هه‌واڵ
ڕاپۆرتی تایبه‌ت
سیاسه‌ت
‌‌‌ئابووری
‌فه‌لسه‌فه‌
تیۆری‌
‌ته‌نز‌
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
‌‌‌زانست و ته‌کنه‌ڵۆژیا‌
ده‌سه‌ڵات ‌‌
ئۆپۆزسیۆن
ئه‌نتی کاپیتاڵیزم ‌
‌مقالات عربیة
‌مقالات فارسی‌‌
‌ ‌English articles
‌وه‌رگێڕان ‌
‌کتێبخانه‌
‌‌
<December 2018>
SuMoTuWeThFrSa
2526272829301
2345678
9101112131415
16171819202122
23242526272829
303112345


دوو کوردستانپۆست             



ئەو ڕابەرە گەنجەی جیهانی سەرمایەداری لیبراڵی هێنایە لەرزە !


دوایین فێڵی مێژوویی جه‌لال تاڵه‌بانی – نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ کورد " لیستی گۆڕان "ه‌!


ژنی دیکتاتۆرە عەرەبەکان خەریکی چین؟

داڕمانی یۆرۆ، داڕمانی یەکێتی ئەوروپا


Title
کارڵ مارکس: میتۆدی ئابوریی سیاسیی


img2/21/2014 12:00:00 AM
کارڵ مارکس:

ڕوونکردنەوەیەکی وەرگێڕ:

ئەم وەرگێڕانە سەرنجێکی ڕەخنەگرانەی کارل مارکسە لە سەر میتۆدی ئابوریی سیاسیی کە لە کتێبی قەبارە گەورەی [گرۆدریسە] دا نووسیویەتییەوە. کتێبی گرۆندریسە زیاترلە ١٠٠٠ لاپەڕەیە و بۆ سەر زۆربەی زمانەکانی دنیا وەرگێڕدراوە. ئەم کتێبە لەلایەن باقر پرهامەوە لەڕووی دەقی فەڕەنسییەکەیەوە کراوە بە فارسی. ئەحمەد تدینیش وەرگێڕی فارسی هەمان کتێبە کە لەڕووی دەقە ئینگلیزییەکەیەوە وەرگێڕاوە و هەردوو وەرگێڕە فارسییەکە، پاش هاواڕابوونیان، دواتر کارەکانیان دەکەن بە یەک وەرگێڕان. لەسەر داوای هەردوو وەرگێڕی فارسی، فەریدون شایان وەرگێڕانە بەیەک کراوەکەی ئەوان لەگەڵ دەقە ئەڵمانییەکەیدا[ کە زمانی دایکی کارڵ مارکسە و گرۆندریسەی بەهەمان زمان نووسیوە] بەراورد دەکات.

وەرگێڕ پێی خۆش بێت یان نا،بیەوێت یان نا، لە کاری هەر وەرگێڕانێکدا کەمێک جیاوازی دروست دەبێت لەنێوان ئەو زمانە ئۆرجیناڵەی کە بابەتەکەی پێنووسراوە لەگەڵ دەقە وەرگێڕدراوەکەیدا بۆ زمانێکی دیکە. سەرەڕای ووردبینی و ووردەکاری هەر سێ وەرگێڕە فارسییەکەی گرۆندریسە، بەڵام هێشتا جیاوازییەک لە نێوان دەقە فارسییەکەو ئینگلیزییەکەدا بەرچاو دەکەوێت. وەرگێڕدراوە ئینگلیزییەکەی گرۆندریسە، کاری مارتین نیکۆڵاوس[Martin Nicolaus]ە. لەزۆر شوێندا وەرگێرانە فارسییەکە لە دەقە ئینگلیزییەکە ڕوونترە و لەزۆر جێگایتردا وەرگێڕانە ئینگلیزییەکە لە دەقە فارسییەکە ڕوونترە. ئەم جیاوازییە ناچاریکردم کە لە وەرگێڕانی ئەم بەشە لە کتێبی گرۆندریسەدا سەرنج بدەمە سەر هەردوو دەقەکەو بەراوردێکیان بکەم. لەوشوێنەدا کە وەرگێڕانە فارسییەکە ڕوون نییە، پشتم بە ئینگلیزییەکە بەستووە. لەوشوێنەدا کە وەرگێڕانە ئینگلیزییەکە ناڕۆشنە پشتم بە فارسییەکە بەستووە. دڵنیام کە وەرگێڕانەکەی ئەم بەشە لە گرۆندریسە بۆسەر زمانی کوردی، بێ کەم و کوڕی نییە، بە تایبەتی کە زمانی کوردی لە بواری ووشە، زاراوە، واتا و چەمکە ئابوریی، فەلسەفی، زانستیی و فیکریدا زۆر هەژارە و تاکاتێکیش دەستنەکەیت بە وەرگێڕانی بابەت گەلێکی لەوجۆرە، ناتوانیت لە هەژاری زمانی کوردی تێبگەیت و دەرکی مەعاناتی وەرگێڕی کوردی بکەیت کە لەکاتی وەرگێڕاندا تووشی دەبێت!....بەهەرحاڵ، هیوادارم بە وەرگێڕانی ئەم بابەتە کورتە لەکتێبێکی قەبارە گەورەی  گرۆندریسەی مارکس بۆشاییەکم لەم بوارەدا پڕکردبێتەوە.

گرنگی ئەم وەرگێڕانە لە ڕوانگەی وەرگێڕەوە چییە، لێرەدا هیچی لەسەر ناڵێم و لە وتارێکی تایبەتدا دەست بە ڕاڤەکردنی ئەم بابەتەی کارڵ مارکس دەکەم.

تاهیر ساڵح شەریف

٢١-٢-٢٠١٤  

کارڵ مارکس: میتۆدی ئابوریی سیاسیی  

لەکاتی لێکۆڵینەوە لە وڵاتێکی دیاریکراو لەڕووی سیاسیی - ئابورییەوە، لەسەرەتادا لە دانیشتووانەکەی، دابەشبوونی ئەم دانیشتووانە بەسەر چینەکان، یان  بەسەر شارەکان، گوندەکان، کەنارەکان، دوورگەکان  و لقە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان، هانەردەکردن و هاوردەکردن، بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ساڵانە، نرخی کاڵاکان و هیترەوە دەستپێدەکەین.

میتۆدێکی ئەوها کە بناغەی کار لەسەر ئەرکی واقعی و کۆنکرێت دادەنێت، لە ڕووکەشدا وەک دەستپێکێکی ڕاست دێتە پێش چاو. لەم ڕووەوە، لە ئابوریشدا دەبێت لە دانیشتوانەوە، کە پایەی بابەتی هەمووکاری کۆمەڵایەتی بەرهەمهێنانە، دەستپێبکرێت. بەڵام بە لێکۆڵینەوەیەکی قوڵتر لەمە، ناڕاستی ئەو بۆچوونە ئاشکرادەبێت. بۆنمونە دانیشتووان، ئەگەر چینە پێکهێنەرەکانی ئەو لەبەرچاو نەگیرێت، تەجریدێک زیاتر هیچ شتێکی دیکە نییە. بەهەمان شێوە، چینەکانیش دەبێتە قسەیەکی پووچ، ئەگەر لەگەڵ ئەو توخمانەدا کە ئەم چینانەیان لێپێکدێت، نەناسین. کاری کرێگرتە، سەرمایەو هیتر، لەو توخمانەن. ئەمانەش بە نۆبەی خۆیان پێش لە گۆڕینەوە، کاردابەشکردن، نرخەکان و هی ترەوەن. بۆ نمونە، سەرمایە بە بێ کاری کرێگرتەیی، بەها، پارە، نرخ و هیتر، هیچ شتێک نییە. بەم پێودانگە، ئەگەر بڕیار بوو لەواتای دانیشتووانەوە دەستپێبکەین، بە ناچاری دەگەیشتینە دەرکێکی ئاڵۆز. لەحاڵێکدا دەتوانین بە شیکردنەوەی هەنگاو بەهەنگاو، بە واتای ئاسانتری زیاتر بگەین. واتە لە واقعیەتی بەرجەستەو کۆنکریتەوە ووردە ووردە بگەینە تەجریداتی جوانتر و سەرئەنجام دەستمان بە ئاسانترین واتا و چەمکەکان ڕابگات. لێرەدا جوڵانەوەیەکی پێچەوانەش پێویستە، واتە دەبێت لە واتا ئەبسراکەکانەوە دەستپێبکرێت و جارێکی دیکە بە توخمە ڕاستەقینە کۆنکریتەکان، بۆنمونە بە دانیشتووان بگەیت. بەم میتۆدە، بە پێچەوانەی  میتۆدی یەکەمەوە، لەباتی ئەوەی بگەیت بە واتایەکی شێواو لە کارێکی گشتیدا، دەگەیت بە کۆمەڵێکی زۆر لە دیاریکەرەکان و پەیوەندییە تێکچرژاوەکان. ئەم میتۆدە لەڕووی مێژووییەوە، میتۆدی زانستی ئابوریی بووە لەسەرەتای دەستپێکردنی ئەم زانستەدا. ئابوریزانانی سەدەی ١٧ لە گشتییەتێکی زیندوو، لە دانیشتووان، میللەت، دەوڵەت، چەند دەوڵەتێک و هیترەوە دەستپێدەکەن وبەردەوامیش دەگەن بە چەند دۆزینەوەیەک لە پەیوەندییە گشتی، ئەبستراک و دیاریکەرەکانی وەک کاردابەشکردن، پارە بەها و هیتر. لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم چەمکانە کەم تا زۆر تەجریدکران، دەستدەکەن بە دروستکردنی ئەو دەزگا ئابورییانەی کە لە واتا ئاسانەکانی وەک کار، کاردابەشکردن، پێداویستی و بەهای گۆڕینەوەوە دەستپێدەکەن و بە دەوڵەت و ئاڵووێری نێوان نەتەوەکان و بازاڕی جیهانی کۆتاییان پێدێت. ئاشکرایە کە ئەم میتۆدە لەڕووی زانستییەوە، میتۆدێکی ڕاستە.

کۆنکرێت کۆنکرێتە، چونکە لە حوکمی پێکهاتەیەکی تێکچرژاودایە لەسەر زۆرترین دیاریکەرەکان و بەیانکەری یەکێتییە جۆراوجۆرەکانە. بەڵام لە ڕوانگەی ئەندێشەوە نمونەی هاوشێوە، نمونەی ئەنجامە و نەک خاڵی دەستپێکردن، تەنانەت ئەگەر لە کردەوەشدا وەک خاڵی دەستپێکردن و بەم پێیەش وەک خاڵی دەستپێکردنی بینینی[مشاهدة] و دەرکەکانی ئێمە بێت. لە حاڵەتی یەکەمیاندا [ واتە لەبەرچاوگرتنی واقعی کۆنکرێت وەک خاڵی دەستپێکردن و نەک وەک دەرئەنجامی گۆڕانکاری مێژوویی] دەرکی ڕاست و دروستی ئێمە لە ناو واتا ئەبستراکەکان [واقع]دا دەتوێتەوە، لە کاتێکدا، لە حاڵەتی دووەمیاندا[ واتە لەڕوانگەی ئەندێشەیەکەوە کە واقع وەک جۆرێکی چوونیەک، یان دەرئەنجامی گۆرانکاری مێژوویی دەبینێت] لەسەر بنەمای ئەبستراکە دیاریکەرەکان دەتوانرێت بگەیت بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کۆنکرێت لەڕێگای فیکرەوە. هیگڵ دووچاری ئەو خۆشخەیاڵییە بوو بوو کە دەیویست بزانێت واقع بەرئەنجامی هزری کەڵەکەبووە لەسەر خۆی کە خەریکی قوڵبوونەوەیە لە هزری خۆیدا و جوڵانەوەی خۆیشی لە ناوخۆیدایە. لە حاڵێکدا گەیشتن بە کۆنکریت لە ڕێگای هزرەوە، هەمان دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هزرە. بۆ نمونە، ئاسانترین چەمکی ئابوریی، واتە بەهای گۆڕینەوە[زادەی هزری ئێمە نییە]، بەڵکو لەسەر بوونی[ واقعە کۆنکرێتەکان]ی وەک دانیشتووان و کاری بەرهەمهێنانی تاکەکانی دانیشتووان لەهەلومەرجێکی دیاریکراو، یان لە جۆرێکی دیاریکراوی خێزان، گوندەکان یان دەوڵەت [یان وڵات] و هیتر وەستاوە. ئەم چەمکە ناتوانێت بوونێکی دیکەی هەبێت، جگە لە پەیوەندییەکی تەجریدی و یەک لایەنە لەناوەخنی گشتییەتێکی زیندووی دیارکراو و بەرجەستەدا. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهای گۆڕینەوە وەک چەمکێک تەمەنی زریانی نوحی هەیە.

جۆرێک لە هوشیاری - بە تایەتی هوشیاری فەلسەفی- بەوشێوەیە کە بوونی واقعی مرۆڤ بە هزری واتایی دەزانێت و بەم پێیەش جیهانی واتاکان لە ڕوانگەی ئەوەوە بە تەنها واقعی [متمانە پێکراو] دەزانێت؛ ئەم جۆرە هوشیارییە، جوڵانەوەی چەمکەکان، کە بەداخەوە تەنها سەریان بەدەرەوە بەستراوە، دەخاتە جێگای کاری ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان و خەیاڵ دەکات کە دنیا بەرهەمی ئەوانەیە. ئەمە هەڵبەت ڕاستە، چونکە گشتییەتێکی دیاریکراو[ واقعەکان] وەک گشتییەتێکی بیرکەرەوە و خەیاڵی  ناسینی واقع، تا ڕادەیەک بەرئەنجامی هزرە، بەڵام لەم کێشەیەدا شتێکی تازە نییە و لە ڕاستیدا ئەمە جۆرێک لە دووبارە ووتنەوەیە. [پەیوەندی گشتییەتێکی دیاریکراوی ڕاستەقینە لەگەڵ هزر و دەرککردندا، بەهیچ شێوەیەک بەم واتایە نییە کە گشتیەتێکی ڕاستەقینە] بەرئەنجامی واتای خۆ دروستکەر بێت لە پشت بینین و دەرک پێکردنەوە، بەڵکو بەرهەمی چوونەسەرەوەی بینین و دەرککردنە بۆ ئاستی واتاکان. گشتییەت، کە لە زەیندا وەک گشتیەتی هزر دەردەکەوێت، بەرهەمی مێشکی ئەو بیرکەرەوەیەیە کە بۆ دەستڕاگەیشتن بە دنیا، یەک ڕێگای مەحاڵ زیاتر هیچ شتێکی دیکە نازانێت، ڕێگایەک کە بە گشتی جیاوازە لەگەڵ ڕێگای دەستڕاگەیشتنی عەمەلی و ئەقڵی  بە جیهان لە هونەر و ئایندا. 

تا کاتێک کەچالاکی تەواو کەلامی و تیۆری زەینی مرۆڤ بەردەوام بێت، بابەتی هزریش بوونی سەربەخۆی خۆی لە زەیندا دەپارێزیت. لەم ڕووەوە، دەبێت لە میتۆدی تیۆریشدا هەردەم سەرنج بدرێتە سەر بابەتی واقعی، واتە کۆمەڵگە و واقعی بەرجەستەکراو و پێش لە هزر هەرگیز فەرامۆش نەکرێت.

بەڵام ئایا ئەم چەمکە ساکارانە بوونێکی مێژوویی، یان سروشتی  سەربەخۆیان پێش لە چەمکە کۆنکرێتر و بابەتیترەکان نییە؟ لەوەڵامدا دەبێت بگوترێت: جیاوازە. بۆ نموونە هیگڵ، بەشێوەیەکی ڕاست لە فەلسەفەی مافەوە لەگەڵ واتای خاوەندارێتی، واتا ساکارترین مافی تاکدا دەستپێدەکات. لەڕاستیشداهیچ جۆرە موڵکدارییەک پێش لە خێزان، یان پەیوەندییەکانی ئاغاو نۆکەری، کە پەیوەندییە زۆر کۆنکرێترەکانن، بوونی نەبووە. هەرچەند هێشتا دەتوانرێت بەشێک لە خێزانەکان، یان هۆزەکان بدۆزرێتەوە کە تەنها پەیوەندییە حقوقییە زانراوەکانیان،  پەیوەندی بەخاوەن بوونە، نەک پەیوەندی موڵکداری. تا ئەو جێگایەی کە دەگەڕێتەوە سەر چەمکی موڵکداری، دەبێت بگوترێت کەساکارترین چەمکەکان، چەمکی کۆمەڵە ساکارە خێزانی، یان هۆزەکانە. لەکاتێکدا کە لە کۆمەڵگەیەکی گەشەکردووتردا، پەیوەندییە ناوبراوەکان بەشێوەی ساکارترین پەیوەندی لەڕێکخراوێکی گۆڕاودا بەرجەستە دەبێتەوە. بەواتایەکی دیکە، دەرککردنی چەمکی خاوەنێتی، لەهەموو حاڵەتێکدا پەیوەستە بە بوونی خەیاڵی پێشتر لە پێکهاتەی[کۆمەڵایەتی] دیاریکراوی ئەودا. دەتوانرێت بهێنرێتە پێش چاو کە کەسێکی وەحشی [ مەبەستی مارکس لە بەکاربردنی ووشەی وەحشی" savagery " ئەوە نییە کە لە ناو کورددا باوە، واتە کەسی وەحشی دڕندە پیشە و مرۆڤخۆر و مرۆڤکوژە، بەڵکو بە واتای کەسێکە کە دوور لە ژیانی کۆمەڵایەتی و لە شاخ و جەنگەڵەکاندا دەژی- وەرگێڕی کوردی] دوورلە کۆمەڵگە خاوەنی شتێک بێت. ئەم خاوەنێتییە پەیوەندییەکی حقوقی نییە. وتنی ئەوە کە خاوەنبوون لەڕوانگەی مێژووییەوە لە پێشەوە بووە و خێزانیش لەوەوە سەریهەڵداوە، ڕاست نییە، چونکە دیاریدەی خاوەنبوون خۆی پێش لەبوونی ئەم "چەمکە حقوقیە کۆنکرێتر"[ واتە خێزان]ەوەیە. لە هەموو حاڵێکدا، یەک خاڵ ڕوونەو ئەمیش ئەوەکە چەمکە ئاسانەکان، پیشاندەری ئەو پەیوەندییانەن کە هێشتا گەشەکردنی لاوازتر و ناتەواوتری توخمی کۆنکرێت تیایاندا نەگۆڕاوە بۆ سەرهەڵدانی ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزترانە کە دەربڕینی ئەقڵی خۆی لە چەمکێکی کۆنکرێتردا دەدۆزیتەوە؛ ئەم جۆرە چەمکانە، کاتێک کە [واقع]ی کۆنکرێت گەشەکردنێکی مێژوویی زیاتر بەخۆیەوە  دەبینێت، لەوانەیە وەک چەمکە لاوەکییەکان بمێنێتەوە. ئەشێت پارە لەڕووی مێژووییەوە پێش لە سەرمایە، بوونی بانک، سیستەمی کرێگرتەیی و شتی ترەوە بوونی بوونی هەبووبێت و بەکردەوەش هەروا بووە. لەم بارەیەوە دەتوانێت بگوترێت کە چەمکی ساکارتر هەم ئەشێ کە پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی گشتییەتێکی هێشتا زۆر نەگۆڕاو و هەم بەیانکەری پەیوەندییە  لاوەکییەکانی گشتییەتێکی  تەواو گۆڕاو بێت. لە باری مێژووییەوە بەرلەوەی گشت[ کۆمەڵایەتی] گەشە بکات و بە ئاستی کۆنکرێتترین چەمکەکانی خۆی بگات، بوونیان هەیە. کەواتە میتۆدی هزری ڕەها، کە لە ساکارەوە بە ئاڵۆز دەگات، لەگەڵ ڕەوەندی مێژوویی خۆیدا گونجاوە.

لەلایەکی دیکەوە دەتوانرێ بگوترێت شێوە زۆر گەشەکردووەکان، بەڵام لە هەمانکاتدا لەڕووی مێژووییەوە دواکەوتووانەتری کۆمەڵگە، وەک وڵاتی پیرۆ بوونیان هەیە کە دەتوانرێت تیایاندا باڵاترین چەمکە ئابورییەکان، وەک هەرەوەزی، کاردابەشکردنی پێشکەوتووانە و هیتر ببینرێت، بە بێ ئەوەی کە تەنانەت کەمترین نیشانەیان لە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی پارەییان پێوە دیاربێت. لە ناو کۆمەڵە گوندییەکانی سڵاڤدا پارەو گۆڕینەوە کە ڕۆڵێکی دیاریکەری لە سەر[ چەرخانی] پارە هەیە، لەسەر تاک بە تاکی هەرەوەزییەکان[ یان گوندەکان] ڕۆڵێک یان هچ ڕۆڵێک نییە و تەنها لە سنووری هەرەوەزییەکان[ یان گوندەکان]، لە ئاڵوێریان لەگەڵ کۆمەڵەکان یان گوندەکانی دیکەدا ڕۆڵێک دەبینێت. ئەو بۆچوونە کە گۆڕینەوە وەک توخمی بنیاتنان لە ناوەندی گوندە هەرەوەزییە سەرەتاییەکاندا دادەنێت، تەواو هەڵەیە، چونکە گۆڕینەوە لە بنەڕەتەوە زیاتر لە پەیوەند بە گوندە  هەرەوەزییە جۆراوجۆرەکاندا سەریهەڵداوە، نەک لە پەیوەند بە ئەندامانی جۆراوجۆری پێکهێنەری گوندێکی  هەرەوەزی یەکپارچە لەگەڵ یەکتریدا؛جگە لەوە، هەرچەندە کە پارە لەڕۆژگاری کۆن و لەهەمووجێگایەکدا ڕۆڵی بینیوە، بەڵام لەسەردەمی کۆندا تەنها لە نێوان میللەتە یەک پیشەکان، واتە بازرگان پیشەکاندا، وەک توخمی زاڵ دەرکەوتووە. تەنانەت لە پێشکەوتووترین بەشەکانی دنیای کۆن، واتە لە نێوان یۆنانییەکان و ڕۆمەکاندا، گەشەکردنی تەواوەتی  پارە، کە پێشمەرجی کۆمەڵگەی بۆرژوایی نوێیە، تەنها کاتێک ئاشکرابوو کە ئیتر ئەو کۆمەڵگەیانە لە حاڵی هەڵوەشانەوەدا بوون. کەوایە ئەم چەمکە زۆر ئاسانە، بە تووندو تیژی خۆیەوە، تەنها لەگەشەکردووترین بارودۆخی کۆمەڵایەتیدا دەردەکەوێت، لە کاتێکدا پێش لەو، هەرچەندە لەباری مێژووییەوە هەبوو، بەڵام هەرگیز هەموو پەیوەندییە ئابورییەکانی نەدەگرتەوە. بۆ نموونە لە لوتکەی گەشەکردنی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمادا بناغەی باجدان و گومرک [ فیوداڵی یان دیوەخانی] کاڵایی بوو، نەک دراوی. سیستەمی دراو[پارە و.ک]یی بەشێوەیەکی گشتی تەنها لە ناو سوپادا گەشەیکرد و هیچ کاتێک سنورەکانی کاری نەدەگرتەوە. کەواتە ئەکرێت ئاسانترین [فۆرم]ی چەمک لەڕووی مێژووییەوە پێش لە دیاریکراوترین [فۆرم]ی ئەو بوونی هەبووبێت. بەڵام [ چەمکەکە عادەتەن] لە قاڵبی تەواو گەشەکردووی خۆی ( لەڕووی قوڵی و فراوانی) خۆیەوە دەتوانێت پەیوەست بێت بە شێوەیەکی چڕتری کۆمەڵگەوە. هەرچەندە کە [دەبینین] لە کۆمەڵگەیەکی زۆر گەشە نەکردوویشدا گەشەی زیاتری هەیە.

کار وەک چەمکێکی زۆر  ئاسان دێتە پێش چاو. بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەو درێژکردنەوەیەک، هزری کاریش بەشێوەیەکی گشتی زۆر کۆنە. لەگەڵ ئەمەشدا "کار" لەڕووی ئابورییەوە، بەهەموو ئاسانییەکی خۆیەوە، چەمکێکی نوێیە، هەربەجۆرەی کە پەیوەندییە پێکهێنەرەکانی ئەم  تجریدە ئاسانەش، چەمکە نوێێەکانن. بۆنموونە سیستەمی دراویی هێشتا سەروەت بەشێوەیەکی تەواو ماددی وەک شتێکی دەرەکی لەناوەوەی پارەدا دەبینێت. لە بەراوردکردنی ئەم ڕوانگەیەدا،  دەبێت سیستەمی بازرگانی یان مانیفاکتۆری بە هەنگاوێکی گەورە بۆ پێشەوە بزانرێت، چونکە ئەم سیستەمە سەرچاوەی سەروەت نەک لە خودی شتدا، بەڵکو لە چالاکی مرۆیی- واتەچالاکی بازرگانی و مانیفاکتۆری- دا دەبینێتەوە، ئەگەرچی ئەم چالاکیەشی بە بیرتەسکانە دەزانی بۆ پارە پەیداکردن. بەپێچەوانەی ئەم سیستەمەوە، سیستەمی فیزیۆکراتەکان جۆرێکی تایبەتی لە کاری -کشتوکاڵی- بە  خوڵقێنەری سەروەت دەزانی و بڕوای وابوو کە شت [واتە بەرهەم] تەنها ئامڕازێک نییە بۆ پارە پەیداکردن، بەڵکو ئەنجامی کارە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، بەهۆی سیفەتی سنوورداری چالاکی [بەرهەمهێنانەوە] لەم قۆناغەدا،[واتا]ی بەرهەم [ واتە بەرهەمی کار]، هێشتا حاڵەتێکی سروشتی هەبوو، هەمیشە وەک بەرهەمی کشتوکاڵی، بەرهەمی باڵای  زەوی بیری لێدەکرایەوە.

کاتێک بەرەو پێشچوونی گەورە [لەم بوارەدا] ڕوویدا کە ئادەم سمیث بە وەلانانی شێوە تایبەتەکانی چالاکی پێکهێنەری سەروەت، واتە مانیفاکتۆری، کشتوکاڵی، یان بازرگانی، بەبێ هیچ جیاوازییەک سەرنجیدایە سەر کار وەک چەمکێکی گشتی، بەمەش هەنگاوێکی گرنگی بۆ پێشەوە هەڵگرت.    

بەم تێڕوانینە گشتییەوە بۆ چالاکی خوڵقێنەرانەی سەروەت، ئێمە ئیترلەگەڵ تێڕوانینێکی گشتیدا بۆشت[ واتە تێڕوانینی گشتی] بۆ [ بەرهەمی کار]، واتە کار بەشێوەیەکی گشتی، هەرچەندە وەک کاری ڕابردوویش بێت، کاری بەرجەستەی پێشتردا بەرەوڕووین. دژواری و مەزنی ئەم بەرەوپێشەوەچوونە[ لەوڕۆژگارەدا]، لێرەدا دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت کە تەنانەت خودی ئادەم سمیثیش لە [ڕوانگەی خۆی لایدا] و دەکەوێتە ناو سیستەمی فیزیۆکراتییەوە. ئێستا،[لە ڕوانگەی هەنوکەوە]، لەڕاستیدا ئەمە شتێک نەبوو، جگە لە دۆزینەوەی بەیانی تەجریدی ئاسانترین و کۆنترین پەیوەندی بەرهەمهێنانی مرۆڤ، کە لە هەموو شێوەکانی کۆمەڵگەدا متمانە پێکراوە. [ بەڵام خودی ئەم دۆزینەوەیەش] لەیەک ڕووەوە ڕاستە و لەڕوویەکی دیکەوە ناڕاستە، چونکە ئەم بێ موبالاتییە بەرامبەر بە هەموو شێوەکانی کار پابەندی ئەوەیە کە کۆمەڵێکی زۆر گەشەکردووتر لەشێوەکانی کار بوونی هەبێت کە ناتوانرێت هیچ یەکێکیان بەسەر ئەویتریاندا زاڵ بکرێت. واتە ئەمە کە لەبنەرەتەوە گشتیترین [چەمکە] ئەبستراکەکان تەنها کاتێک توانای دەرککردنیان هەیە کە دەوڵەمەندترین شێوەی تایبەتی گەشەکردن[ لەواقعدا] ئەنجامدرابێت و تەنها لەکاتی ئەمەی دواییاندایە کە هەمووان تێڕوانینێکی هاوبەشیان لە توخمێکی گشتی دەبێت کە ئیتر بەشێوەیەکی تایبەت لەبەرچاو ناگیرێت. لەلایەکی دیکەوە تێڕوانینی ئەبستراک(مجرد)ی کار تەنها ئەنجامیکی زەینی کۆنکرێت نییە لە گشت کارەکان. بێ مبالاتی بەرامبەر بە جۆرەکانی تایبەتی کار، پەیوەستە بەشێوەیەکی تایبەتی کۆمەڵگەوە کە تاکەکان دەتوانن لە کارێکەوە بچن بۆ کارێکی دیکە و جۆرێکی تایبەتی کار بۆ ئەوان گرنگییەکی نییە، واتە کەڵکی متمانە پێکردنی نییە. لە ئەوها کۆمەڵگەیەکدا نەک تەنها چەمکی کار، بەڵکو کاری ڕاستیش لە حوکمی بەرجستەکردنەوەی پێکهێنانی سەروەتدایە بە شێوەیەکی گشتی و پەیوەندی ئۆرگانیکی خۆی لەگەڵ تاکەکاندا بە هەموو شێوەیەک لەدەستداوە. لە ئەوها دۆخێکدا ئەمە لە پێشکەوتووترین نوێترین شێوەی کۆمەڵگەی بۆرژوایی ئەمریکادا بوونی هەیە.  تەنها لێرەدایە کە چەمکی ئەبستراکی"کار"، " کار بە شێوەیەکی گشتی"، کاری بە ناو بێ ڕوونکردنەوەو درێژدادڕی، لە کردەوەدا دەبێتە ڕاستی.  واتە ساکارترین چەمکی ئەبستراک کە ئابوریی سیاسیی نوێ دەیخاتە سەرەوەی باسەکانی خۆیەوەو ئەمەش پیشاندەری پەیوەندییە کۆنە زۆر متمانە پێکراوەکانن لە هەموو شێوەکانی کۆمەڵگەدا، کە ڕاستی پراکتیکی خۆی وەک چەمکێکی ئەبستراک  بە تەنها وەک چەمکی ئابوریی لە نوێترین [شێوەی] کۆمەڵگەدا بەدەستدەهێنێت. لەوانەیە خەیاڵ بکرێت کە ئەم جۆرە بێ متمانەییە بەرامبەر بە هەموو شێوە تایبەتەکانی کار، کە بەرهەمێکی مێژووییە لە ئەمریکادا لە ناو ڕوسەکاندا بۆ نموونە وەک مەیلیکی خۆبەخۆیی دەربکەوێت. بەڵام دەبێت[ سەرنج بدرێت] کە لە نێوان ئەو بەربەرانەی کە ئامادەی هەر ڕەنج و عەزابێکن، لەگەڵ ئەو خەڵکە شارستانیانەدا کە خۆیان لەگەڵ [ ڕەوشی تەکنیکی] هەرکارێکدا دەگونجێنن، جیاواییەکەیان ئاسمان و ڕێسمانە. سەرەڕای بێ متمانەیی ڕوسەکان بەرامبەر بە تایبەتمەندی کار، پیشانیدەدات کە ڕوسەکان هەروا بە شێوە نەریتییەکەی بەرەو جۆرێکی دیاریکراو لە کار ڕاکێشراون کە وەک دەردەکەوێت تەنها هاتنەناوەی فاکتەری دەرەکی دەتوانێت ئەم مەیلەی ئەوان لاواز بکات.

ئەم نموونەیە لە بارەی کارەوە بە شێوەیەکی بەهێز پیشانی دەدات کە تەجریدیترین چەمکەکان، سەرەڕای متمانە پێکردنی گشتیان لە هەموو قۆناغەکانی[ مێژوو] دا، کە خۆی ئەنجامی تەجریدی بوونی ئەوانەیە بەهەر ڕادەیەک کە تەجریدی بن، دیسان ئەنجامی هەلومەرجی مێژوویین و تەنها لە ناو هەلومەرجی مێژوویی خۆیاندا متمانەی تەواوەتیان بەدەستهێناوە.

کۆمەڵگەی بۆرژوایی گەشەکردووترین و ئاڵۆزترین ڕێکخراوی مێژوویی  بەرهەمهێنانە. ئەو چەمکانەی کە دەربڕی جۆری پەیوەندییەکان وگشتیەتی پێکهاتەی ئەم کۆمەڵگەیەن، توانای دەرککردنی پێکهاتە و پەیوەندییەکانی هەموو فۆرماسیۆنە کۆمەڵایەتییەکانی ڕابردوو، کە کۆمەڵگەی بۆرژوازی لەسەر کەرەسەتە بەجێماوەکانی ئەوانەوە، بنیاتنراوە، بە ئێمە دەدات و دەیسەلمێنێت کە بەشێک لە پاشماوەکانی ئەو فۆرماسیۆنە کۆمەڵایەتییانەی کە هێشتا سەردەمی مێژووییان بەسەر نەچووە، لە ناو کۆمەڵگەی بۆرژوازیدا درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن، لە حاڵێکدا بەشێک لە پۆتێنشڵ(هێز- وزە- وک)ەکانی توانیویانە واتای ڕوونی خۆیان لە ناو کۆمەڵگەی بۆرژوازیدا بدۆزنەوە. ئەناتۆم (تشریح)ی جەستەی مرۆڤ کلیلێکە بۆ ئەناتۆمی جەستەی مەیمون.  تایبەتمەندییەکانی پۆتێنشڵی بەرزتر لە نێوان ئاژەڵە نزمترەکاندا، تەنها پاش لە ناسینی مێژوویی گۆڕانکاری بەرزتر دەتوانرێت تێیبگەیت. بەم پێیە ئابوریی بۆرژواییش کلیلی ئابوریی کۆن و هیترە. بەڵام نەک بە میتۆدی ئەو ئابوریزانانەی کە جیاوازییە مێژووییەکان لەبەرچاو ناگرن و لە هەموو شێوەکانی کۆمەڵگەدا بەدوای پەیوەندییەکانی بۆرژواییدا دەگەڕێن. کەسێک کە لە موڵکانە[ زەوی بەکرێدان- وک]  تێبگات لە واتای باج و یەک لەدەیش[tribute-tithe] تێدەگات، بەڵام نابێت ئەوانە وەکو یەک ببینێت. جگە لەمەش، لەو شوێنەوە کە کۆمەڵگەی بۆرژوایی خۆی تەنها  یەک فۆرمی ناکۆکی ئامێزی گەشەکردنی کۆمەڵایەتییە، پەیوەندییە هەڵقوڵاوەکان لە شێوەکانی پێشوودا تەنها بەشێوەی هەڵوەشاوە، یان لەبەرگێکی دیکە، زیاتر دەتوانرێت تێیدا بدۆزرێتەوە، وەک خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی. بە کورتی، چەمکە ئابورییە بۆرژواییەکان بۆ هەموو  فۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش ڕاستە، بەڵام بە خۆپارێزییەوە. چەمکە ئابورییە بۆرژواییەکان لەوانەیە هێشتا شێوە هەڵوەشاوە و گۆڕاوەکانی پێشووی تێدا مابێتەوە، بەڵام جیاوازییەکی بنەڕەتییان لەگەڵ ئەواندا هەیە. گەشەکردنی مێژوویی بەم واتایەیە کە دوایین فۆرمی کۆمەڵگە، فۆرمی کۆتایی کۆمەڵگەکانی ڕابردووە کە هەموویان قۆناغەکانی بەرایی ئەو بوون. [ لەبەر ئەم هۆیەش] کۆمەڵگەکانی ڕابردوو هەمیشە[ بەیەک واتا]  بە کۆمەڵگە سنوردارەکان دەژمێردرێن. کۆمەڵگەکان، [ لە سەردەمی خۆیاندا] توانای ڕەخنەی ڕەخنەگرانەیان لە خۆیان نییە، جگە لە هەلومەرجە زۆر تایبەتەکان( بە چاوپۆشین لە سەردەمە مێژووییە دیاریکراوەکان کە خۆیان وەک سەردەمەکانی داڕمان پیشاندەدەن). مەسیحیەت  تەنها کاتێک توانی کۆمەک بە دەرکی ئەقڵانی  ئەفسانەکانی پێشوو بکات کە لە هەندێک ڕووەوە توانایی هێزی ڕەخنەگری لەخۆی بە پلەیەکی دیاریکراو گەیشتبوو. بە هەمانشێوە  ئابوریی بۆرژواییش تەنها کاتێک توانی بگاتە ئاستی دەرککردنی ئابورییەکانی پێش لەخۆی، بە شێوەیەکی گشتی دەرەبەگایەتی، کۆیلایەتی، یان ڕۆژهەڵاتی کە پرۆسەی ڕەخنەگری لە خۆی دەستپێکرد بوو. ڕەخنەی ئابوریی بۆرژوایی لە ئابورییەکانی پێش لەخۆی، بەگشتیش دەرەبەگایەتی، کە هێشتا ڕاستەوخۆ لە دژی ئەو لە خەباتدا بوو، بەم هۆیەشەوە لە ڕەخنەی  مەسیحیەت لە بوتپەرستی، پرۆتستانیزم لە کاثۆلیکیزم دەچوو کە [ ئەنجامگیری بۆرژوازی لە چەمکە ئابورییەکان] تەنها هەوڵێکی ئاسان و بێفەڕ نەبوو بۆ جێگیرکردنی ناسنامەی خۆی  لەڕابردووە دوورەکان لە ڕێگای ئەفسانەکانەوە.

لە بواری پێکهاتەی چەمکە ئابورییەکان لە زانستە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانیشدا دەبێت ئەوە فەرامۆش نەکرێت کە بابەت- واتە کۆمەڵگەی نوێی بۆرژوایی- لەم زانستانەدا، هەم لە  مێشکدا بوونی هەیە و هەم لە واقعدا. لەم ڕووەوە چەمکە جێگا باسەکان پیشاندەری شێوەکانی بوون و زیاتریش لایەنە تایبەتەکانی هەمان کۆمەڵگەی دیاریکراو، یان هەمان بابەتن، واتە بوونی ئەم کۆمەڵگەیە، لەڕووی زانستییەوە لەپێش چرکەساتێکەوەیە کە ئێمە دەست بە باسکردنی ئەو وەک کۆمەڵگە دەکەین. ئەم  بابەتە [ بەشێوەیەکی گشتی] لەبارەی زانستیشەوە ڕاستە.  دەبێت ئەم بنەمایە لە یاد نەکرێت، چونکە لەبواری ڕێچکەگرتن و ڕێکخستی چەمکەکانەوە زۆر بە سوود دەبێت. بۆ نموونە، بەوشێوەیە نایەتە پێش چاوان کە بۆ دەستپێکردنی کار هیچ شتێک لەوە ئاساییتر بێت کە بچیتە سەر موڵکانە و موڵکداری زەوی، چونکە ئەم دوو چەمکە لەگەڵ زەوی، ئەم سەرچاوەیەی هەموو بەرهەمەکان و هەموو بوونەکان و هەروەها یەکەمین شێوەی بەرهەمهێنان، تەقریبەن لە هەموو کۆمەڵگە جێگیرەکان- واتە ئەوانەی بەکاری کشتوکاڵییەوە خەریکن- لە پەیوەندیدان. بەڵام هیچ شتێک لەمە هەڵەتر نییە. لەهەموو فۆرمەکانی کۆمەڵگەدا جۆرێکی تایبەتی بەرهەمهێنان زاڵە بەسەر شێوەکانی دیکەدا و پەیوەندییەکانی ئەو جۆرە تایبەتەش کاریگەری لەسەر  گشت پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان هەیە. ئینجا دەگەینە بوارێکی گشتی کە هەموو ڕەنگەکان تێیدا مەلە دەکەن و لەوەوە سەرچاوە دەگرن. بە واتایەکی دیکە، هەر شیناییەکی ئاسمان دیاریکەری کێشی هەموو بوونە تایبەتەکانە کە لەودا بەرجەستە بوونەتەوە. بۆنموونە، خەڵکە کۆچەرییەکان ( ڕاوچییەکان و ماسیگرەکان  دەکەونە ئەم سەری خاڵیکەوە کە گۆڕانکاری واقعی لە هەمان خاڵەوە دەستپێدەکات) لەبەرچاوبگرین. لە ناو خەڵکە کۆچەرییەکاندا هەندێک شێوەی کشتوکاڵی بەشێوەی پەرژوبڵاو بەرچاو دەکەن و خاوەندارێتی زەوی [ کە هەرەوەزییە] دیاریدەکەن. خاوندارێتی زەوی لە نێوان خەڵکە کۆچەرییەکاندا، بەپێی ئاستی ئارەزومەندی ئەم خەڵکە بەتەمەنەکەی خۆیەوە کەم تا زۆر دەپارێزرێت. نمونەیەکی ئەوە خاوەندارێتی بەکۆمەڵی سڵاڤەکانە. لەناو ئەو خەڵکەدا کە- وەک سەردەمی کۆن و سیستەمی دەرەبەگایەتی- جێگیر و نیشتەجێن، کە ئەمەش نیشانەی پێشکەوتنێکی گەورەیە، دەست بە کاری کشتوکاڵی دەکەن. تەنانەت پیشەسازی، بە ڕێکخراوو شێوەکانی خاوەندارێتییەکەیەوە، کەم تازۆر لەژێر کاریگەری  موڵکداری زەویدایە، بەم مانایە کە یان بە تەواوەتی پابەندە بەوەوە، بەو شێوەیەی کە لە ڕۆمای کۆندا باوبوو، یان پەیڕەوی لەهەمان پەیوەندییەکان و ڕێکخراوی زەوی و زاری لادێ لە ناوخۆی شارەدا دەکات. تەنانەت خودی سەرمایە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، ئەوکاتەی کە لایەنی سەرمایەی پارەیی ڕووتی نییە و لە شێوەی ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی تەقلیدی پیشەوەریدایە، بە تەوای لەژێر کاریگەری تایبەتمەندی خاوەندارێتی زەویدایە. لەکۆمەڵگەی بۆرژوازیدا ڕێک بە پێچەوانەی ئەمەوەیە؛ کشتوکاڵ زیاتر و زیاتر بە شێوەی لقێکی ساکاری  پیشەسازی دەردەکەوێت و بە گشتی لەژێر کاریگەری دەسەڵاتی سەرمایەدایە. هەربەو جۆرەی کە موڵکانە، لە هەموو فۆرمە کۆمەڵایەتییەکانیدا، کە لەژێر دەسەڵاتی خاوەنداریتی زەویدایە، هێشتا پەیوەندی سروشتی  بەسەریدا زاڵە،[ لەحاڵێکدا] لە شێوەکانی ژێر دەسەڵاتی سەرمایەدا، زاڵبوون بەسەر توخمە کۆمەڵایەتییە پێکهاتووەکاندا لە ڕەوتی مێژووییدایە. موڵکانە بەبێ سەرمایە مانایەکی نییە، لە حاڵێکدا دەتوانرێت سەرمایە بە بێ گەڕانەوە بۆ سەر موڵکانە درک بکرێت. سەرمایە هێزی گشتگیری کۆمەڵگەی بۆرژوازییە. سەرمایە هەم خاڵی دەستپێکردن و هەم خاڵی کۆتاییە و دەبێت پێش لە موڵکداری زەوییەوە لێیبکۆڵرێتەوە. پاش لە خوێندنەوەی جیاوازی ئەم دووانەیە کە دەتوانرێت لە پەیوەندی دوولایەنەیان بکۆڵرێتەوە.

کەواتە لێکۆڵینەوەی زنجیرەیی چەمکە ئابورییەکان لەسەر بنەمای کاریگەری مێژووییان کارێکی  ڕاست نییە. ڕاستییەکەی ئەمەیە کە بە دواهاتنی ئەوانە لەسەر بناغەی پەیوەندییەکانیان لە کۆمەڵگەی بۆرژوایی نوێدا لەبەرچاو بگیرێت و ئەمە ڕێک بە پێچەوانەی ئەوشتەوەیە کە لە سیستەمی سروشتی ئەوان، یان  لەگۆڕانە مێژووییەکەیانەوە دێتە دەرەوە. مەبەستی ئێمە لێکۆڵینەوەی پەیوەندییە میژووییەکانی بارودۆخی ئابوریی بەدوایەکداهاتنی شێوە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، یاخود ڕیزبەستنی ئایدیاڵ[ واتە لۆجیک] ی بەدوایەکدا هاتنی ئەوان نییە، بەوشێوەیەی پرۆدۆن لە  خەیاڵی ناڕۆشن و شێواوەکەیەوە بۆ جوڵانەوەی مێژوویی بیری لێدەکاتەوە، بەڵکو مەبەست لیكۆڵینەوەی سیستەم و پەیوەندییەکانیانە لە ناو کۆمەڵگەی بۆرژوازیدا.

لە دنیای کۆندا قەومە بازرگان پیشەکان- وەک فینقییەکان و خەڵکی قرطاجنە- لە موخلیسی تەواوەتیانەوە[ وەک قەومە بازرگانی پیشەکان] گەشە دەکەن کە دەوروبەرەکەیان بە قەومە کشتوکاڵییەکان داپۆشراوە. ئەم حاڵەتی موخلیسی و تەجریدیەی سەرمایەی بازرگانی یان پارەیی ڕێک لەبەرئەوەیە کە هێشتا سەرمایە توخمی زاڵی ئەو کۆمەڵگانە نییە. لۆمبارد[Lombard]ەکان و جولەکەکانیش لەبەرامبەر کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا لە بارێکی لەو جۆردەدان.

نموونەیەکی دیکە لە حاڵەتە جیاوازەکانی تەنیا چەمکێک لە قۆناغە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکاندا: یەکیک لە دوایین فۆرمەکانی [ ڕێکخراوی بەرهەمهێنان] لە کۆمەڵگەی بۆرژوازیدا کۆمپانیا پشکییەکان [joint-stock companies ] ە، بەڵام نموونەکانی ئەم چەمکە لە سەرەتای [پەیدابوونی بۆرژوازی] یشدا دەتوانرێت لە کۆمپانیا بازرگانییە گەورەکان، کە لە ئیمتیازات و مۆنۆپۆڵکردن بەهرەمەند بوون، ببینرێت.

واتای دیاریکراوی  سامانی نیشتمانی کە لە کارەکانی ئابوریزانانی سەدەی حەڤدەهەمەوە دەستیپێکردووە- وە تاڕادەیەک لە کارەکانی ئابوریزانانی سەدەی  هەژدەهەم یشدا بەردەوام بووە- قسە لەوە دەکات کە سەروەت تەنها بۆ ئەوە بەدی دێت کە لەدەستی دەوڵەتدا بێت و بەهێزبوونی  دەوڵەتیش پابەندی ڕێژەی ئەم سەروەتەیە. هەمان فکری ڕووکەشانەی ناهوشیارانە دەتوانرێت لە سەردەمی نوێیشدا ببینرێت و ئەمەش کە دەڵێن ئامانجی دەوڵەتە نوێیەکان سەروەتە و دەوڵەتیش شتێک نییە جگە لە ئامڕازی بەرهەمهێنانی سەروەت.

کەواتە مەبەستەکە ڕوونە :(١) [لیکۆڵینەوە] لە چەمکە گشتییە ئەبستراکەکان، کە کەم تا زۆر لە هەموو فۆرمەکانی کۆمەڵگەدا، بەڵام بەو واتایەی کە لەسەرەوە ڕوونکرایەوە، متمانە پێکراون. (٢) [ لێکۆڵینەوە] لەو چەمکانەی کە پیشاندەری پێکهاتەی کۆمەڵگەی بۆرژوایین و چینە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان لەسەری ڕاوەستاون. لێکۆڵینەوە لە سەرمایە، کاری کرێگرتە، خاوەندارێتی زەوی، پەیوەندی بەرامبەرکێ ئەمانە، گوند و شار. سێ چینی گەورەی کۆمەڵایەتی. ئاڵووێری نێوانیان. چەرخانی[  پارە وکاڵا] . سیستەمی کرێدتی(تایبەتی). (٣) [لێکۆڵینەوەی]  چڕبوونەوەی پەیوەندییەکانی بۆرژوازی لە قاڵبی دەوڵەتدا. لەوانەش تێڕامان لەچەمکی دەوڵەت لە خودی خۆیدا. چینە " نابەرهەمهێنەکان" باجەکان. قەرزە دەوڵەتییەکان. کرێدتە گشتییەکان. دانیشتوان. مستعمرەکان. کۆچکردن. (٤) [ لێکۆڵینەوەی] پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنان. کاردابەشکردنی نێودەوڵەتی. هاوردەکردن و هانەردەکردن. ڕێژەی دراو. (٥) بازاڕی جیهانی و قەیرانەکان.  

لینکی دەقە ئینگلیزییەکەی ئەم وەرگێڕانە:

http://www.marxists.org/archive/marx/works/1857/grundrisse/ch01.htm#3