Title |
دیکتاتۆرەکان دەمرن ! ..وته بهناو بانگهی چارڵی چاپڵن له فیلمی دیکتاتۆری گهورهدا
9/3/2011 12:00:00 AM چارڵی چاپڵین:داوای لێبوردن دەکەم، نامەوێت ببم بە ئیمپراتۆر، چونکە ئیمپراتۆربوون کاروپیشەی من نییە. من نامەوێت فەرمان بەهیچ کەسێک بدەم، یان شوێنێک داگیر بکەم . من حەزدەکەم یارمەتی هەمووان بدەم، بە یەهودی، بە بێدین، بە ڕەش وبهسپی و بەگشتی بەهەمووان کۆمەک بکەم . ئێمە هەموومان دەمانەوێت یارمەتی یەکتری بدەین . سروشتی توخمی مرۆڤ ئەوهایە که هەموومان دەمانەوێت لە خۆشی و شادی یەکتردا بەشدارببین، نەک لەڕەنج و بەدبەختییەکانی یەکتریدا . ئێمە نامانەوێت ڕق و کینە لەیەکتری هەڵبگرین و سوکایەتی بەیەکتر بکەین . لەم جیهانەدا ژورێک بۆ هەمووان پەیدا دەبێت کەپێکەوە تیایدا بژین، زەویش زۆر دەوڵەمەندە و ژیانیش دەتوانێت ئازاد و جوان بێت، بەڵام ئێمە ڕێگاکەیمان ونکردووە . ڕق و کینە گیانی مرۆڤی ژەهراویکردووە و دنیای لێواو لێوکردووە لە بێزاری و ئێمەی نوقمی خوێن و بەدبەختی کردووە . ئێمەخێراییمان بردۆتەسەرەوە، بەڵام خۆمان سست و زیندانی کردووە . ئامێرەکان بە بەرهەمێنانی زۆرترین بەرهەمەکان، ئێمەیان هەژارتر کردووە . زانست ئێمەی بەدگومانکردووە و هۆشمان ئاڵۆزو نا میهرەبان بووە. ئێمە کەم بیردەکەینەوە و زۆر بێ هەستین . زیاد لە ئامێرەکان، ئێمە پێویستمان بە مرۆڤایەتی هەیە . زیاد لە هۆش، پێویستمان بە میهرەبانی و نەرمی هەیە لەگەڵ یەکتریدا . بەبێ ئەم چلۆنایەتیانە، ژیان پڕدەبێت لە توندو تیژی وهەموو شتێک لە دەست دەردەچێت . فڕۆکەو ڕادیۆ ، ئێمەیان لێکنزیک کردۆتەوە. سروشتی ئەم داهێنانانە بۆ باشترکردنی ژیانی مرۆڤ هاوار دەکەن، برایەتی جیهانی بۆ سەربەستی هەموومان هاوار دەکات . تەنانەت ئیستا دەنگی من بەگوێی میلۆنەها کەس لەجیهاندا دەگات. ملیۆنەها پیاو، ژن و منداڵی بێهیوا، قوربانییەکانی سیستەمێکن، سیستەمێک کە دەبێتە هۆی ئەوە مرۆڤ ئازار بدات و خەڵکی بێتاوان لە بەندیخانەدا تووند بکات . بەو کەسانەی کە دەنگی من دەبیستن دەڵێم " بێ هیوامەبن " . ژانێک کە ئێستا لە ناوگیان و جەستەی ئێمەدا هاتوچۆ دەکات، ژانێکی کاتی و گوزەرەو ئەنجامی کینەی مرۆییە، تاڵییەکی مرۆییە کە پێشکەوتنی مرۆڤایهتی، کۆتایی بەو دەهێنێت . بێزاری مرۆڤ گوزەرەو دیکتاتۆرەکان دەمرن، ئەو دەسەڵاتەی کە لەخەڵکیان زەوت کردووە، دەگەڕێتەوە بۆ خەڵکی و تا کاتێکیش مروڤەکان زیندوون، ئازادیش به زیندوویی دهمێنێتهوه. سەربازان : خۆتان مەدەن بەدەستی ملهوڕەکانەوە، واتە ئەوکەسانەی کە سوکایەتیتان پێدەکەن و به کۆیلهتان دهکهن. کەسانێک کە ژیانی ئێوە کۆنترۆڵ دەکەن، پێتان دەڵێن کە چ کارێک بکەن، چی بخۆنەوە، چۆن بیربکەنەوە و چ هەستێکتان هەبێت. کەسانێک کە مەشقتان پێدەکەن و شێوەی خواردنتان بۆ دیاری دەکەن، وەک گا لەگەڵتاندا ڕەفتار دەکەن و وەک گولهی تۆپهکان کەڵکتان لێوەردەگرن . خۆتان مەدەنە دەست کەسانێکی ناسروشتی و نانۆرماڵ . پیاوانی ئامێر، دڵیان ئامێرە ! .. ئێوە ئامێر نین!.. ئێوە گا نین و ئێوه مرۆڤن!. ئێوە ئەوینی مرۆییتان لە دڵدایە . ئێوە تۆوی کینە ناچێنن، تەنها ئەوکەسانەی کە ئەوینیان نییە، ئەوانە کینەیان لەدڵدایە، مرۆڤی بێئەوین و نائاسایین . سەربازان : تێمەکۆشن بۆ کۆیلایەتی !.. بۆ ئازادی بجەنگن !.. لە بەندی هەڤدەهەمی سهنت لۆکدا نووسراوە " دەسەڵاتی مرۆڤ لەنێو مرۆڤەکاندایە " ، نەک یەک مرۆڤ و نەک گروپێک لەمرۆڤەکان، بەڵکو لە ناو هەموو مرۆڤەکاندایه، لە ناو ئێوەدایه، ئێوە خەڵکێکن کە دەسەڵاتتان هەیە، هێزێک کە ئامێر دروستدەکات، هێزێک کە خۆشی و شادی بەدیبهێنێت . ئێوە خەڵکێکن کە دهتوانن ژیان ئازاد و جوان بکەن . تواناتان هەیە کە ئەم ژیانە پڕ لە ڕووداو بکەن . دواتر بە ناوی دیموکراتییەتەوە پێتان دەڵێن، ڕێگا بدەن لەو هێز و تواناییەی کەهەتانە کەڵک وەربگرین و یەکگرتووبین . پێکەوە خەبات بۆ دنیایەکی نوێ بکەین، دنیایەک کە ڕێگای پێکهوهژیانی ئاشتی بۆهەموو مرۆڤەکان دەکاتەوە و بە ئێوەیش ئاسایش و تەمەن درێژی دەبهخشێت. بە بەڵێندانی ئەم شتانە، دوژمنانمان بەدەسەڵات دەگەن، بەڵام ئەوان درۆ دەکەن . ئەوان کار بە بەڵێنەکانیان ناکەن و هەرگیزیش نایکەن . دیکتاتۆرەکان خۆیان ڕزگار دەکەن، وەلێ خەڵک دەکەنە کۆیلەی خۆیان . ئێستا خەبات دەکەین بۆ گەیشتن بەو بەڵێنانە ! . خەبات دەکەین بۆ ئازادکردنی دنیا، بۆ لەناوبردنی ڕێگرییەکان، بۆ لەناوبردنی ڕق و کینە. خەبات دەکەین بۆ دنیایەکی مەنتقی، جیهانێک کە زانست و پێشکەوتن تیایدا دەبێتە هۆی شادمانی و بەختەوەری مرۆڤ . سەربازان : بە ناوی دیموکراتییەوە یەکگرتوو بین !. هانا دەنگی من دەبیستی ؟ لە هەرکوێیەک هەیت، سەرنج بدە هانا : هەورەکان دەجوڵێنەوە، خۆر دەدرەوشێتەوە . ئێمە لە تاریکییەوە بەرەو ڕۆشنایی دەڕۆین . ئێمە پێدەخەینە دنیایەکی نوێوە . دنیایەکی جوانترو میهرەبانتر، شوێنێک کە مرۆڤەکان لە سەرەوەی کینە و خۆ خۆری خۆیانەوەن . گوێبگرە هانا : باڵیان بە ڕۆحی مرۆڤ بەخشیوە و سەرئەنجام دەست به باڵەفڕە وبە فڕین دەکات .. بەرەو پەلکەزێڕینە، بەرەو تیشکی هیوا و بەرەو دواڕۆژ دەفڕێت . ئایندەی شکۆدار هی تۆ و من و هی هەموومانە . سەیرکە هانا ، سەیرکە . وەرگێڕانی: تاهیر ساڵح شەریف |