناو بزووتنەوەی چەپی ئەو سەردەمەدا دروستبکرێت؛ ئەو چەپەی کە بە بێ هیچ تێبینی و سەرنجێک بیرو بۆچوونەکانی مەنسوری حیکمەتی قەبوڵ دەکرد، لەو سەردەمەدا بە بیانوی ئەوەی کە ئەوەی ڕوویداوە ڕاپەڕین نەبووە و هێڵی سۆشیالیستی لە راپەڕیندا غائیب بووە، پشتی لە کارکردنی سیاسی کرد و بە ئاسانیش دەستی لە بزووتنەوەی شوراکان شۆرد.

من و فەرهاد و چەند کەسێکی دیکە لەگەڵ ئەو هەڵوێستە پاسیفیستییە سیاسییەی چەپی ئەو سەردەمەدا لە ناکۆکیدا بووین و ڕێک بە پێچەوانەی ئەوان بیرمان دەکردەوە. لەبەرئەوەی ئێمە لە کەمایەتیدا بووین و ئیمکاناتی ماددیشمان سفر بوو، نەماندەتوانی دووبارە شان بخەینەوە ژێر باری هەستانەوەی بزووتنەوەی شورایی لە کوردستاندا.

بەوهۆیەوە، لەگەڵ فەرهادا بیرمان لەوە کردەوە کە وەک دوو ئەڵقەی سیاسیی کۆمۆنیستی دەستبەکاری ڕاگەیاندن و نووسین بکەین. ئەو مەحفەلەی کە فەرهاد سەرپەرشتی دەکرد و ناویان نابوو " کرێکارانی کۆمۆنیست"، هەرچی نووسراو، بەیاننامەو ڕاگەیاندراوێکیان هەبوو، لەلایەن خودی فەرهادەوە نووسرابوونەوە. لە مانگی نیسانی ١٩٩٢دا، هەم ئەو ئەڵقەیەی کە من کارم تێدا دەکرد[ پێشڕەوانی کۆمۆنیست] و هەم ئەو ئەڵقەیەی کە فەرهاد کاری تێدا دەکرد، لەیەکمان گرێدا و گروپێکمان بە ناوی " یەکێتی کرێکارانی کۆمۆنیست" لێدروستکردن.

ئەم گروپە سەرەڕای کەمی ژمارەی ئەندامەکانی، بەڵام یەکێک بوو لە ئەکتڤی ترین گروپە سیاسییەکانی چەپی ئەو سەردەمە. پاش دروستکردنی ئەم گروپە، گۆڤارێکمان وەک زمانحاڵی ئەو، بە ناوی " شۆڕشی کرێکاری" بڵاوکردەوە،  کە بە درێژایی تەمەنی گروپەکە، هەشت ژمارەو سێ پاشکۆی لێ بڵاوکرایەوە.

بڵاوکردنەوەی ئەم گۆڤارە، زیاتر بیرۆکەی فەرهاد بوو. فەرهاد پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە دەبێت وەک گروپەکە وەڵاممان بە کێشە تیۆری و سیاسییەکانی بزووتنەوەی چەپی ئەوسەردەمە هەبێت. دیارە بەتێکڕای دەنگی ئەندامانی گروپەکە، من کرام بە سەرنووسەر و فەرهاد، کەمال ڕەوف، ئەکرەمی میهردادیش دەستەی نووسەرانەکەی بوون. هەڵبەت چەند هاوڕێیەکی دیکەش، لەناو گروپەکە و لەدەرەوەی ئەو، کەم و زۆر بابەتی خۆیان تێدا بڵاو دەکردەوە.

لەکاتی بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ناوبراودا، توانایی فەرهاد لە بواری نووسیندا، ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەچووە سەرەوە. ئەمەش دوو هۆی هەبوو؛ یەکێکیان ئەوە بوو کە فەرهاد بەبەردەوامی خەریکی دیراسەکردن و خوێندنەوەی کتێبەکانی، مارکس، ئەنگڵس و لینین بوو.

هۆکاری دووەمیشیان ئەوە بوو کە ڕۆژانە سەرنجی دەدایە سەر ڕووداوە سیاسییەکانی ئەو ڕۆژگارەی کوردستان و جیهان و بەردەوامیش تێبینی و سەرنجەکانی خۆی لەسەر دەنووسینەوە. بۆ نموونە بۆتان باس دەکەم کە یەکێک لە وتارە هەرە باشەکانی، ئەو وتارەیە کە لەژێر ناوی " بەرەو حکومەتی هەرێم و هێرش بۆسەر ئازادییە سیاسییەکان" لە پایزی ١٩٩٢دا نووسیویەتی و بە دیقەتێکی ووردەوە باس لە مەترسی قەوارەگرتنی دیکتاتۆرییەتێکی کوردی دەکات پاش لە نەمانی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستاندا.

 دیارە کۆمەڵێک نووسینی باشیشی لە بواری کێشە فیکری و سیاسییەکانی بزووتنەوەی چەپی ئەو سەردەمەی کوردستاندا نووسیوە. هەموو ئەوکارانەی کە فەرهاد لە دوای ڕاپەڕینەوە لە بواری نووسیندا ئەنجامی داون، پێمان دەڵێن فەرهاد نووسەرێکی وورد بینی مارکسیست و بوێر بووە.

لە بواری  بزووتنەوەی دژی بێکاریشدا، فەرهاد هەم بە نووسین و هەم بە کردەوە بەشداریکردووە و لە دروستکردنی هەر دوو ڕێکخراوی یەکێتی بێکاران و ڕێکخراوی بێکاراندا ڕۆڵی فەرهاد بەرجەستەیەو کۆڵێک بەڵگەنامە هەن کە ئەکتیڤبوونی ئەو لەو بوارەدا دەسەلمێنن. بە کورتییەکەی فەرهاد هەم نووسەرێکی سۆشیاڵیستی، هەم هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی شورایی و هەم ئەکتیڤیستێکی عەمەلی بزووتنەوەی دژی بێکاری بووە لە کوردستاندا

هاوپشتی: بۆچی تیرۆر کرا؟ بۆچی بەدوای ١٤ ساڵ لە تیرۆرکردنی تا ئێستا بکوژەکان دیار نین؟

تاهیر ساڵح شەریف: وەڵامی بەشی یەکەمی پرسیارەکەتان لە چوارجێوەی ئەو بارودۆخە سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا وەردەگرینەوە کە کۆمەڵگەی کوردستانی لە ناوەڕاستی دەیەی ٩٠ی سەدەی ڕابردوو لە قاڵب دابوو. بە دوای شەڕی چەکدارانەی نێوان یەکێتی و پارتیدا، هاوکاتیش سەپاندنی دوو گەمارۆی ئابوریی - ئیداری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕژێمی بەعس  بەسەر خەڵکی کوردستاندا، هەژاریەکی لەڕادە بەدەر، بێکاری، قاتی و قڕی و گرانییەکی سەرسوڕ‌هێنەر ڕووی لە کۆمەڵگەی کوردستانی ئەو ڕۆژگارەکردبوو.

ئەو دووفاکتەرە بابەتییە، زەمینەی قەوارەگرتن و گەشەکردنی بزووتنەوە ئیسلامییەکانی لە کوردستاندا بە تەواوی فەراهەمهێنابوو.

چەندە شەڕی چەکدارانەی نێوان پارتی و یەکێتی و گەمارۆ ئابورییەکان و گرانی و نەبوونییەکە مەترسی بوون لە سەر ژیانی خەڵکی کوردستان، گەشەکردنی بزووتنەوە سیاسییە ئیسلامییەکانیش لەجەرگەی بارودۆخێکی قەیرانگرتووی لەوجۆرەدا، مەترسیدارتربوون لەسەر ئایندەی کۆمەڵگەی کوردستان. بە تایبەتی لە کاتێکدا گەشەکردنی گروپە سیاسییە ئیسلامییەکان وەک مەترسی دەردەکەوتنەوە کە لەلایەک کۆماری ئیسلامی ئێران و لەلایەکی دیکەشەوە قەتەر و سعودییە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ئیسلامییەکان لەڕووی مالی و چەکەوە کۆمەکیان پێدەکردن و گروپە ئیسلامییەکانی کوردستانیش بەو کۆمەکە ماددییانەی کە لە دەوڵەتانی ناوبراوە وەریاندەگرت،  بە جدی کاریان لەسەرئەوە دەکرد کە جێ پێی خۆیان لەو بۆشاییە سیاسییەدا جێگیرو پتەو بکەن کە لە ئەنجامی شەڕی چەکدارانەی پارتی و یەکێتییەوە دروستبووبوو.

ئەم مەترسییە لەلایەن کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیری مارکسیست و سیکۆڵارەوە درکی پێکرابوو. ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە بە جیا لەوە کە ئینتمای حیزبی و گروپییان چی بوو، خۆبەخشانە و بە ناوی خوازراوەوە دەستیانکرد بە کاردانەوەیەکی ڕەخنەگرانە بەرامبەر بە مەترسی گەشەکردنی ئەو شتەی کە پێی دەگوترێت ئیسلامی سیاسیی.

ئەم پرۆسە ڕەخنەگرییە لە زۆرکاتدا بە ڕەخنەگرتن لە گروپە ئیسلامییەکان سنوردار نەدەبۆیەوە و بە ناچاری خۆی دەکێشا بۆ ڕەخنەگرتن لە ئایدیۆڵۆژیەت، مێژووی ئیسلام، محەمەد، قورئان و بوون و نەبوونی خودایش. ئەم کاردانەوە ڕەخنەگرانەیە بزووتنەوە ئیسلامییەکانی توڕەکرد؛ یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی و نەهزەی ئیسلامی، لەو سەردەمەدا بەهێزترین ڕەوتە ئیسلامییەکان بوون و هەر ئەمانیش بە نووسین، لە مزگەوتەکانەوە و لە خوتبەکانی نوێژی هەینی و لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە دەستیان بە هەڕەشەکردن و فەتوا تیرۆریستییەکاندا.

لە  هاوینی ساڵی ١٩٩٩دا لەوە تێگەشتین کە بزووتنەوە ئیسلامییەکان لەبەرامبەر ئەو پرۆسە ڕەخنەگرییەدا تەنگەنەفەس بوون، بە ناچاری فەتوا تیرۆریستەکانیان عەمەلی دەکەنەوە. لەو کاتەشدا فەرهاد فەرەج لە ناو گروپێکی تازەدا کاری دەکرد بە ناوی " کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی کۆمۆنیست" . زمانحاڵی گروپەکە، بڵاوکراوەیەک بوو بە ناوی " پەیڕەوی نوێ". ئەم بڵاوکراوە، لە هەر ژمارەیەکی نوێیدا، وتارێک یان دوو وتاری لەسەر بزووتنەوە ئیسلامییەکانی کوردستان و وڵاتانی ئیسلامی بڵاودەکردەوە. جگە لەکاری نووسین، فەرهاد بە عەلەنیش  هەندێک کاری ئەم بڵاوکراوەیەی لە ئەستۆ گرتبوو.

لە یەکێک لە ژمارەکانیدا بابەتێکی لەسەر ڕۆمانی " ئایەتی شەیتانی"یەکەی سەلمان ڕوشدی بڵاوکردەوە. بەدوای ئەو وتارەدا، زۆری نەخایاند کە فەرهاد لەلایەن دوو تیرۆریستی ئیسلامییەوە بە دەمانچەی بێدەنگ لەبەردەم ماڵەکەیدا تیرۆرکرا.

 دوای لێکۆڵینەوە لە هەموو لایەنەکانی تیرۆرکردنی فەرهاد، هەندێک لە گومانەکان چوونە سەر ئەوە کە دەزگای ئیتلاعاتی ڕژێمی ئێران لە پشتی تیرۆرکردنەکەوە بووە، ئەویش بەو دەلیلەی کە باسێک دەربارەی ڕۆمانی ئایەتی شەیتانییەکەی سەلمان ڕوشدی لەوێدا بڵاوکراوەتەوە و هەموویشمان دەزانین تا ئێستا فەتوای خومەینی بۆ کوشتنی سەلمان ڕوشدی کانسڵ نەکراوەتەوە.

هەڵبەت ئەمە یەکێک بوو لە گومانەکان و گومانی دیکەش زۆر بوون، بەڵام گومانی سەرەکی لەسەر گروپە ئیسلامییەکانی کوردستان بوو، ئەویش بە پێی فەتوای کوشتنی نووسەرانی [بە قەولی ئەوان دژی خواو ئاینی موسڵمانان] لەلایەن کەسانی وەک عەلی باپیر، مەلا کرێکار، ڕاگەیاندنەکانیان و فەتوای خوتبەی نوێژی هەینییەکانیان.

دوو مانگ بە دوای تیرۆرکردنی فەرهادا، لە شەوی ٩ لەسەر ١٠ ی ١٢-١٩٩٩ هاوژینی مەلا ئەمین، یاریدەدەری توێژەرەوەی کۆڵیژی زانستە مرۆییەکانی زانکۆنی سلێمانی، کەوتە بەر پەلامارێکی تیرۆریستی هاوچەشنی فەرهادەوە. کاتی هەوڵە تیرۆریستییەکە کاتژمێر ٨،٣٠دەقیقەی شەوبوو. فەرهادیش لە دەوروبەری هەمان کاتژمێر ٨ دا دەستی تیرۆریستیان پێیگەیشتبوو. شێوازی چوونە ماڵی هاوژین و بەکارهێنانی دەمانچەی بێدەنگ لە کردە تیرۆریستییەکەدا، دەقاو دەق هەمان ئەو دەستەبوو کە فەرهادی تیرۆر کردبوو،

بەڵام خۆشبەختانە هاوژینی مەلا ئەمین پاش برینداربوونێکی بچووک گیانی لەو هەوڵە تیرۆریستییە ڕزگار بوو. هەوڵی تیرۆرکردنی هاوژین و برینداربوونی، دەنگدانەوەی زیاتر لە تیرۆرکردنەکەی فەرهاد هەبوو، چونکە دووەمین ڕووداوی هاوشێوە بوو.

لێرەدا ئەمەوێت بگەڕێمەوە سەر بەشی دووەمی پرسیارەکەتان کە دەڵێن" بۆچی بەدوای ١٤ ساڵ لە تیرۆرکردنی تا ئێستا بکوژەکان دیار نین؟" بێگومان ئەنجامدەرانی ئەو دوو کردەوە تیرۆریستییەی کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن ئاسایش و دەزگای زانیاری یەکێتییەوە دەستگیر و ئاشکرا نەکران.

 لەو کاتەدا، کۆسرەت ڕەسوڵ[ ئەگەر بەهەڵە نەچووبم] سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتەکەی یەکێتی بوو. بەیاننامەیەک بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە ٢٣-١٠-١٩٩٩دا لە ڕاگەیاندنەکانی یەکێتییەوە بڵاوکرایەوە. بەیاننامەکە هیچ ئاماژەیەکی بە تیرۆرکردنی فەرهاد فەرج، یان ناوی ئەو نەکردبوو، بەڵام بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ جەختی لەسەر ئەوە کردبوو کە ئەو کردەوە تیرۆریستییە بۆ سەرکوتکردنی ئازادی بیروڕاو چاپەمەنییە. ئەم بەیاننامەیە لە ژمارەی [ ١٩٨٢]، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤-١٠- ١٩٩٩ ی کوردستانی نوێ زمانحاڵی یەکێتیدا بڵاوکراوەتەوە. بەجیا لەوەی کە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی من بەرامبەر بە یەکێتی چییە، بەڵام ئەم هەڵوێستەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتەکەی یەکێتی، هەرچەند کە ناوی فەرهاد و تیرۆرکردنی ئەویشی نەهێنابوو،  بۆ مێژوو دەڵێم هەڵوێستێکی پێشکەوتووخوازنە بوو کە لەبەرامبەر تیرۆکردنی ئازادی بیرورا، تیرۆرکردنی ئازادی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوەدا هاتبووە دەنگ و بەرگری لەوشێوانەی ئازادی کردبوو.

لەبەرخاتری گەندەڵییەکان و کۆمەڵێک ڕەفتاری دیکتاتۆرانەی یەکێتی، ناکرێت ئەو بەیاننامەیە وەک خاڵێکی پرشنگدار لە مێژووی یەکێتی دوای ڕاپەڕیندا فەرامۆش بکرێت. بەدوای ئەو بەیاننامەیەدا و بەدیاریکراوتر بە دوای هەوڵی تیرۆرکردنی هاوژین مەلا ئەمیندا، شەخسی جەلال تاڵەبانی، لێدوانێکی زۆر ئازایانەو ئازادیخوزانەی لەبەرامبەر ئەو کردەوە تیرۆریستییەدا دا.

تاڵەبانی وتی :" هەندێک بە ناوی ئیسلامی پیرۆزەوە کاری تیرۆریستانە ئەنجامدەدەن، ئەو کارانە لە ئیسلام بەدوورن. ئەو کەسانەش ئەو کارانە دەکەن ئاگادار دەکەینەوە کە وا نەزانن ئێمە نایانناسین، دەیانناسین و دەیانگرین و دەیاندەینە دادگا و لە تیڤیشەوە دادگاییەکەیان بڵاو دەکەینەوە. بۆ بنە بڕکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستانە تا ئاستی سزای ئیعدامیش  پێویست بکات، بەپێی یاسا حکومەتی هەرێم ڕووبەڕووتان دەبێتەوە".

پاشان  لەبەشێکی دیکەی قسەکانی تاڵەبانیدا هاتبوو:" داوا لە نووسەران و هونەرمەندانیش دەکەم لەبەرامبەر ئەو جۆرە کەسانەدا نەترس و خۆراگر بن و  ئەو دیاریدە تیرۆریستیانە ناتوانێت بەردەوام بێت - بڕوانە کوردستانی نوێ ژمارەی ٢٠٢٨پێنج شەممە ١٦- ١٢-١٩٩٩". تاڵەبانی بە کردەوە ئەو قسانەی خۆی سەلماند؛ تیرۆری نووسەرانی ڕەخنەگری ئیسلام و ئیسلامی فەندەمینتاڵیست، بەدوای ئەو لێدوانەی ئەودا، دەستیان لە کاری تیرۆریستی لە ناوچەکانی ژێر دەستی یەکێتیدا هەڵگرت و تا ئەمڕۆش  ئەو کردەوانەیان دووبارە نەکردۆتەوە، بەڵام ئەو بەشە لە قسەکانی تاڵەبانی کە وتی" تیرۆریستەکان دەناسین، دەیانگرین و دەیاندەینە دادگا و دادگاییەکەشیان لە تیڤیدا بڵاو دەکەینەوە"، تەنها پەرەگرافێکی  جوان  بوو لەو وتارەی کە لە ڤیستڤاڵی چوارەمی بنکەی ئەدەبی و ڕوناکبیری گەلاوێژ خوێندییەوە، هیچ بەهاو کێشێکی پراکتیکی نەبوو.

هاوپشتی: پەیامتان چی یە لەم بیرەوەریە تاڵ و ناخۆشەدا بۆ تیرۆرستان و دوژمنانی ئازادی؟

تاهیر سالح شەریف: شەریفترین، ئازادیخوازترین و ئینساندۆسترین مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، لە ماوەی ٢٣ ساڵ لە دەسەڵات و هەیمەنەی بارزانییەکان، تاڵەبانییەکان و ئیسلامییە تیرۆریستەکاندا، یان تیرۆرکران، یان ناچارکران سەری خۆیان بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵبگرن و ئەو شوێنەی لێی لەدایک بوون، ئەو ژینگەیەی کە تاڵترین و شیرینترین بیرەوەریان  لەگەڵیدا هەبوو، بەجێی بهێڵن و بیخەنە خانەی فەرامۆشکردنەوە و وەک ڕابردوویەکی لەبیرکراو مامەڵەی لەتەکدا بکەن. لەبەرامبەریشدا، بێ شەرەفترین و هەلپەرسترین و دووڕووترین کەسەکانیش جێگایانگرتنەوە. ئەمە هەموو دەستکەوتی قوربانیدانەکان و خەباتی ڕۆژە سەختەکانی وەک سەردەمی ڕژێمی بەعس بوو بۆ ئەوکەسە شەریف و ئازادیخوازانە.

ئەگەر دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانییەکان، لە بن هەنگڵی ئەوانیشەوە بوونی گروپە ئیسلامییە کەلەپوتەکان، لە چەمکی ئازادی، ئازادی بە گشتی و شای ئازادییەکانیش[ ئازادی بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتن لە موقەدەساتە ساختەکان] بەتایبەتی ڕێزی لێ بگیرایە، نە بەکر عەلی بەڕۆژی ڕوون تیرۆر دەکرا، نە ڕەوف کامیل، نە شاپورو قابیل، نە نەزیر عومەر، نە فەرهاد فەرج، نە سۆران و سەردەشت، نە عەبدولستار تاهیر شەریف دەفڕێندران، یان لەشەوە تاریک و ئەنگوستە چاوەکاندا بەدەستی بارزانییەکان، تاڵەبانییەکان و ئیسلامییە سەلەفییەکان تیرۆر و جەستەیان بە گولە کون کون دەکراو نە کەسە شەریفەکانیش ئاوارەی نیشتمانی خۆیان دەکران.

پەیامی ئێمەومانان ئاشکرایە و هەر ئەو پەیامەیە کە لەسەرەتای هاتنە مەیدانمان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی بە گوێی دوژمنانی ئازادیمانداوە؛ ئەوان دەتوانن ئێمە بکوژن، ئەتوانن ئێمە ئازار بدەن و لە کۆمەڵگە قێزەونەکەی ژێر دەستیان وەدەرمان بنێن، بەڵام دەسەڵات، یان دینەکەی ئەوان ناتوانێت لە دەسەڵاتی کڵیسای ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست بەهێزتربێت. دەسەڵاتی قەشەکان و کڵیسای سەدەکانی ناوەڕاست، جەستەی جیۆردانۆ، کاڵڤین و سێرڤیتۆسی کرد بە کەباب و دەست نووسە  زانستتیەکانیشی سوتاند، بەڵام نەیتوانی خەونەکان و ڕوئیاکانی ئەوان بسوتێنێت و بەر بە لەناوچوونی خۆی بگرێت. دوژمنانی ئازادیش لە کوردستاندا، چارەنووسێکی باشتریان لە دەسەڵاتی قەشەکانی سەدەکانی ناوەڕاست نابیت!.

هاوپشتی: چی بیرەوەریەکی تایبەتی پێتان خۆش بێت لەیادی ئەوەوە باسی بکەن؟

تاهیر ساڵح شەریف: فەرهاد جەستەیەکی بچووک، باڵایەکی کورت، بەڵام ڕۆحێکی بێگەرد و گەورەی  تێدا جێگاکردبووەوە. فەرهاد مرۆڤێکی کینە لە دڵان نەبوو. ڕێزی بیروبۆچوون و ڕای جیاوازی دەگرت، بەڵام لە هەمانکاتدا سەرسەختانەش بەرگری لە بیروبۆچوونەکانی خۆی دەکرد. لەسەر هەندێک بابەتی سیاسیی کێشەی لەگەڵ مندا هەبوو، بەڵام هەمیشە پەیوەندییە شەخسی  و هاوڕێیەتییەکەمانی دەخستە سەرەوەی هەموو کێشە سیاسییەکانەوە. 

هەرگیز ئەو ئێوارەیەم بیرناچێتەوە کە لە بەردەرکی سەراوە بەرەو گەراجی پاسەکانی تووی مەلیک دەڕۆیشتین و باسی کێشەیەکی تایبەتی خۆیی بۆکردم. دوای تەواوکردنی باسەکەی، هەستم کرد بەشێکی کێشەکە خۆیەتی. بەبێ ئەوەی هیچ سەرنج و تێبینییەکی بدەمێ، من دووچاری هەڵچوون بووم لەبەرامبەریدا و دەنگم بەسەریدا بەرزکردەوە. لەو ساتەدا ئەو بێدەنگی هەڵبژارد.  دواتر منیش وەک ئەو بێدەنگ بووم.  بەبێ ئەوەی هیچمان قسە  بکەین،  بەردەوام  بووین لەڕێگا ڕۆیشتنەکەمان بەرەو شوێنی مەبەست . کاتێک کەخەریک بوو بچێتە ناو پاسەکەوە، سەیرێکی کردم و وتی" ڕەشە گیان هەق بە تۆیە، بەڵام توڕەبوون گرێیەکی کێشەکەم ناکاتەوە. ئەزانم ئێستا لە من توڕەیت، بەڵام پێش لەوەی بگەیتە ماڵەوە  لەم تووڕەبوونەت پەشیمان دەبیتەوە!".

ئەو کاردانەوە ساردە، بەڵام  جوان و دڵپاکانەیەی مێشکمی گوشی. پێش لەوەی بگەمە ماڵەوە، هەستم کرد هەڵەیەکی خراپم بەرامبەری کردووە. پاش یەک کاتژمێر خۆم پێنەگیراو خۆم گەیاندە ماڵەوەیان. کاتێک دەرگای لێکردمەوە، یەکسەر لە ئامێزی گرتم وتی:" بە چاوی لیندای کچم، ئەگەر تۆ نەهاتیتایە بۆ ماڵەوە، من بە نیاز بووم بەرەو ماڵی ئێوە بەڕێبکەومە تا ئەمشەو هیچمان بە دڵی شکاوەوە ڕۆژ نەکەینەوە!".

وەرگیراو لە : http://www.hawpshti.com/ku/dimana/5075.html